هۆکارەکانی دابەزینی بەهای  لیرەی تورکیا شیکاری ئابوری

نوچەنێت

بەهای لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزین و لەسەرەتای سال تا ناوەراستی ئۆکتۆبەری 2021، بە رێژەی ٪20 بەهای خۆی لەدەستدا بۆ 9.25 لیرە بەرامبەر هەر دۆلارێکی ئەمریکی دابەزی. هۆکارە سەرەکییەکانی پشت ئەم داتەپینە، زیانی کەرتی گەشتوگوزارو بەرزنەکردنەوەی بەهای سووی بانک و دوورخستنەوەی بەرپرسە سەرەکییەکانی بانکی مەرکەزین لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە.

کۆماری تورکیا ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت و دژواری ئابووری و سیاسی بۆتەوە، ئەگەر بۆ جیهان جارێک قەیرانی ئابووری و تەندورستی هەبێت، ئەوا بۆ تورکیا زێدەتر لە جارێکە، چ لە  رووی کاریگەری و لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا بێت بۆ سەر سێکتەرە ئابووریە گرنگەکانی، یانیش لە رووی دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە بێت، ئەمە جگە لەوەی تورکیا یەکێکە لەو وڵاتە بەکاربەرانەی کە هەر بەرزبوونەوەیەک لە بەهای وزە، دەبێتە هۆی جێهێشتنی لێکەوتەی نەرێنی بۆسەر ئابووریەکەی.

لە هەفەتەی ڕابردوو بەهای لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزین بەرامبەر بە بەهای دۆلار، ئەم دابەزینە بڕیاری دوورخستنەوە و هەوڵەوەشاندنەوەی کار و بەرپرسیارەتی سێ بەرپرسی پەیوەنیداری بانکی مەرکەزی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بەدوادا هات. شارەزایان هۆکار و فاکتەری جودا بۆ دابەزینی بەردەوامی بەهای لێرە دەخەنەڕوو، بەڵام بە سەرنجدان بە مێژووی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و  هۆکارەکانی پشت ئەو دابەزینە، سێ هۆکاری سەرەکی کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەبووە لە بێ بەهابوونی دراوی تورکی، ئەوانیش:

داتەپینی داهاتی کەرتی گەشتیاری

سێکتەری گەشتوگوزاری بە یەکێک لە سێکتەرە کاریگەرەکانی  داهاتی ناوخۆیی تورکیا داندەرێت و ڕێژەی ٪12 داهاتی هەر تاکێکی تورکیا لە کەرتی گەشتوگوزاری سەرچاوەی گرتووە. پێش سەردەمی کۆرۆنا، داهاتی کۆماری تورکیا لەو سێکتەرە زیاتر لە 34 ملیار دۆلار بوو، بەڵام دوای لیکەوتەکانی کۆرۆنا و داخستنی سنووری نێوان وڵاتان و وەستانی گەشتەکان، بووە هۆی دابەزینی داهاتی ئەو سێکتەرە گرنگەی  تورکیا بۆ تەنیا 12 ملیار دۆلار لە 2020ــدا.

لەهەمانکاتدا، ئەو دابەزینەی داهاتی تورکیا بەردەوامی هەیە و بە جۆرێک لە 9 مانگی یەکەمی ساڵی 2021 و بەردەوامی بڕیاری وڵاتان و بۆ داخستنی سنوورەکان و سەپاندنی رێکاری توند بۆ گەشتیاران لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ تورکیا، بووە هۆی دابەزینی زیاتری داهاتی کەرتی گەشتیاری و ڕێژەی ٪40ــی تێپەراند، لە ئەنجام داهاتی ئەو کەرتە لەم ساڵدا تەنیا 2.45 ملیار دۆلار بووە. 

هاوکات  جگە لە لێکەوتەکانی کۆرۆنا، کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچە گەشتیارەکانی تورکیا، ئەرکی حکوومەتی تورکیای قورستر کرد، بە تایبەت دوای ئەوەی مانگی ئابدا 98 ئاگرکەوتنەوە لە 6 ناوچەی سەرەکی گەشتیاری وڵاتی تورکیا کەوتنەوە و ، زیانێکی زۆر لە داهات و کەرتی گەشیتاری وڵاتەکە دا،  ئەمەیش بۆ بەهای لیرە فاکتەرێکی سەرەکی و ئاشکرا بوو بۆ ئەوەی بەهای خۆی لەدەست بدات.

 سەربەخۆ نەبوونی بانکی ناوەندی تورکی و دوورخستنەوەی بەرپرسەکان

شارەزایانی ئابووری دەستێوەردان لە بریارەکانی بانکی ناوەندی تورکیا، بە هۆکارێکی سەرەکی پشت داتەپینی بەهای لیرەی تورکی پێناس دەکەن، بە تایبەت دوای بڕیارەکانی ئەردۆغان و دوورخستنەوەی سێ بەرپرسی بانکی ناوەندی تورکیا لەماوەی تەنیا دوو ساڵدا، بە بیانووی بەرزکردنەوەی بەهای سووی بانکی.

لە ساڵی 2019، ئەردۆغان موراد قایا و لە ساڵی 2020 مراد ویساڵ ، کە هەردووکیان سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا بوون، دوورخستنەوە دوای ئەوەی ، بەهای سووی بانکیان بەرزکردەوە، لە هەمانکاتدا دابەزینی بێ شووماری بەهای لیرە دوای ئەو بڕیارەی ئەردۆغان بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی تورکیا لە هەمان مانگ و سالدا.

لە ئاداری 2021، ناجی ئیقبال سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا، بۆ پاراستنی بەهای لیرە، نرخی سووی بانکی بە 200 پلە لە ٪17 بۆ ٪19 بەرزکرەوە، بەڵام سەرۆک کۆماری تورکیا دوای ئەو هەنگاوە، سەرۆکی بانکی ناوەندی دورخستەوە و شەهاب قۆچی لە جێگەی ئەو دەستبەکار بوو، ئەم بریارەی ئەردۆغان بووە  دابەزینی بەهای لیرە بە ڕێژەی ٪15.

دابەزینی بەهای لیرە بەو ئاستە، بووە هۆی فرۆشتنی بڕی 29.2 ملیۆن دۆلار لە سندووقی سەندەکانی تورکیا  لەلایەن وەبەرهێنەرەکان و هاوکات فرۆشتنی 26.2 ملیۆن دۆلار لە پشکەکانی سندووقی وەبەرهێنان، ئەمەیش ترسی زیاتری خستە ناو بازارەکانی دراو، و هاندەرێکی سەرەکی بوو لە داتەپینی زیاتری بەهای لیرەی تورکی.

زیاد نەکردنی بەهای سووی بانکی

سەرۆک کۆماری تورکیا پێیوایە، زیادکردنی بەهای سووی بانکی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان و گرانبوونی بەهای کاڵایەکان و زیانگەیاندن بەخەڵک، بەڵام لە زانستی دراو و بازارەکاندا، هەرکاتێک بەهای دراو دابەزی، نرخی سووی بانکی بەرزدەکرێتەوە، بۆ پاراستنی بەهای دراوەکە، بەڵام ئەوەی لە تورکیا و بازاڕەکانی تورکیا دەگوزەرێت، شرۆڤەکارانی تووشی شۆک کردووە، بە تایبەت دوای بڕیاری دابەزاندنی بەهای سووی بانکی بە 100 پلە لە ٪19 بۆ ٪18  لە سێپتێمبەری ئەمسالدا.

هەرچەندە بەهای سووی بانک کەمکرایەوە، بەڵام رێژەی هەڵئاوسان لە بازارەکان وەک خۆیی مایەوە بە ٪19.9 تۆمارکراوە  و پێشبینی دەکرێت بەرزتر ببێتەوە، واتە نرخی کاڵا گرانتر ببێت و بەهای لیرە هێشتا ڕوو لە دابەزین بکات، ئەمەیش ترسی خستۆتە نێو بازارەکانی تورکیا دوای ئەوەی سەرۆک کۆمار سێ لە سیاسەتدارێژەارنی بانکی ناوەندی دوورخستەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین