سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: ئازادکردنى ژنان لە نایەکسانى تەنها یەکێکە لە هەنگاوەکان هەواڵ

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە کۆنفرانسى (یەکسانی جێندەری و ستراتیژیی هێزی ژنان، نموونەی هەرێمی کوردستانی عێراق) ڕاگەیاند، باسى یەکسانى نێوان نێر و مێ، لەبنەچینەدا باسێکى سیاسییە، پەیوەستە بە مافى تاکە کەسییەوە لە کۆمەڵگەدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە (28)ى تشرینى دووەم (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆنفرانسى (یەکسانی جێندەری و ستراتیژیی هێزی ژنان، نموونەی هەرێمی کوردستانی عێراق) لە هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە میانى وتارەکەیدا باسى لەوەکرد، "کاتێ تاک لەسەر پرسى یەکسانى و ئازادى پەروەردە دەکەین، ئافرەتییش لە توندوتیژى و ستەم و چەوساندنەوە دەپارێزین، کە پێویستە ئەم کولتوورە لە خوێندنى سەرەتایى دا لە مێشکى منداڵەکانمان جێگیر بکرێ."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەشێکى وتارەکەى گووتیشى، "هەوڵى ئێمە بۆ ئەوەیە کۆمەڵگە بکەین بەو ناوەندە کە تێیدا ئافرەتیش وەک پیاو ئەو ئازادییەى هەبێت و تواناکانى خۆى پەرەپێبدات، وەک تواناى پەروەردەیى، سیاسى و هونەرى و ئابوورى."

هەروەها سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە وتارەکەیدا رونیشیکردەوە، "ئازادکردنى ژنان لە نایەکسانى تەنها یەکێکە لە هەنگاوەکان، کۆمەڵێک هەنگاوى تر هەن وەک ئازادکردنیان لە توندوتیژى لە ناوخێزان و کۆمەڵگەدا، ئازادکردنیان لە بێ سەرچاوەیى بێ داهاتى و هەژارى و ستەمى کۆمەڵایەتى."

کۆنفرانسى (یەکسانی جێندەری و ستراتیژیی هێزی ژنان، نموونەی هەرێمی کوردستانی عێراق)، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونى چەندین بەرپرسى باڵاى کوردستان و بیانى بەڕێوەدەچێت، لەوانە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین