وەزیری نەوتی عێراق: بەگرنگی نازانین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکرێت کوردستان- عێراق

نوچەنێت

وێرای بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکانی وزە و گازی سروشتی و هەروەها زیادبوونی خواستی بەردەوام بۆ نەوت، عێراق بە گرنگی نازانێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئۆپێک پلەس زیادبکڕیت و دووپاتیدەکاتەوە تا ساڵی 2022 ،زیادکردنی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەتوانێت بازاڕەکان سەقامگیر بکات.

ئیحسان عبدولجەبار سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و پابەندبوونی عێراق بە ڕێککەوتنی ئۆپێک پلەس، ئاشکرایکرد عێراق پابەندی سەرجەم بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس دەبێت و بە گرنگی نازانێت بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکرێت.

وەزیری نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت" ڕێککەوتنی ئۆپێک پلەس، دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان خواست خستنەڕوودا بکات و عێراق بە گرنگی نازانێت، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بکرێت"

هەروەها دەشڵێت" ئەوەی لە بازارەکانی وزە و قەیرانی نرخی گازی ئەورووپا و بەرزبوونەوەی نرخی خەڵووز ڕوودەدەن پێوەستە بە کەمی ئاستی خستنەڕوو، ئەمەیش وا دەکات لە زستانی ئەمساڵدا، خواستی سەر وزە و نەوت زیاتر ببێت"

سەبارەت بە بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس و کاریگەریەکانی لەسەر نرخی نەوت، وەزیری نەوتی عێراق وتی" ئۆپێک پلەس لە کۆبوونەوەی ئابی ئەمساڵدا، بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زێدە بکات و ئەو بڕیارە تا ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بەمەیش تا کۆتای ساڵ، ڕێژەی نەوتی کۆکراوەی زیادکراو دەگات بە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل و دەتوانێت کورتهێنانی نەوت پڕ بکاتەوە  و بازاڕەکان سەقامگیر تر بکات".

هەروەها لە بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، حکوومەتی بەغدا لە هەوڵەکانی بۆ زیاترکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بەردەوام دەبێت و لە پلانیدایە تا هاوینی داهاتوو، ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازی کێلگەکانی بەسڕە و کێڵگەکانی تری باشوور زیاد بکات و کورتهێنانی بازاڕەکان پڕ بکاتەوە.

هاوکات ئامانجێکی تری عێراق زیادکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی وزەی دۆستی ژینگەو وەبەرهێنانی زیاتری ئەو کەرتەیە، بە ئامانجی  فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزەیە تا ساڵی 2024.

ئەم لێدوانەی وەزیری نەوتی عێراق لە کاتێکدایە، ماوەیەک پێش ئێستا ، پێشبینی کرد نرخەکانی نەوت بگەن بە 100 دۆلار و دووپاتیکردەوە وەک حکوومەتی عێراق، خوازیارن نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە 85 دۆلار جێگی ببێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین