حكومه‌تی توركیا دوو یاداشت پێشکەش بە پەرلەمانى وڵاتەکەى دەکات هەواڵ

نوچەنێت:

سەرۆکایەتی كۆماری توركیا دوو یاداشتنامه‌ی جیاوازی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌، بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانى سوپاى تورکیا لە عێراق و سووریا و لوبنان بۆ دوو ساڵی دیکە.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (20ى تشرینی یه‌كه‌می 2021) ماڵپه‌ڕی (ئه‌نادۆڵ) بڵاویكرده‌وه‌، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دوو یاداشتنامه‌ی به‌جیا پێشكه‌ش به‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی لە عێراق و سووریا و لوبنان بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە.

یاداشتنامەكان به‌ واژووی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری تورکیا رەوانەی کراون، ئه‌و یاداشتنامه‌ی  په‌یوه‌سته‌ به‌ سووریا و عێراق جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، پێشھاتەکانی ناوچەکانی دەورووبەری سنووره‌ وشکانییه‌كانی باشووری تورکیا و دۆخی ئاڵۆز ئه‌م ناوچانه‌ بەردەوام مەترسییه‌كانی بۆ سه‌ر تورکیا لە زیادبووندایە، ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانیش له‌ پارێزگای ئیدلیی باشووری رۆژئاوای سووریا، بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی توركیا.

له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی توركیا یاداشتنامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌، بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی هێزه‌كانی  وڵاته‌كه‌ی له‌ لوبنان له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ پاراستنی ئاشتی ئه‌و وڵاته‌، كه‌ له‌ (31)ی ئه‌و مانگه‌ كۆتایی دێت.

توركیا هێزی له‌ چه‌ند وڵاتێكی وه‌ك سووریا و عێراق و لوبنان هه‌یه‌، ره‌وانه‌كردنی ئه‌و هێزانه‌ش له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی بوو، له‌ كۆتایی ئه‌و مانگه‌ ئه‌و واده‌یه‌ كۆتایی دێت، كه‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی بۆی دیاریكرد بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین