هۆكارەکانى نزیكبوونەوەى توركیا و ئیمارات لە یەکترى وەرگێڕان

نوچەنێت:

ئیمارات زۆر بەخێرایى لەگەڵ توركیا دەستى بە ئاساییكردنەوەى پەیوەندییەكانى كرد، بڕیارە لە كۆتایى ئەم مانگەش محەمەد بن زاید لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆبێتەوە.

بەرپرسێكى توركیا بە رۆیتەرزى راگەیاند، "ئەردۆغان و بن زاید گفتوگۆ لەسەر پەیوەندى دوو لایەنە و ئاڵۆگۆڕى بازرگانى ناوچەكە و وەبەرهێنان دەكەن"

ماوەى (10) ساڵە ئەو دوو وڵاتە لەسەر ئاستى باڵا كۆنەبوونەتەوە، ئەم دیدارە بۆ هەردوو وڵات بایەخى تایبەتى خۆى هەیە، کە چەندین تەوەرەى گرنگ لەخۆ دەگرێت.

لە مانگى ڕابردوو، تەحنون بن زاید ئال نیهان ڕاوێژكارى ئاسايشى نەتەوەيى ئيمارات سەردانى توركیاى كرد و لەگەڵ ئەردۆغان كۆبووەوە، ئەو سەردانە رێگەى بۆ كۆبوونەوەى چاوەڕوانکراوى سەرۆكى هەردوو وڵات خۆشکرد.

عەبدولخالق عەبدوڵا، پسپۆڕى ئیماراتى ڕایگەیاند، "ئەو دیدارە چاوەڕوانكراوەى بن زاید و ئەردۆغان ئەنجامى سەردان و گفتوگۆ جدییەكانى پێشووە، كە لەسەر چەند ئاستێكى جیاواز كۆبوونەتەوە، دەستپێشخەرى شانشینى ئەبوو زەبى بۆ سەردانیکردنى توركیا دەرفەتێكە بۆ سەركەوتنى ئەو كۆبوونەوەیە".

لە لایەكى ترەوە، محەمود عەلوش، لێكۆڵەر لە كاروبارى توركیا رایگەیاند، "دیدارى هەردوو سەرۆك، واتە دەستپێكردنەوەى پەیوەندى دوولایەنە و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانى نێوانیان".

عەبدولخالق پێیوايە، "ئەبوزەبى هيواخوازە دووبارە پەيوەندييەكانى لەگەڵ توركيا دەست پێبكاتەوە".

لەبارەى هۆكارى ئاسايیبوونەوەى ئەو دوو پەیوەندییە، عەلوش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "لەسەرەتاى ساڵى ڕابردووەوە دۆخێكى نوێ هاتە كايەوە، سياسەتە ناوچەييەكان هاوكارە بۆ ئاساييكردنەوەى پەیوەندى نێوان ئيمارات و توركيا".

سەبارەت بە هۆكارەكانيش، چاودێرانى سياسى چەند هۆکارێکیان خسۆتەڕوو لەوانە:

يەكەم: پرسى ئابوورى گرنگى لە پێشينەى ئيماراتە، هەر ئەوەشە بۆتە پاڵنەرى ئەو سەردانە، بۆ ئەوەى پەيوەندیى ئابوورى نێوانيان و وەبەرهێنان بەهێزتر بكەن، بەتايبەت قەبارەى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى نێوان توركيا و ئيمارات (15) مليار دۆلارە.

دووەم: ئيدارەى نوێى ئەمريكا ئاڕاستەى بەرانبەر سووريا و عێراق و ئەفغانستان و يەمەن گۆڕاوە، بۆيە پێويست بوو، ئاڕاستەى ستراتيژیى توركيا و ئيماراتيش بگۆڕێت، چونكە ئەو ناوچەيە پێويستى بە چاودێرى هاوپەيمانانە، لە هەمان كاتيش بەريەكکەوتنى نێوان ئەو دوو وڵاتە زيانى گەورەى ئابوورى لێ دەكەوێتەوە.

سێيەم: ئەو ديدارە چەند ئامانج و رەهەندێكى سياسى هەيە، چونكە توركيا و ئيمارات لەسەر چەندين دۆسيە ناكۆكن، ئەنقەرە چۆتە ناو ناكۆكييەكانى كەنداو، هێزى سەربازى لە سووريا و ليبيا هەيە، ئەوەش وادەكات راستەوخۆ ببێت بە بەشێك لە ناكۆكييەكان، لە هەمان كاتيش ئيمارات دەيەوێت هاوكارى توركيا بكات بۆ چارەسەرى هەندێك قەيران، ئەمەیش لەبەرانبەر گرتنبەرى هەندێك هەڵوێستى تازە لە دۆسيەى سووريا و ليبيا.

چوارەم: ئەردۆغان هەوڵدەدات پێش هەڵبژاردنى (2023) وەبەرهێنەرانى كەنداو بگەڕێنەوە وڵاتەكەى، بۆ بووژانەوەى دۆخى ئابوورى، ئاشتەوايشى لەگەڵ ئيمارات كاريگەرى ئەرێنى دەبێت بۆ دووبارە ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى ئەردۆغان لەگەڵ ميسڕ و سعوودييە.

پێنجەم: ئيمارات بايەخ بە پيشەسازى سەربازى توركيا دەكات، بەتايبەت دواى سەركەوتنەكانى لە چەند بەرەيەكى جەنگى وڵاتان، ئەوەش ئەو ويستەى لا دروستكردووە، كە پێويستە توانا سەربازييەكانى جۆراوجۆر بكات.

لەبەرانبەر ئەو بۆچوونانە باكير ئاتاجان بەڕێوەبەرى پەيمانگەى ئيستەنبوڵ بۆ فيكر پێوايە، "ئەنقەر و ئەبوو زەبى بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانيان هيچ سازشێك بۆ يەكترى ناكەن، چونكە ئەنقەرە نايەوێت كارتەكان تێكەڵ بن، بەڵكو قازانج و زيانەكان دابەش دەكات، پاشان گفتوگۆ لەسەر چارەسەركردنى ناكۆكيەكانى لەگەڵ ئەو وڵاتانە ناكۆكەكان دەكات، پەتاى كۆڕۆناش پاڵنەر بوو كە پەيوەندى بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندى وڵاتە ناكۆكەكان، چونكە ئەوە ناكۆكيانە زيانى زياتر دەبێت".

سەرچاوە توركييەكانيش ئاماژە بەوە دەكەن، لەو سەردانە بن زايد شرۆڤەيەكى گرنگ دەخاتەبەردەم ئەردۆغان، تاوەکو توركيا لە بەرەى (ئيماراتى ــ ئێرانى) وەبەرهێنان بكات، كە (هێڵى شاريقە ــ مێرسين) كە ماوەى گەشتەکان لە (20) رۆژەوە بۆ شەش تا هەشت رۆژ كەم كردۆتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین