ناكۆكی‌ ناو ئۆپۆزیسیۆن چانسی سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بۆ ئه‌ردۆغان ده‌ڕه‌خسێنێت شیکاری

نوچەنێت:

له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو، هه‌ر یه‌ك له‌ جه‌هه‌په‌ و پارتی چاكه‌ و هه‌ده‌په‌ پێكه‌وه‌ هاوپه‌یمان بوون، له‌ به‌رانبه‌ردا مه‌هه‌په‌ و ئاكپارتی بوونە هاوپەیمانى یەکتر، چاودێرانی سیاسی ناوخۆی توركیا رایده‌گە‌یێنن، "ئۆپۆزسيۆنى توركيا چه‌ند به‌ربه‌ستێكی سه‌ره‌كی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووى تورکیا له‌ پێشه‌"، له‌ هه‌مان كات ئاڵنگه‌رییه‌كانی به‌رده‌م ده‌سه‌ڵات كه‌متره‌.

زیادبوونی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی به‌رانبه‌ر سياسەتى دەرەوەى توركيا بۆته‌ يەكێك ئاڵنگەرييەكانى بەردەم هێزه‌ هاوپەيمانه‌كانى ئۆپۆزسيۆن، كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئاكپارتی له‌ ده‌سه‌ڵات دووربخه‌نه‌وه‌.

هاوپەيمانى جمهور كە لە ئاكپارتى و مەهەپە پێكهاتووه‌، رەجەب تەيب ئەردۆغان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید ده‌كه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئۆپۆزسيۆن تا ئێستا لەسەر كانديدێك رێك نەكەوتوون، هەرچەندە ميراڵ ئەكشنارى سەرۆكى پارتی چاكە هەوڵ دەدات ئەو هاوسەنگييە بپارێزێت، به‌ڵام نەتەوە پەرەستەكانى ناو پارته‌كه‌ی ئاماده‌ نین هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هەدەپە دروست بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ جياوازييەكان لاى بنكەى جەماوەرى ئەو پارتە زۆر روونە.

له‌ ماوه‌ی رابردوو ميرال ئەكشنار سەرۆكى پارتى چاكە لەبەردەم فراكسۆنى پارتەكەى لە پەرلەمان له‌ كاتی وتاردان ناوى عەبدوڵا ئۆجەلانى بە (بەڕێز) هێنا، ئەوەش كاردانەوەى شەقامى توركى لێكەوتەوە، بۆیه‌ ئەكشنار ناچار بوو، پاساو بەوه‌ بێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی گوتوویه‌تی هەڵەى زمان بوو.

لە چەند رۆژى رابردوو وتوێژی نێوان ئەكشنار و هاونشتيمانييەكى توركيا لە شارى سرتى رۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە لە شەقامى توركى گفتوگۆيەكى زۆرى بەدواى خۆى دا هێنا، كاتێك ئەو هاووڵاتييە گوتى، "ئێرە كوردستانە"، ئەكشنار لە وەڵامدا گوتى، "تۆ ئەندامى هەدەپەیت، ئێمە پێمانوايە "ئەو پارتە شانبەشانى پەكەكە وەستاوە، هەر كەس باسى كوردستان بكات، سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌یه‌".

لە كۆبوونەوەى فراكسۆنى پەرلەمانى هەدەپە مەدحه‌ت سنجار وەڵامى لێدوانەكانى ئەكشنارى دايەوە، گوتى، "پارتى فەرمانڕەوا بە ناوى دەسەڵاتەوە ناتوانێت هێرش بكاتە سەر پارتەكەمان، هه‌ر كەسێتى تريش هەر هێرشێك بكاته‌ سه‌رمان رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه‌، بۆيە تۆمەتباركردنى پارتەكەمان به‌ تيرۆر، خۆدزيينەوەیە لە رەخنەگرتن و هەوڵدانە بۆ قەرەبووكردنەوەى ئەو قسانەى پێشتر كراوە."

لە پاڵ ئەو ململانێيەى هەدەپە و پارتى چاكە، كەمال كليچدار ئۆغلۆى سەرۆكى جەهەپە دواى دەنگنەدانى بە درێژكردنەوەى ماوەى سەربازى لە عێراق و سووريا، بەڵێنى دا باره‌گاكانی پەكەكە لە قەنديل بۆردوومان بكات، ئەوەش دژيەكيەكى روونه‌ لە نێوان هەڵسوكەوتوو و لێدوانەكانى.

بورهانەدين دەوران رايگەياند، "ئەو كارانەى ئەكشنار و كليچدار ئۆغلۆ ستراتیژ نییه‌، بەڵكو تاكتیكە بۆ كۆنتڕڵكردنى بنكەى جەماوەريان و تێپەڕاندنى ناكۆكييەكانى ناو هاوپەيمانييەكه‌یان، بەو ئامانجەى رێگە نەدەن مەهەپە دەنگەكانيان ببات، هه‌رچه‌نده‌ جەهەپە فشارێكی زۆری رایگشتی له‌سه‌ره‌، به‌ڵام له‌ نزيكبوونەوەى لەگەڵ هەدەپە پاشگەز نەبۆتەوە.

دەوران ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، "مانەوەى دەميرتاش لە زيندان و كاردانەوەى داخستنى پارتەكەى، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌  پارتى چاكە بخاتە تەنگەژەوە، ئه‌وه‌شی لای كلچیدار ئۆغلۆ گرنگه‌ دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌کەیە‌ بۆ ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان، نه‌ك دژبه‌یه‌كی له‌ لێدوانه‌كانی".

هەرچەندە ئاكشنار ئامانجى ئه‌و ده‌نگی راستڕه‌وه‌‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌، كه‌‌ هێشتا خۆیان یه‌كلانه‌كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین تاقيكردنەوەیه‌ لەبەردەم دەنگدەرانى پارته‌كه‌ی، چونكه‌ پارتى چاكە ناتوانێت فيكرى نەتەوەيى كوردستانى هەدەپە قبوڵ بكات، بەڵام دووريش نییه‌ لە داهاتووێكى نزيك ئەو ناكۆكييانه‌ ببێتە پێچڕانى پەيوەندييان لەسەر ئاستى باڵاى هاوپەيمانييەكەيان، بە دووريش نازاندراێت له‌ پێناو هێشتنه‌وه‌ی كه‌شنار له‌به‌ره‌ی خۆی سەرۆكى چەهەبە گوتارەكانى بگۆڕێت.

هاوپەيمانى ناچارى

محەمەد ئاجاد دەڵێت، "ئەگەرچى بۆچوونى پارتى چاكە و هەدەپە لە رووكەش دژ به‌ یه‌كن، بەڵام لە كۆتايىيدا يەك ئامانجى هاوبەشيان هەيە، كە هاوپەيمانييەك ناچارى كردوون پێكەوە كاربكەن، بۆيە ناتوانن پەيوەندييەكانيان به‌ ته‌واوی بپچێڕنن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هاوبەشى ستراتيژى نێوان جەهەپە و هەدەپە بۆتە مايەى نيگەرانى زۆرى نەتەوە پەرستەكانى توركيا، بۆیه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ناچارییه‌"

هاوپەيمانى پارتە ئۆپۆزسيۆنەكان بەبێ هەدەپە سەركەوتوو نابێت

ئەيتۆغ ئەتيجى بەرپرسى مه‌شق و راهێنانی جەهەپە رايگەياند، "لە هەڵبژاردنى داهاتوو پارتەكەى لەگەڵ پارتى چاكە بەبێ دەنگەكانى هەدەپە سەركەوتوو نابێت، تائێستا نەخشەى هاوپەيمانييەكانى داهاتوو روون نييە، ئەگەرى هەيە پارتى چاكە ياخود ئێمە له‌و هاوپه‌یمانییه‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ین، چونكە ناتواندرێت لە هاوپەيمانييەك بين، دەنگدەرانى هەدەپە و پارتى چاكە دەنگى پێ نەدەن، ئەوكات ئۆپۆزسيۆن تەنيا وەك ناوێك دەمێنێتەوە، ئەوەش بەشێكى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ديدى پارتەكان لێك جياوازن، جەهەپە لەگەڵ پارتى باشە جياوازە، پارتى سەعادە پارتێكى موحافيزكارە، خاوەنى پاشخانێكى ئيسلامييە، هەدەپە ئايدۆلۆژياى تايبەت بەخۆى هەيە، هەرچەندە ئەوە ناگاتە داڕوخانى ئەو هاوپەيمانييە، بەڵام كاريگەرى لەسەر ده‌نگه‌كان دەبێت".

سياسەتى دەرەوە و ئاسايشى نەتەوەيى

كوربرا ئابار نووسەرى تورك دەڵێت، "ئۆپۆزسيۆن ئەو هاوپەيمانييەى بە ئامانجى گەڕانەوەى سيستەمى پەرلەمانى دروست كردووه‌، ئه‌وه‌ش چه‌ندین پرسیار به‌دوای خۆی ده‌هێنێت، كه‌ ئایا: ئۆپۆزسیۆن كێشە ئابوورييەكان چۆن چارەسەر دەكەن و پڕۆژەكانيان چييە؟ سياسەتيان بەرانبەر پرسە نیشتيمانييەكان چۆنە؟ ئايا شێوازێكى نوێى ژيان پەيڕەو دەكەن، گرنگى بە بەها رۆحييەكان بدات؟".

ئەو نووسەره‌ له‌  پرسيارى سێيەم بەڕوونى ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەوە دەستوەردان نييە لە ژيانى بەتايبەت لاى موحافزكارەكان، هەرچەندە راپرسيیەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن سه‌ركه‌وتن، هاوپەيمانى جمهور ترسى لە دەستدانى دەستكەوتەكانى هەيە، له‌ بواری ئابووری ئۆپۆزسيۆن رەخنەى زیاترە تا لە‌ خستەڕووى چارەسەرى پێويست‌، ئەو كەمتەرخەميەش كاريگەرى بەرچاوى له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران دەبێت.

سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ئۆپۆزسيۆن زۆر لاوازه‌، بەتايبەت لەدواى (15)ى تەموزى (2016 ) سياسەتى دەرەوە لەگەڵ سياسەتى ناوخۆ تەواوكارى يەكترين، گوتارى هێشتنەوەى نەتەوەيى كاريگەرى زۆرى لەسەر جەماوەرى ئەو وڵاتە هەيە، بەشێكى زۆرى دەنگدەرى ئۆپۆزسيۆن پەيوەيستە بە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، كە پێيان وايە ئەو سياسەته‌ى حكومەتی وڵاته‌كه‌یان په‌یڕه‌وه‌ی ده‌كات سياسەتێكى دروسته‌، بۆيە ئۆپۆزسيۆن ناتوانێت وێنەيەكى روون بۆ داهاتووى سياسەتى دەرەوەی توركیا ديارى بكات.

ئابار ئاماژه‌ به‌ چه‌ندین ناكۆكی قووڵ ده‌كات، وەک خۆى دەڵێت "ناكۆكى نێوانيان لەسەر درێژكردنەوەى مانه‌وه‌ی سوپاى توركيا لە عێراق و سووريا، كه‌ يەكێكە له‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان جەهەپە و پارتى چاكە، له‌سه‌ر ئاستى بنكەى جەماوەرشيان ناكۆكى زۆر لەسەر ئەو هەڵوێستانەيان هەيە، ئەوەش بۆتە لاوازكردنى ئۆپۆزسيۆن".

درۆنى توركى لە پارەى گيرفان بە نرخترە

ئەو نووسەرە پرسيار دەكات، "ئەگەر ئۆپۆزسيۆن سەركەوتوو بوو سياسەتى دەرەوەى جەهەپە جێبەجێ دەكەن، ياخود پارتى چاكە، دەتوانن وەڵامى داخوازييەكانى هەدەپە بدەنەوە، كە دژ بە ئۆپراسيۆنەكانى سەر هەسەدەيە لە سووريا؟ كۆتايى بە ئۆپراسيۆنەكانى سوپاى توركيا لە سووريا  دەهێنن؟ لە ئيدليب پاشەكشە دەكەن؟ داواى فڕۆكەى ئێف (16) لە ئەمريكا دەكەن؟ سيستەمى ئێس (400)ى رووسى بەگەڕ دەخەن؟ سوپاى توركيا لە ليبيا دەكشێننەوە؟"

دەيان پرسيارى تر سەبارەت بە سياسەتى دەرەوەى تورکیا هەيە، كە پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان هیچ وەڵامێكيان نييە، عەلى باباجان سەرۆكى پارتى ديموكراسى و پێشكەوتن سه‌باره‌ت بە هەڵوێستى دەنگدەرانى هاوپەيمانى جمهور دەڵێت، "ده‌نگده‌رانیان ده‌ڵێن: راستە ئێمە نانمان نيیە، بەڵام فڕۆكەى بێ فڕۆكەوانمان هەيە"، بۆيە پێويست ناكات ئۆپۆزسيۆن ئەنجامى هەڵبژاردنى داهاتوو بخاتە گيرفانى، مادام رەهەندى هاوسۆزى ئەوانە تێنەگەيشتووە كە فڕۆكەى بێفڕۆكەوانیان لە پارەى گيرفانيان له‌لا باشترە، زۆر ئه‌سته‌مه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ ئاسانی بتوانن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن.

دەوران دەڵێت، "ئەگەرى ئۆپراسيۆنى سەربازى دژ بە باكوورى رۆژئاواى سووريا و پرسى داخستنى هەدەپە و گريمانەى داواكارييە رادیكاڵەكانى هەدەپە لە هاوپەيمانى دەبێتە ئاڵۆزى نوێى ناو ئەو هاوپەيمانييە".

هەروەها ئەگەرى ئەوە هەيە لەلايەك پارتەكان بۆ هەڵبژاردنى (2023) پەنا ببنە بەر هەندێك بابەتى نەتەوەيى و ديدى ئەتاتورك بۆ توركيا، لە لايەكى ترەوە گوتارێكى نوێيان هەبێت بۆ راكێشانى دەنگى كورد".

ژينگەى سياسى توركيا لە گۆڕانە، وەك هەڵبژاردنى رابردوو،  دۆستەكانى ئەمڕۆ سبەى دەچنە بەرەيەكى تر، لەگەڵ نزيكبوونەوەى هەڵبژاردن پارتەكان مەرج و ئەجێنداى خۆيان بۆ چوونە هاوپەيمانييەكان ئاشكرا دەكەن".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین