فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران له‌ به‌غدایه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌ عێراقییه‌كان بۆ ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌یان ئاشكرا كردووه‌، به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ى میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێران كۆبووته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ هه‌شتى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ زانیارى ئه‌وه‌ى وه‌رگرتووه‌، به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ ئیسماعیل قائانى به‌ سه‌ردانێكى رانه‌گه‌یێندراو گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ى میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێران كۆبوونه‌وه‌ى كردووه‌.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌ڵێ تا ئێستا ورده‌كاريى زیاتر بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ى قائانى له‌ كاتێكى هه‌ستیاردایه‌ چونكه‌ چه‌ند كاتژمێرێك دواى ئه‌و هێرشه‌ دێت كه‌ به‌ره‌به‌یانى دوێنێ بۆ تیرۆركردنى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ به‌غدا ئه‌نجام درابوو.

ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات میلیشیاكانى ئێران له‌و جۆره‌ هێرشانه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێن، كه‌ پێشتریش چه‌ندان هێرشى له‌م جۆره‌یان له‌ به‌غدا و شاره‌كانى ترى عێراق ئه‌نجام داوه‌.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ حه‌وتى تشرینى دووه‌م، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق راگه‌یاند هێرشى مووشه‌كى كراوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ى له‌ به‌غدا، به‌ڵام جگه‌ له‌ زیانى ماددى هیچ زیانێكى گیانى نه‌بووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین