ئەردۆغان ئيدارەى بايدن ناچار دەکات ستراتيژيەتیى خۆى لەگەڵ توركيا بگۆڕێت شیکاری

نوچەنێت:

جۆرج بۆشى كوڕ و باراك ئۆباما هەوڵيان دەدا بە سياسەتەكانيان ئەردۆغان بۆلاى خۆيان راكێشن، بەڵام لەسەردەمى دۆناڵد ترامپ ناكۆكى نێوان توركيا و ئەمريكا دەستى پێكرد، كاتێكيش جۆ بايدن پۆستى سەرۆكى ئەو وڵاتەى وەرگرت توركياى پشتگوێخست، چاودێرانى سياسى دەڵێن، "پشتگوێخستنى ستراتيژيەتى ئەردۆغان بۆ هەماهەنگى هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات لە لايەن بايدنەوە كارێكى هەڵەبوو".

مايكل رۆبن دەڵێت، "كاتێك بايدن پۆستى سەرۆكى ئەمريكاى وەرگرت باش لە ئەردۆغان تێگەيشتبوو، دەستى كرد بە داڕشتنى سياسەتێكى نوێ، دەيوست سەرۆكى توركيا سوود لە ئاڵۆزى پەيوەندييەكانى نێوانيان نەبينێت، بۆ نموونە بايدن دواى سێ مانگ لە دەستبەكاربوونى ئينجا پەيوەندى بە ئەردۆغانەوە كرد، سەرۆكى ئەمريكا ئەوەى پشتگوێخست بوو كە ئەو جۆرە مامەڵەكردنە لەگەڵ سەرۆكى توركيا لاى هاووڵاتيانى ئەو وڵاتە دەبێتە جێى گومان، هەرچەندە سەرۆكى ئەمريكا و تيمەكەى نمونەيان بە سياسەتەكانى ئەردۆغان دەهێناوە كە سەرۆكەكانى پێشوو پەنايان بۆ دەبرد، بەڵام بايدنيش وەك سەرۆكەكانى پێشوو كەوتە بۆسەى ئەردۆغان، چونكە توركيا پێشنيازى كرد پێويستە هەماهەنگى هاوبەشيان هەبێت، بايدن بێ بيركردنەوە ئەو پێشنيازەى قبوڵ كرد.

كاتێك ئەردۆغان دڵنيا بوو بايدن كار لەسەر جێهێشتنى ئەفغانستان دەكات،  پێشنيازى كرد توركيا دەتوانێت فڕۆكەخانەى كابول بەرێوە ببات، ئەو هەنگاوەى ئەمريكا لە بەرژەوەندى توركيا بوو.

بە درێژايى ئەو ماوەيەى ئەردۆغان پۆستى سەرۆك وەزيرانى توركياى بەرێوەبردووە، پەيوەندى لەگەڵ ئيسلامييە تووندەڕەكانى ئەفغانستان بەهێز كردووە، تەنانەت لە كاتى بەريەكەوتنى لەگەڵ ياخيبووەكانى تاڵيبانيش، راگەياند، "ئەو بەريەكکەوتنە هەڵگرى هيچ دوژمنكارييەكى ئايدۆلۆژى نييە لەگەڵ ئەو هێزە."

رۆبن لە لێكۆڵينەوەيەكى لەسەر توركيا و ئێران و رۆژهەڵاتى گەورە دەڵێت، "ئەمريكا و ناتۆ هێزەكانيان لە ئەفغانستان بكشێنەوە ياخود بمێننەوە، توركيا روونى كردۆتەوە، ئەگەر تاڵيبانيش بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە لە كارەكانى بەردەوام دەبێت، چونكە مانەوەى لە فڕۆكەخانەى كابول بە كراوەيى لە بەرژەوەندى توركيايە، كشانەوەى ئەمريكا لە ئەفغانستان دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەى ئەردۆغان لەو هەوڵە ديپلۆماسيەى بەسەر بايدن زاڵ بێت".

سەرۆكى توركيا رايگەياند، "يەكەم جار دەمانەوێت واشنتن وەڵامى هەندێك مەرج بداتەوە، ئايا پەيوەندى ديپلۆماسى لەگەڵ ئێمە دەبێت؟ دووەم ئايا ميكانزمە لۆجستييەكان لە بەرژەوەندى ئێمەن، هەندێك بەربەست هەيە لە بوارى دارايى و بەرێوەبردنى فڕۆكەخانەى كابول، پێويستە  ئەمريكا هاوكارى پێويست بۆ هێزەكانمان لە ئەفغانستان دابين بكات".

مايكل رۆبن پێى وايە، "ئەردۆغان لە سياسەتى دەرەوەى ئەمريكا  دەيويست بايدن هاوكارى بكات بۆ هێرشەكردنەسەر كورد و ئێزيدييەكان، لەسەر ئاستى ناوخۆش هەوڵى دەدا تيمەكەى بايدن بەربەست لەبەردەم دۆسيەكانى توركيا لە دادگاكانى ئەو وڵاتە دروست بكەن، تاوەكو هەموو سازشەكانى ئەمريكا بۆ سياسەتێكى خۆى كۆبكاتەوە، هەر كاتێك لە داهاتوو ويستى پەيڕەوى بكات".

هەرچەندە قەتەر رازى بوو لە بەڕێوەبردنى فڕۆكەخانەى كابول هاوكارى توركيا بكات، بەڵام ئامادەيى بايدن بۆ چاوخشاندنەوە بەو پێشنيازەى توركيا و نەبوونى هەڵوێستى روونى وەزارەتى دەرەوەى ئەمريكا بۆ لێپرسينەوەى توركيا لەكاتى دانوستان، ستراتيژيەتى ئەردۆغانى پشتڕاست كردەوە".

موراد مەرجان كەسێكى نزيكە لە ئەردۆغان ماوەيەكى زۆر لە واشنتن باڵيۆزى توركيا بووە، لە نووسينێكى جەخت لەسەر ئەو ستراتيژەى سەرۆكى وڵاتەكەى دەكاتەوە.

مەرجان لە نووسێنێكى دەڵێت، "توركيا ناوەندى هەموو هێڵەكانى ناوچەى ئەوروپا و ئاسياى گەورەيە، تاكە هاوپەيمانێكە لەكاتى قەيرانەكان پشتى پێ دەبەستن، دۆستى تەنگانەيە، بۆيە پێويستە توركيا و ئەمريكا پێكەوە كاربكەن، توركيا دەتوانێت پاڵپشتى جەماوەرى بۆ بەديهێنانى سەقامگيرى ئاسايشى وڵاتانى ناوچەكە كۆبكاتەوە، هەوڵەكانيشى لە ليبيا و سووريا نمونەيەكى روونە".

لە بەرانبەر ئەو بۆچوونە مايكل رۆبن جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "ئەوەى توركيا پێويستى پێيە ئەوەيە ئەمريكا لەو پێگەيەى توركيا تێبگات، بەڵام پێويستە بير لەوە بكرێتەوە ئەوە چى دەگەيەنێت؟ توركيا لە سووريا هاوكارى لۆجستى و چەك و پەناگەى ئارامى تەنيا بۆ گرووپەكانى سەر بە قاعيدە نەبوو، بەڵكو پەناگەيەك بوو بۆ رێكخراوى تيرۆرستى داعشيش، هەرچەندە بەرپرسانى توركيا پاساو بۆ هەوڵەكانيان دێننەوە، كە دژى گرووپە كوردييەكانن، بەڵام بەڵگەكان ئاماژە بە ئاراستەيەكى تر دەكەن، كە ئەو گرووپانە بۆ بەرژەوەندى توركيا كاردەكەن و هێرش دەكەنە سەر هێزە كوردييەكان و ئافرەتان دەڕفێنن و دەستدرێژيان دەكەنەسەر، هەروەها زۆر بە دەگمەن فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى توركيا لەو ناوچانە جياوازى لە نێوان خەڵكى چەكدار و منداڵانى قوتابخانەكان دەكات". 

رۆبن جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "ئەو كارانەى توركيا ئەمريكاى ناچار كرد لەگەڵ كوردى سووريا پەيوەندى دروست بكات، هەرچەندە توركيا لە ئابلوقەدانى كۆبانێ سەركەوتوو بووە، ئەوەش واتە ئەمريكا لەگەڵ توركيا لەو وڵاتە دەگاتە چارەسەرێكى مامناوەند، چالاكى چەكدارى بەردەوام دەبێت، ئەوەش وادەكات سەقامگيرى لە هەموو ناوچەكە لاواز دەبێت، بە واتايەكى تر متمانەى توركيا هاوشێوەى متمانەى چين-ـە بە تايوان، سەرەڕاى ئەوەش بژاردەى واشنتن لە سوريا تەنيا ئەردۆغان و بەشار ئەسەد نييە، كورد بژاردەى سێيەمە".

سەبارەت بە دۆسيەى ليبيا مايكل رۆبن دەڵێت، "لەسەر ئاستى كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى كۆدەنگيەكى فراوان بۆ چارەسەكردنى ناكۆكييەكانى ئەو وڵاتە هەيە، كە باشترين رێگەچارەى سەقامگيرى لە ليبيا كشانەوەى هێزە بيانييەكانە، ئەوروپاش پاڵپشتى ئەو داوايە دەكات، وەزارەتى دەرەوەى ئەمريكا چەندين جار هەوڵى داوە رەخنەكانى لە دەستوەردانى توركيا لە ليبيا كەم بكاتەوە، بەڵام توركيا راستگۆيى ئەردۆغان بەدرۆ دەخاتەوە، لەبرى ئەوەى پشتڕاستى بەڵێنەكانى ئەردۆغان بكاتەوە بۆ هاوكاريكردنى كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە پڕۆسەى كێشانەوەى هێزە بيانييەكان، بەڵام توركيا بە پێچەوانەوە مامەڵە دەكات، بۆيە كاتى ئەوە هاتووە ئيدارەى بايدن حەقيقەتى ديپلۆماسى توركيا تێ بگات، كە كار لەسەر هەوڵە تاكە كەسيەكان دەكات،  بۆ خۆپاراستن لە لێپرسينەوەى ئەو سياسەتانەى كە ئەردۆغان لەرووى ئايدۆلۆژييەوە پێوەى پابەندە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین