عێراق.. ململانێ له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى و برسێتى وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى قودسى عه‌ره‌بى له‌ سه‌روتارى ئه‌مڕۆى باس له‌وه‌ ده‌كات، له‌ كاتێكدا كه‌ سێیه‌كى عێراقییه‌كان به‌ برسێتى ده‌خه‌ون، ئه‌وا لایه‌نه‌كانى عێراق ململانێ له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێت یه‌كێك له‌وانه‌ى ململانێیه‌كه‌ ده‌كات نوورى مالیكییه‌، پێشتر به‌ هۆى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و كۆمه‌ڵێك قه‌یران و كاره‌سات به‌رۆكى عێراقيان گرتووه‌.

رۆژنامه‌ى قودسى عه‌ره‌بى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" سه‌روتاره‌كه‌ى بۆ عێراق ته‌رخان كردووه‌ به‌ ناونیشانى، "عێراق: ململانێ له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و برسێتى".

وه‌ك له‌ ناونیشانه‌كه‌ دیاره‌ وتاره‌كه‌ باس له‌ دوو رووداوى گرنگ ده‌كات، یه‌كه‌میان ململانێى لایه‌نه‌ شیعه‌كانه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌ت، دووه‌میشیان پیوه‌ندى به‌ بارودۆخى ئابوورى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌.

قودسى عه‌ره‌بى:
له‌سه‌رده‌مى مالیكى عێراق سێیه‌م ده‌وڵه‌تى
گه‌نده‌ڵ بوو له‌سه‌ر ئاستى جیهان

له‌ سه‌روتارى قودسى عه‌ره‌بى هاتووه‌، "دوێنێ عێراق دوو رووداوى زه‌قى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، یه‌كه‌میان سیاسى بوو كه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانى ده‌وڵه‌تى یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تى نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووترى عێراق ده‌رده‌كه‌وێت، بۆ پێكهێنانى فراكسیۆنى گه‌وره‌ى په‌رله‌مان و حكومه‌تى نوێ، دووه‌میان ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى بوو، په‌یوه‌ندى به‌وه‌ هه‌یه‌ پرۆگرامى خۆراكى جیهانى عێراقى خستووته‌ ریزى ده‌وڵه‌ته‌ برسییه‌كانه‌وه‌".

سه‌روتاره‌كه‌ سه‌ره‌تا باس له‌ رووداوى یه‌كه‌م ده‌كات و پێیوایه‌ هه‌وڵه‌كانى مالیكى هه‌مان سیناریۆى 2010 یه‌ كه‌ هه‌وڵى دا ئه‌یاد عه‌لاوى له‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت دوور بخاته‌وه‌، ئێستایش موقته‌دا سه‌در كه‌ 70 كورسى به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ هه‌مان شوێنى عه‌لاوییه‌!

كاتێك نوورى مالیكى ئه‌و ململانێیه‌ ده‌كات، سه‌روتاره‌كه‌ ئه‌وه‌ له‌بیر ناكات كه‌ مالیكى به‌رپرسه‌ له‌ چه‌ندان قه‌یران و كێشه‌ى كه‌ به‌رۆكى عێراقیان گرتووه‌. قودسى عه‌ره‌بى به‌ شێوه‌یه‌كى خێرا كاره‌كانى مالیكى ده‌ژمێرێ، له‌وانه‌ سه‌ركوتكردنى خۆپیشانده‌ران، هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د، به‌رپرسه‌ له‌ راكردنى چه‌ندان تیرۆریست كه‌ دواتر رێكخراوى داعشیان دروست كرد، داڕووخانى هێزه‌كانى عێراق، كه‌وتنى مووسڵ و داگیركردنى خاكێكى زۆرى عێراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، به‌رپرسه‌ له‌ كوشتارگه‌ى سپایكه‌ر، هه‌ر له‌سه‌رده‌مى مالیكى بوو عێراق له‌دواى سۆماڵ و سوودان له‌سه‌ر ئاستى جیهان پله‌ى سێیه‌مى له‌ گه‌نده‌ڵى هه‌بوو، هه‌روه‌ها رۆڵى هه‌بوو له‌وه‌ى سه‌دام حوسێن سه‌رۆكى پێشووترى عێراق به‌ جه‌ژنى قوربان له‌سێداره‌ بدرێت.

پرۆگرامى خۆراكى جیهانى: 
سێیه‌كى عێراقییه‌كان به‌ برسێتى ده‌خه‌ون

 

 

ئه‌مه‌ بارودۆخى سیاسى وڵاتێكه‌ كه‌ به‌شێكى زۆرى دانیشتووانه‌كه‌ى برسین. رۆژنامه‌ى قودسى عه‌ره‌بى دێته‌ سه‌ر راپۆرته‌كه‌ى رێكخراوى پرۆگرامى خۆراكى جیهانى كه‌ عێراق ده‌خاته‌ ریزبه‌ندى برسیترین وڵاتانى جیهان. راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ 35% دانیشتووانى ئه‌م وڵاته‌ برسین، واته‌ سێیه‌كى عێراقییه‌كان به‌ به‌رسێتى ده‌خه‌ون. حكومه‌تى عێراق ئه‌و راپۆرته‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام پێشتریش راپۆرتێكى رێكخراوى فاو بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ عێراق یه‌كێكه‌ له‌و 10 وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌ى كه‌ پێویستى به‌ هاوكارى ده‌ره‌كى بۆ خۆراك هه‌یه‌، حكومه‌ت جارێكى تر وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێ، راسته‌ رێژه‌ى هه‌ژاریى بۆ 31 % به‌رز بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ برسى بن.

سه‌روتارى رۆژنامه‌ى قودسى عه‌ره‌بى له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و راپۆرتانه‌ى كه‌ باس له‌ برسێتى عێراق ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ بۆ شیعرێكى به‌در شاكر سه‌یابى شاعیرى به‌ناوبانگى عێراق ده‌كات كه‌ له‌ "سروودى باران" ده‌ڵێ، "رۆژێك تێناپه‌ڕێ عێراق برسێتى تێدا نه‌بێت". رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ مه‌به‌ستى شاعیر ئه‌وه‌ نییه‌ برسێتى په‌یوه‌ندى به‌ بارانبارینه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵكو په‌یوه‌ندى به‌و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سته‌مكاریى و داگیركاریى و پاشكۆیه‌تى بۆ بیانی دروستى كردووه‌ و تا ئێستایش حكومڕانى عێراق ده‌كات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین