لیرەی تورکی زیاتر دادەبەزێت ئابووری جیهان

نوچەنێت

دوای دوورخستنەوەی سێ بەرپرسی سەرەکی بانکی ناوەندی تورکیا، سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا دووبارە بڕیاریدا سووی بانکی بە 200 خاڵ و پلە کەمکردەوە، ئەمەیش شلەژانی خستۆتە ناو بازارەکانی تورکیا و پێشبینی دەکرێت بەهای لیرەی تورکی زیاتر داببەزێت

هەفەتەی ڕابردوو بەهای لیرەی تورکی ڕێژەی ٪20ــی بەهای خۆی لەدەستدا و بەردەوامە لە دابەزین .

ئەم دابەزینە بڕیاری دوورخستنەوە و هەوڵەوەشاندنەوەی کار و بەرپرسیارەتی سێ بەرپرسی پەیوەنیداری بانکی مەرکەزی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بەدوادا هات، لێ دوای ئەو بڕیارەی سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاژانسی Bloomberg، پێشبینی کرد  ئەمڕۆ پێنچ شەمە سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا، کە بەکەسێکی نزیک لە رەجەب تەیب ئەردۆگان داندەرێت، دووبارە بڕیاری کەمکردنەوەی سووی بانکی بدات بە 100 پلە.

بەڵام دوای بڕیاری بانکی ناوەندی تورکیا، ئەمڕۆ پێنچ شەمە ڕیکەوتی 21/10/2021، ڕێژەی سووی بانکی بە 200 پلە نزمکرایەوە و لە ٪18 بۆ ٪16 دابەزی.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە شلەژانی خستۆتە ناو بازارەکانی تورکیاوە، بە تایبەت کە هێشتا ڕێژەی هەڵئاوسان لە بازارەکانی تورکیا لە ئاستێکی بەرزدایە و پێشبینی دەکڕیت دوای ئەو بڕیارەی سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا، ڕێژەی هەڵئاوسانی نرخەکانی بەکاربەر زیاتر بەرزبکاتەوە کە لە ئێستادا چوار ‌هێندە ڕێژەی پێوانەی خۆی بەرزە کە ٪5.

بڕیارەکانی بانکی ناوەندی تورکیا لە کاتێکدایە، سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕێگرە لە بەرزکردنەوەی سووی بانکی و پێییوایە، کەمکردنەوەی ڕێژەی سووی بانک لە خزمەت هاوڵاتیانی تورکیایە و ڕێژەی هەڵئاوسان کەمتر دەکاتەوە. لەو بارەیەوە بانکی ناوەندی تورکیاش پێشبینی دەکات بە کەمکردنەوەی رێژەی سووی بانکی ، ڕێژەی هەڵئاوسان لە ٪20 بۆ ٪14.1 تا کۆتایی ساڵی 2021 داببەزێت، بەڵام شرۆڤەکارانی ئابووری، بۆ ئەو پرسە دیدگای جیاوازتریان هەیە.

بیوتر ماتیس گەورە شرۆڤەکاری دراوە دیارەکانی جیهان لە ناوەندی InTouch Capital لەبارەی بڕیارەکانی بانکی ناوەندی تورکیاوە دەڵێت" هەموو کەسی شارەزا لە بازاری دراو دەزانێت، نابێت تورکیا ئەو بڕیارە بدات و بەهای سووی بانکی کەمبکاتەوە، بەڵک و دەبێت زیادی بکات".

هەروەها دەشڵێت" پێویستە قوتابی توێژەری و ئابووری لە جیهاندا لە داهاتوو، کار لەسەر بڕیارەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا و بانکی ناوەندی تورکیا بکەن، بۆ ئەوەی بزانن، نەبوونی سەربەخۆیی لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی تورکیا چی بەسەر ئابووری تورکیادا هێناوە".

زیاد داود لە ناوەندی بلومبێرگ لە بارەی کاریگەریەکانی دابەزاندنی بەهای سووی بانکی پێشبینی کردبوو کە  بانکی ناوەندی تەنیا 50 خاڵ لە سووی بانکی کەمبکاتەوە نەک 100 خاڵ، بەڵام بڕیارەکەی بانکی ناوەدنی زیاتر لە پششبینیەکان جێبەجێکرا.

 بیرو رای جودای سیاسەتمەدار و شرۆڤەکارانی ئابووری لەبارەی بەهای لیرەی تورکیا لە کاتێکدایە، بە هۆی پەتای کۆرۆنا و کەمبوونەوەی ڕێژەی گەشتیاری ولاتی تورکیا و هاوکات سووتانی بەشێکی زۆری دارستانەکانی ناوچە گەشتیاریەکانی تورکیا بوونە هۆی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بە ڕێژەی ٪20 و  900 لیرە بەرامبەر بە 100 دۆلاری ئەمریکی مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەلام دەستێوەردانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە بریارەکانی بانکی ناوەندی تورکی و دوورخستنەوەی بەرپرسەکانی، بەهای لیرەی زیاتر دابەزاندووە و ڕێژەی هەڵئاوسانی بە بەرزی هێشتۆتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین