كاردینال ساكۆ: كۆتاى مه‌سیحییه‌كان رفێندراوه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

كاردینال لویس رفائیل ساكۆ پاتریاركى كه‌نیسه‌ى كه‌لدانى له‌ عێراق و جیهان له‌ دیمانه‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى ره‌خنه‌ى له‌ سیسته‌مى كۆتاى مه‌سیحیه‌كان گرت و گوتى، "كۆتا له‌لایه‌ن حزبه‌كانى تره‌وه‌ رفێندراوه‌ و نوێنه‌رایه‌تى پێكهاته‌ى مه‌سیحى ناكات".

شه‌وى رابردوو 24ى ئه‌یلوول لویس ساكۆ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى شه‌رقیه‌ كردووه‌ و تێیدا ره‌خنه‌ له‌ نوێنه‌رایه‌تى مه‌سیحییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌گرێت و پێیوایه‌ ئێستا له‌ عێراق كۆتا نوێنه‌رایه‌تییان ناكات.

ساكۆ وتى، "كۆتا رفێندراوه‌، نوێنه‌رایه‌تى پێكهاته‌ى مه‌سیحى ناكات، له‌لایه‌ن حزبه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ قوتدراوه‌، حزبه‌ گه‌وره‌كان پاڵپشتى كاندیدى پێكهاته‌ى مه‌سیحى ده‌كه‌ن و دواتر كه‌ ده‌رده‌چن ئه‌جنداى خۆیان به‌سه‌ریان ده‌سه‌پێنن".

پاتریاركى كه‌نیسه‌ى كه‌لدانى له‌ عێراق و جیهان پێیوایه‌، ئه‌وانه‌ى بانگه‌شه‌ى نوێنه‌رایه‌تى مه‌سیحى ده‌كه‌ن، به‌ دواى پۆست و سامان ده‌گه‌ڕێن و خزمه‌ت ناكه‌ن.

له‌ 2005 وه‌ سیسته‌مى كۆتا بۆ پێكهاته‌ كه‌مینه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرێت و نۆ كورسیان بۆ ته‌رخان كراوه‌، پێنجیان بۆ مه‌سیحیه‌كان و چوار كورسییه‌كه‌ى تریش به‌ سه‌ر چوار پێكهاته‌ى كوردى فه‌یلى و شه‌به‌ك و ئێزدى و سابیئه‌ دابه‌ش كراون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین