هاوپه‌یمانى فه‌تح نه‌رمى ده‌نوێنێ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

جیا له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى میلیشیاكانى، هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ وه‌ك رووى سیاسى میلیشیاكانى شیعه‌ ده‌ناسرێت، نه‌رمى ده‌نوێنێ و داواى پێكهێنانى حكومه‌تى ته‌وافوقى ده‌كات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" محه‌مه‌د به‌لداوى سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ له‌ لایه‌ن هادى عامرى سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێ، "هاوپه‌یمانى فه‌تح باوه‌ڕى وایە پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق پێویستى به‌ هاوبه‌شى و ته‌وافوقى هه‌موو لایه‌ك هه‌یه‌، ئاره‌زوو ده‌كه‌ین هه‌موو لایه‌نەکان له‌ به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت به‌شدار بن".

له‌ به‌شێكى تری لێدوانێكەی به‌ راشكاوى به‌لداوى باس له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق ده‌كات و ده‌ڵێ، "حكومه‌ت ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌خۆ بگرێت و ته‌وافوقى بێت، پێویسته‌ ته‌وافوقى شیعه‌یش هه‌بێت".

هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ به‌ باڵى سیاسى میلیشیاكانى عێراق داده‌نرێت به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوو سێیه‌كى كورسییه‌كانى كه‌مكردووه‌، بۆیه‌ میلیشیاكان ده‌ستیان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ كردووه‌. 

ئه‌مڕۆ نه‌سار روبه‌یعى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سیاسى ره‌وتى سه‌در گوتى، "هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ن به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن بانگه‌شه‌ى پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانیان ده‌كرد، ئێستایش داواى حكومه‌تى ته‌وافوقى ده‌كه‌ن".

ئاژانسى فرانس پرێسیش له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى كرد، هاوپه‌یمانى فه‌تح داواى پێكهێنانى حكومه‌تى له‌ ره‌وتى سه‌در كردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا سه‌در وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین