ئه‌ردۆغان سه‌ردانی سێ وڵاتی ئه‌فریقیا ده‌كات شیکاری

نوچەنێت:

سەرۆك كۆمارى توركيا بەر لەگەشتەكەى بۆ چەند وڵاتێكى ئەفريقى لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى باسى لە پەيوەندیى وڵاتەكەى لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا كرد و بە پەيوەندییەکى ستراتيژیى ناوبرد.

ماڵپەڕى (ئەنادۆڵ)ى توركى ناوەڕۆکى کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەى ئەردۆغان بڵاودەکاتەوە ، کەوا بڕیارە بەگەشتێكى سێ رۆژە بەرەو ئەفريقيا بەڕێكەوت، بەر لە گەشتەكەى لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى رايگەياند، "پەيوەندیى وڵاتەكەمان لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا پەيوەندییه‌كى ستراتيژييە".

سەبارەت بە پەيوندیى بازرگانى تورکیا لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا سەرۆكى توركيا گوتى، "توركيا وەك هاوبەشێكى ستراتيژى مامەڵە لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا دەكات، قەبارەى بارزگانيمان لەگەڵ وڵاتانى ئەو ناوچەيە لە كۆتايى (2020) گەيشتە زياتر لە (25) مليار دۆلار".

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەردۆغان گوتى، "لەوەتەى پۆستى سەرۆك وەزيران و سەرۆك كۆمارم وەرگرتووە تا ئەمڕۆ (38) سەردانم بۆ  (28) وڵاتى ئەو كيشوەرە كردووە".

سەبارەت بەسەردانەكەى ئەمجارەشى ئەردۆغان دەڵێت، "لەم سەردانەم سەردانى تۆگۆ و ئەنگۆلا و نه‌یجیریا دەكەم، ئەوەش لەسەر ئاستى سەرۆكايەتیى كۆمار سەردانێكى فەرمييە، بايەخى تايبەتى هەيە".

بڕيارە ئەنگۆلا يەكەم وێستگەى سەردانەكەى ئه‌ردۆغان بێت، هەروەك سەرۆك كۆمارى توركيا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئەو سەردانە قۆناغێكى نوێ دەبێت لە پەيوەندييەكانى نێوان هەردوو وڵات، بەتايبەت بەر لە سێ مانگ جواو لۆرنسۆى سەرۆكى ئەنگۆلا سەردانى سەردانى توركياى كرد". 

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەردۆغان ئاماژەى بەوە كرد، "لە پەرلەمانى ئەو وڵاتە وتارێك پێشكەش دەكه‌م، پاشان لەگەڵ سەرۆكى ئەنگۆلا سەرۆكايەتى كۆبوونەوەى كۆڕبەندى كارى هاوبەش دەیكەن".

دواتر لەگەڵ سەرۆكى ئەنگۆلا لەسەر پەيوەندى دوولايەنە گفتوگۆ دەكەن، بەتايبەت هەنگاوە گرنگەكان لە بوارى ئاسايش و بەرگرى دەبێتە جێى بايەخى هەردوولا.

وێستگەى دووەمى سەردانى ئەردۆغان وەك خۆى ئاماژەى پێكرد، سەردانى وڵاتى تۆگۆیە، كە بڕيارە باڵيۆزخانەى توركيا لە لۆمى پايتەختى ئەو وڵاتە دەست بەكارەكانى بكات، بەمەش ژمارەى باڵيۆزخانەكانى توركيا لە وڵاتانى ئەفريقيا دەبێتە (43) باڵيۆزخانە. بڕيارە ئەردۆغان لەگەڵ فۆر گناسينگيبى سەرۆكى ئەوڵاتە باس لە پەرەپێدانى پەيوەندييەكانى نێوان هەردوو وڵات بكەن.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەردۆغان ئاماژەى بەوەشكرد، لە تۆگۆ چاوى بە رۆش مارك كريستيان كابوورى سەرۆكى بۆركينا فاسۆ و جۆرج ويا سەرۆكى ليبريا دەكەوێت، كە لەسەر بانگهێشتى سەرۆكايەتیى تۆگۆ لەو وڵاتەن لەگەڵ هەردوو سەرۆك كۆبوونەوەى تايبەتى دەبێت.

بڕيارە وێستگەى سێيەم و كۆتايى سەردانەکەى نەيجيريا بێت، لەبەشێكى ترى قسەكانى ئەردۆغان ئاماژەى بەوەكرد، "نەيجيريا بايەخى تايبەتى هەيە، ئەندامە لە رێكخراوى هاريكارى ئيسلامى و يەكێتى ئەفريقيا و كۆمەڵەى ئابوورى وڵاتانى رۆژئاواى ئەفريقيا و رێكخراوى ئۆپيك، كۆمەڵەى هەشت وڵاتى گەشە سەندوى ئيسلامى (D-8)".

ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە باس لە شێوازى بەهێزكردنى پەيوەندييەكانيان دەكات، روونيشى كردەوە، "نەيجيريا گەورەترين هاوبەشى بازرگانى توركيايە لە ناوچەى ئەفريقيا، لە ساڵى رابردوو، پەيوەندى بازرگانمان گەيشتە دوو مليار دۆلار، ئامانجيشمان ئەوەيە لە قۆناغى داهاتوو ئەو قەبارەيە بگاتە پێنج مليار دۆلار، ئەوە سەرەڕاى هەبوونى هەماهەنگى سەربازى لە بوارەكانى پيشەسازى بەرگرى و نەهێشتنى تيرۆر".

لە بەشێكى ترى قسەكانى سەرۆكى توركيا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئێمە هەرگيز پەيوەندييەكانمان لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا بە كورت مەوا سەير ناكەين، بۆ خزمەتى بەرژەوەندى تایبه‌تی خۆمان".

سه‌رۆك كۆماری له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی ئاماژه‌ی به‌ كۆڕبه‌ندی  سێیه‌می توركی - ئه‌فریقی کرد له‌ (21 و22)ی ئه‌و مانگه‌ ده‌به‌سترێت، هه‌روه‌ها بڕیاریشه‌ لووتكه‌ی هاوبه‌شی توركی - ئه‌فریقیا  له‌ (17و18 ) ببسترێت. 

ئه‌رۆدۆغان گوتیشی، "من متمانه‌م به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ده‌ی (21) ئه‌فریقیا رۆڵی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی دوولایه‌نه‌ی یه‌كسان بنیات بنێنین".

سه‌رۆكی توركیا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، "له‌ هه‌موو بواره‌كان به‌رده‌وام ده‌بین له‌ لێكنزیكبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ كیشوه‌ری ئه‌فریقیا، ئێمه‌ له‌و كه‌سانه‌ نین سیاسه‌تی داگیركاری كۆن به‌ هه‌موو رێگه‌یه‌كی نوێ بگرینه‌ به‌ر، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌فریقییه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌ركه‌وتوو بین له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانمان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین