ئايا بايدن له‌ هەنگاوى داهاتووى لە سووريا ده‌كشێته‌وه‌؟ راپۆرت و شیکاری

نوچەنێت:

كريستۆڤەر فيليپس

كشانەوەى ئەمريكا لە ئەفغانستان، كوردە هاوپەیمانەکانى لە رۆژهەڵاتى سووريا تووشى دڵەڕاوكێ كردووە، ئەمەش وايكرد كۆشكى سپى بە پەلە هێزەكانى سوورياى ديموكرات (هەسەدە) دڵنيا بكاتەوە، كە رووداوى هاوشێوەى ئەفغانستان لە سووريا دووبارە نابێتەوە، بەڵام ئايا دەكرێت متمانە بەو بەڵێنەى جۆبايدن بكرێت؟

پێشتر ئيدارەى ترامپ دڵنيايى لەو جۆرەى داوە بە كوردەكان، بەڵام پێوەى پابەند نەبووە، لە (2019) لە ناكاو نيوەى هێزەكانى لە سووريا كشاندەوە، گڵۆپى سەوزى بۆ توركيا هەڵكرد.

لە مانگى ئابى ئەمساڵ واشنتن لەبەرانبەر چەندين هێرشى توركيا بێدەنگ بووە، چەندين شەڕكەرى هێزەكانى (هەسەدە) كوژران،  سەرەڕاى ئەوەش كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا لە ئەفغانستان  بووە كارى لە پێشينەى ئيدارەى بايدن، بەناوى"رزگاركردنى رۆحى ئەمەريكيیەكان"، لەسەر حيسابى هاوپەيمانەكانى، بە دڵنياييەوە ئەوەش بۆتە هۆى زيادبوونى ترس لاى هێزەكانى (هەسەدە) لەوەى ئەمريكا لەو نزيكانە پشتيان تێبكات. 

بەڵام تا چەند ئەگەر هەيە بايدن هێزەكانى ئەمريكا لە سووريا بكێشێتەوە، لە چوارچێوەى كشانەوەى هێزەكانيان لە ئەفغانستان و دروستكردنى هاوپەيمانى (ئۆكۆس) لەم دواييە، بايدن بەروونى ئاماژەى بە ململانێى زلهێزەكان كرد، بەتايبەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنى چين، كە لەسەر ئاستى سياسەتى دەرەوە، بۆتە كارى لە پێشينەى ئيدارەى بايدن، ئەمەش ئەوە دەگەينێت، واتا كۆتاييهێنانى تێوەگلان لە (جەنگە بێ كۆتاييەكان)، ياخود جەنگ لە دژى تيرۆر، كە سەرەتا لە ئەفغانستانەوە دەستى پێكرد، لەوانەشە لە داهاتوو لە سووريا كۆتايى پێبێت.

وەك دەردەكەوێت كشاندنەوەى هێزەكانى ئەمريكا لە ئەفغانستان لەلايەن بايدنەوە، ئاماژەيە بۆ قبوڵكردنى حكومى تاڵيبان، كە لەوانەيە جارێكى تر ئەفغانستان ببێتەوە پەناگەيەك بۆ هێزە جيهادييەكان، دواتريش لە يەمەن و پاكستان و وڵاتانى تر هێرشى تيرۆرستى ئەنجام بدەن.

بەهۆى فراوانكردنى ئەو شێوازەى بايدن، لەوانەيە لە داهاتوو سوورياش بگرێتەوە، ئەنجامگيرى بايدن ئەوەيە، "پێويست ناكات بۆ ڕێگرتن لە گەڕانەوەى رێكخراوى تيرۆرستى داعش سەربازەكانى لەسەر خاكى سووريا بڵاوە پێبكات".

هەڵوێستى لاوازى بايدن بەرامبەر بەشار ئەسەد

بايدن زۆر گرنگى بە باردۆخى سووريا نادات، لە كاتێكدا ئەو رەزامەندى دەربڕيوە لەسەر دژايەتيكردنى داعش، ئەوكاتەى لە ئيدارەى ئۆباماش جێگرى سەرۆك بوو، دژى فراوانتركردنى ململانێكان بوو لەو ناوچەيە، هەندێك ئاماژە هەيە كە هەڵوێستى لاوازتر دەگرێتەبەر بەرانبەر بەشار ئەسەد، لەو دواييە سزاكانى قەيسەرى لەسەر سووريا سووك كرد، رێگەى دا گرێبەستى گاز لەنێوان ميسڕ و ئەردەن و سووريا لبنان سەربگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگیر نييە لەسەر مانەوەى هێزەكانى ئەمريكا لە رۆژهەڵاتى سووريا، بۆ بێبەشكردنى بەشار ئەسەد لە داهاتى نەوتى ئەو ناوچەيە.

ئەو هۆكارانەى هەسەدە گەشبين دەکات

 يەكەم: هەڵوێستى بايدن بۆ كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا لە ئەفغانستان روون و ئاشكرابوو، بەڵام بۆ دەستبەرداربوونى لە هاوپەيمانەکانى ترى، خۆى دەپارێزێت لەو رەخنانەى رووبەڕووى دەبنەوە.

تەنانەت ئەگەر سووريش بێت لەسەر كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا لە سووريا، ئەو بڕيارە دوادەخات، تا ڕەخنەكانى لەسەر كشانەوەى لە ئەفغانستان هێور دەبێتەوە. 

دووەم: مانەوەى هێزەكانيان لە سووريا تێچووى زۆر كەمترە، لە مانەوەى هێزەكانيان لە ئەفغانستان.

لە (2018) ئەمريكا پێش ئەوەى ژمارەى هێزەكانيان بۆ چوار هەزار سەرباز كەمبكاتەوە، ژمارەيان (15) هەزار سەرباز بوو، بەڵام تەنيا (900) سەربازى بۆ پاڵپشتى هێزەكانى هەسەدە لە سووريا هێشتۆتەوە.

سەرەڕاى ئەوەش سووريا گۆڕەپانێكى سەرەكى دواى كۆتاييپهێنانى جەنگ دژى داعش نييە، بۆيە زيانەكانى ئەمريكا لەو ناوچەيە كەمترە بە بەراورد بە ئەفغانستان، بەمەش بايدن رووبەڕووى فشارى كەمتر دەبێتەوە، بە بەراورد بە بارودۆخى ئەفغانستان.

سووريا رەهەندێكى نێودەوڵەتيشى هەيە، هاوپەيمانە سەرەكييەكانى ناوچەكە، بەتايبەت ئيسرائيل و سعوودييە دەيانەوێت ئەمريكا لە رۆژهەڵاتى سووريا بمێنێتەوە، بۆ پارێزگاريكردن لەو ناوچەيە بەرانبەر هەژموونى ئێران، هاوپەيمانێكى تريشى كە توركيايە سوورە لەسەر كشانەوەى هێزەكانى ئەمريكا لەو ناوچەيە، بۆ ئەوەى بتوانێت بەبێ بەربەست رووبەڕووى هێزەكانى رۆژئاواى كوردستان ببێتەوە، چونكە ئەنقەرە هێزەكانى (هەسەدە) بە رێكخراوێكى تيرۆرستى وەسف دەكات، بايدن ناتوانێت هەموو هاوپەيمانەكانى رازى بكات، هەروەك كۆدەنگيەكى ناوچەيش نييە فشار لەسەر بايدن دروست بكات، بۆ ئەوەى لە سووريا بكشێتەوە.

بە لەبەرچاوگرتنى ئەو فاكتەرانە، تەنانەت ئەگەر بايدن لەوكاتەدا كشانەوەى پێ باشتر بێت، گەلەكۆمەى ناوخۆيى و دەرەكى كەمتر لەسەرە، بۆ ئەوەى بايدن هێزەكانى لە سووريا بكێشێتەوە، بەتايبەت بەرەوپێشچوونى پەيوەندى نێوان رووسيا و توركيا لە سووريا گرنگە، دەكرێت رووداوەكانى ئەفغانستان ببێتە بەربەست بۆ ئەوەى ئەو دۆخە لە سووريا دووبارە نەبێتەوە.

ستراتيژيەتیى رووسيا

يەكێك لە ئامانجە دوورمەوداكانى رووسيا، دووبارە گێڕانەوەى رۆژهەڵاتى سووريايە بۆ ژێر دەسەڵاتى ئەسەد، ئەوكارەش بۆ ئەوەيە ئەسەد دەستى بکاتەوە بە كێڵگە نەوتييەكانى ئەو ناوچەيە، بەڵام بە پێچەوانەى ئيديلب هێزە نەيارەكانى ئەسەد كۆنتڕۆڵى ئەو ناوچەيان كردووە، ئەوەش روونە سووريا و مۆسكۆ سوورن لەسەر كۆنتڕۆڵكردنەوەى سەربازى ئەو ناوچانە، ستراتيژيەتیى رووسيا لە رۆژهەڵات ستراتيژيەتێكى دەمامكدارە، مۆسكۆ دەيەوێت هەسەدە ناكۆكيەكانى لەگەڵ بەشار ئەسەد چارەسەر بكات، داوا لە هێزەكانى ئەمريكاش بكات لەو ناوچەيە بكشێنەوە.

ئەو ئامانجەش هيوايەكى دوور نييە، چونكە (يەپەگە) پێش شەڕى ناوخۆى سووريا پەيوەندى لەگەڵ ئەسەد و رووسيا باشبوو، گروپێك هەيە پێوايە ئايندەى (هەسەدە) لەژێر پاسەوانى ديمەشق و مۆسكۆ بێت باشترە، لەوەى لەژێر هەژموونى واشنتن بێت.

كاتێك لە (2019) توركيا هێرشى كردە سەر باكوورى سووريا، (هەسەدە) راستەوخۆ پەيوەندى لەگەڵ مۆسكۆ هەبوو، لەبەرانبەر رێگەدانى هێزەكانى رووسيا و ئەسەد بۆ سەر ناوچەكانى ژێر دەستى كورد، مۆسكۆ نێوەندگيرى كرد بۆ وەستاندنى ئەو شەڕە.

ئەو ناوچانەشى كە ئەمريكا لە دێرەزور سەرپەرشتى پاسەوانى دەكات، لە (23)ى ئازارى (2021) توركيا بەشێوەيەكى بەرچاو هەژموونى زيادكردووە، بووە بە سەرچاوەى يەكەمى دڵەڕاوكێى (يەپەگە) لەو ناوچەيە، ئەركى سەرەكى و لەپێشينەى ئەمريكا شكسپێهێنانى هێزەكانى ئەسەد و رێگريكردنە لە گرووپە چەكدارەكان.

لەو كاتەى كە شەڕكەرە توندەڕەوەكانى ئيدليب هەوڵى هێوركردنەوەى دۆخى ئەو ناوچەيە دەدەن، رووسيا لە رێگەى هێرشە ئاسمانييەكانى تێكيان دەشكێنێت، توركيا كەمترين پێشڕەوى لە سەنگەرەكانى رۆژهەڵاتى سووريا بەرانبەر  هەسەدە كردووە، بەمەش كەمترين ئامانجى خۆى لەو ناوچانە پێكاوە.

هێرشەكانى توركيا بۆ سەر سەنگەرەكانى (هەسەدە) يا لە رێگەى فڕۆكەى بێ فڕۆكەوانە، يا لەرێگەى گروپە سوورييەكانى نزيك لەخۆيەتى، توركيا ئەو كاانە لەو ناوچانە دەكات، کە دژى واشنتنە، ئەوەش پشتڕاستى ئەو بۆچوونە دەكاتەوە، کە تەنيا رووسيا دەتوانێت هێزە كوردييەكان بەرانبەر هێرشەكانى توركيا بپارێزێت.

لە واقيع دا ئەنقەرە كرانەوەيەكى جۆرى بەسەر رێككەوتنى كۆتايى نێوان هەسەدە و سووريا و رووسيا هەيە، لەوانەيە ئەوەش لە كۆتايى ببێتە هۆكارى داماڵينى چەك لە (يەپەگە)، ياخود كۆتايى پێهێنانيان، مۆسكۆ و ئەنقەڕە هەست دەكەن كشانەوەى ئەمريكا لە ئەفغانستان، هەلى زياترى بۆ ڕەخساندوون، بۆ ئەوەى ئەو شتانەى دەيانەوێت بەدەستى بهێنێت. بێدەنگى ئەمريكا ئاماژەيە بۆ چاوپۆشيكردن لەو هێرشانەى توركيا دەيكاتە سەر (هەسەدە).

سەبارەت بە ڤلاديمێر پۆتن-يش، بايدن هەلێكى داوەتێ بۆ ئەوەى گومان لاى هەسەدە دروست بكات پۆتين دەتوانێ بيانپارێزێت، لەو كاتەدا ئەگەر كۆشكى سپى هيچ پلانێكى كشانەوەشى نەبێت لە رۆژهەڵاتى سووريا، هەريەك لە رووسيا و توركيا، هەوڵدەدەن لێكەوتەكانى كشانەوەى ئەفغانستان بۆ بەدەستهێنانى ئامانجەكانيان بقۆزنەوە، كە لەكۆتاييدا كشانەوەى ئەمريكا لە سووريا خێراتر دەكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین