سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: دەبێ پیاو و ژن وەک یەک ڕێز لە جیاوازییەکانیان بگیرێت هەواڵ

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە کۆنفرانسى (یەکسانیی جێندەری و ستراتیژییه‌تی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا)، ڕایدەگەیێنێت، "زۆر هۆکار هەن کە وایانکردووە ئافرەت ستەملێکراو بێت لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، لەوانە: بەشوودانی زۆرەملێ، کوشتن بە بیانووی ئابڕوو، دەستدرێژیی سێکسی، توندوتیژی لە ناوەوەی و لە دەرەوەی خێزان."

ئەمڕۆ یەکشەممە (28)ى تشرینى دووەم (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، بەشداری لە كردنەوەی كۆنفرانسی (یەکسانیی جێندەری و ستراتیژییه‌تی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا) كرد كە بە هاوبەشی نێوان زانكۆكانی سلێمانی، دهۆك، هەولێر و كوردستان، لە هەولێر ساز كرا.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، لە بەشێکى وتارەکەیدا دەربارەى توندوتیژى دژ بە ئافرەتان لە کوردستان، بەشێکى هۆکارەکەى گەڕانەوە، "بۆ جێبه‌جێكردنى به‌هه‌ڵه‌ى دابونەریت."

هەروەها سەرۆکى هەرێمى کوردستان، یادى زاناى ناودارى کورد مستەفا زەڵمى کردەوە، کە لەڕووى یاساییەوە خزمەتێکى زۆرى  مافى ئافرەتانى کردووە و گووتیشى، "سوپاسێكی تایبەتی مامۆستایانی ئایینیش بكەم كە لەو كاتەدا یارمەتییەكی یەكجار زۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان دا بۆ تێگەیشتنی زیاتری كۆمەڵگە لە مافەكانی ئافرەتان، هیوادارم هەردەم بەردەوام بن."

 

دەقى ناوەڕۆکى وتارەکەى سەرۆك نێچیرڤان بارزانی:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز

ڕۆژتان باش

هه‌موو لایه‌كتان به‌ خێر بێن بۆ ئەم كۆنفرانسە..

خۆشحاڵم پێكه‌وه‌ به‌شدارى له‌ كۆنفرانسی “یەکسانیی جێندەری و ستراتیژییه‌تی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا” ده‌كه‌ین کە بەشێکە لە هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان.

ده‌ستخۆشى له‌ زانکۆكانی سلێمانی، دهۆک، سەڵاحەدین و كوردستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م كاره‌ هاوبه‌شه‌یان كه‌ بایەخێكى تایبەتی هه‌یه‌ لە هەرێمی كوردستان. هاوكاریى نێوان چوار زانكۆ له‌سه‌ر بابه‌تێكى ئاوا، هه‌نگاوێكى گرنگ و مایه‌ى خۆشحاڵییه‌، پێویسته‌ هاریكارى و هاوبه‌شیى هەموو زانكۆكانی كوردستان لەم بوارەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ببێت. هیوادارم ئه‌نجام و ڕاسپارده‌ى زۆر باش له‌م كۆنفرانسه‌ بكه‌وێته‌وه و سوودیان لێ وه‌ربگیرێت بۆ ئایندەی ئەم كارە گرنگەی كە لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە.

دەمەوێ بەخێرهاتنی هەموو ئەو میوانە بەڕێزانە بكەم ئەوانەی كە تەشریفیان هێناوە بێ ئەوەی ناو بهێنم بەخێرهاتنیان دەكەم و هیوادارم كاتێكی خۆشیان هەبێت لە هەولێر.

بەڕێزان،

باسی یەکسانیی نێوان نێرومێ، کوڕ و کچ و پیاو و ژن، لە بنچینەدا باسێکی سیاسییە، پەیوەستە بە مافی تاکەکەسەوە لە کۆمەڵگادا. ئەگەر مافەکان بۆ هەموو تاکەکان وەک یەک بن، کەواتە نابێ ڕەگەزێک ئەوی دی پەراوێز بخات، نەیخوێنێتەوە، بەشداری پێنەکات، یاخود ستەمی لێ بکات و لەگەڵیدا توندوتیژ بێت. زۆر هۆکار هەن کە وایانکردووە ئافرەت ستەملێکراو بێت لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، لەوانە: بەشوودانی زۆرەملێ، کوشتن بە بیانووی ئابڕوو، دەستدرێژیی سێکسی، توندوتیژی لە ناوەوەی خێزان و لە دەرەوەی خێزان، یاخود پەراوێزخستن و ژێردەستەکردنی.

بەشێک لەو هۆکارانە جێبه‌جێكردنى به‌هه‌ڵه‌ى دابونەریتە. ئێمە کە دژی دەوەستینەوە، لەیەک کاتدا هەم ستەم لەسەر ئافرەت کەم دەکەینەوە، هەم ناشیرینییەکیش لە کولتووری خۆماندا دەسڕینەوە. بەشێکی دیکە لە هۆکارەکان، تێگەیشتنی هەڵەیە بۆ ئایین. ئێمە کە قەدەغەیان دەکەین، لەگەڵ ئەوەدا کە ئافرەت دەپارێزین، ئایینیش لە تێگەیشتنێكی هەڵە دەپارێزین. بەشێکی زۆریش لە هۆکارەکان لە ناڕۆشنبیریی تاکەکەسەوە سەرچاوە دەگرن، بۆیە کاتێک تاکەکەس لەسەر پرسی یەکسانی و ئازادی پەروەردە دەکەین، ئافرەتیش لە توندوتیژی و ستەم و چەوساندنەوە دەپارێزین. قسەكەم ئەوەیە كە پێویستە ئەمە لە خوێندنی سەرەتایی ئەم كولتوورە لە مێشكی منداڵانی ئێمەدا جێگیر بكرێت.

باوەڕی ئێمە ئەوەیە: نابێ کۆمەڵگە بە شێوەیەک بێت کە تواناکانی ئافرەت سنووردار بکات، یان بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئافرەتدا بکات کە ژێردەستەی بکات. هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە کۆمەڵگە بکەین بەو ناوەندە کە تێیدا ئافرەتیش وەک پیاو، ئەو ئازادییەی هەبێت تواناکانی خۆی پەرە پێبدات، توانای پەروەردەیی، هونەری، سیاسی، پیشەیی و ئابووری. کەواتە کاری ئێمە لە پرسی یەکسانیی هەردوو ڕەگەزدا، وەڵامێکی سیاسییە بۆ کۆمەڵێک پەیکەرەی کۆمەڵایەتی کە نیوەی کۆمەڵگە پەراوێز دەخەن لەسەر بنەمای جیاوازیی ڕەگەز.

لێرەدا ڕاستییەک هەیە دەمەوێ بیخەمەڕوو: زۆر باس لە یەکسانیی نێوان دوو ڕەگەز دەکرێت. دەمەوێ تێگەیشتنی خۆم بۆ یەکسانیی نێوان پیاو و ئافرەت لە یەک ئامانجی گشتگیردا بخەمەڕوو: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کۆمەڵگایەک بنیات بنێین کە تێدا پیاو و ژن وەک یەک سوودمەند بن لەو ده‌رفه‌تانه‌ى بۆیان دەرەخسێت. وەک یەک سوودمەند بن لە مافەکانیان. وەک یەک بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. بە جۆرێک کە هەردوو ڕەگەز بە یەکسانی بواریان پێبدرێت بۆ بەشداریی ئابووری، بۆ دروستکردنی بڕیار، بۆ ئەزموونکردنی ویستەکانیان و بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان.

کەواتە ئەم باسە زیاترە لە یەکسانی لە بەشداریکردندا. ئەم باسە پەیوەستە بە مافی ئافرەتەوە وەک تاک، کە بە دڵنیاییەوە، چەسپاندنی هەر مافێک پێویستی بە یاسا و کاری دامەزراوەیی هەیە لە هەرێمی كوردستاندا. ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا کارمان لەسەر هەردوو بنەمای چەسپاندنی مافی ژن کردووە، ئه‌وه‌ش لە ڕێگەی هەمواری یاسای باری کەسی و لە ڕێگەی بەدامەزراوەییکردنی مافی ئافرەته‌وه‌. بەڵام یەکسانی ئامرازە و، ئازادکردنی تاک و ئازادکردنی ئافرەت، ئامانجە.

ئازادکردن بە دوو مانا دێت: ئازادکردن لە ستەم و ئازادکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەرک. باوەڕی ئێمە ئەوەیە کە ئەم دوو جۆرە لە ئازادی، لە بەرژەوەندیی ژناندایه‌. سەرەتا ئێمە دەبێ ئافرەت ئازاد بکەین لە کۆمەڵێک هۆکار کە تواناکانی کۆتوبەند کردووە. کە ئەوەمان کرد ئینجا ئافرەت دەتوانێ ئازاد بێ بۆ دۆزینەوه‌ى تواناکانی خۆی لە کۆمەڵگادا.

یەکەم: ئازادکردنی ژنان لە نایەکسانی، تەنها یەکێکە لە هەنگاوەکان. کۆمەڵێک هەنگاوی دیكه‌ هەن، وەک ئازادکردنیان لە توندوتیژی (لە ناو خێزاندا و لە کۆمەڵگەشدا)، ئازادکردنیان لە بێ سەرچاوەییی داهات و هەژاری و، ئازادکردنیان لە ستەمی کۆمەڵایەتی و بێکاری لە كۆمەڵگەدا.

دووەم: ئازادکردنیان بۆ ئەنجامدانی ئەرک. ئافرەت ئەو کاتە ئازاد دەبێ بۆ ئەنجامدانی کار کە ئەرکی پێ دەسپێردرێت. تەنها کاتێک ئازادە کە وەک بکەرێکی کارا لە کۆمەڵگادا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بواری بۆ دەرەخسێنرێت تا بەپێی ویستی خۆی ئەو کایەیە هەڵبژێرێت کە لە ڕێیەوە دەتوانێت زۆرترین خزمەت بە كۆمەڵگە بکات.

ئەگەر ژن بەو واتایە ئازاد بێت، لەگەڵ ئەوەدا کە ئەرکی دایکایەتی بەجێ ده‌هێنێت، دەتوانێت شانبەشانی پیاو، خاوەن ئابووریی سەربەخۆی خۆی بێت. دەتوانێت ببێتە پزیشک، ببێتە ئەندازیار، مامۆستا، نووسەر، لێکۆڵەر، ڕەخنەگر، سیاسەتمەدار، چالاکوان، میدیاکار، پیشەوەر. تەنانەت دەتوانێت ببێتە پۆلیس و ئاشتیی کۆمەڵاتی بپارێزێت، یاخود ببێتە پێشمەرگە و پارێزەری خاک و نیشتمان بێت. ئەگەر حەزیش بكات دەتوانێت ببێتە سەرۆكیش، ئەوەش كێشەیەك نییە. بۆیە ژنان نابێ لە تواناکانیان جیا بکرێنەوە، چونکە بە پەراوێزخستنیان، کۆی کۆمەڵگه‌ی ئێمە زیانی پێدەكەوێت. ناکرێت ئافرەتان بخرێنە بەردەم جۆرێک لە بژاردەوە، ئەگەر یەکێکیان هەڵبژارد، دەستبەرداری ئەوی دیکە بن.

بۆ نموونە: لەنێوان ماڵ و کاری دەرەوه‌دا، تەنها یەکێکیان پێ ڕەوا ببینرێت! ئەمە دروست نییە، بەڵکوو دەبێ کەشی ماڵ بە شێوەیەک بێت، هاوکار بێت بۆ کاری دەرەوەیان. بە هەمان شێوە، کاری دەرەوەیان بە شێوەیەک ڕێکبخرێتەوە کە زیان بە ئەرک و پێگەیان نەگەیەنێت لە ماڵ، ئەگەر بڕیاریان دا ببن بە هاوسەر و ببن بە دایک. ئەم باوەڕە بۆ ئێمە تەنها دروشمێك نییە، بەڵکو جیهانبینیی ئێمەیە. جیهانبینییەک كە لای ئێمە سێ ڕەهەندی هەیە: ڕەخنەیە، دیدگایە، نەخشەڕێییە.

ڕەخنەیە، لە قۆرخکاریی کایەکانی ژیان بەتەنها لەلایەن پیاوەوە. ئەم قۆرخکارییە دەبێ ڕاست بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئافرەتیش لە کایەکانی ژیاندا بەشدار بن، دەبێت هەموو كارێك لەم ڕووەوە ئەنجام بدرێت. دیدگایە: ئێمە کۆمەڵگەیەک وێنا دەکەین کە دەوڵەمەندە بە داهێنانەکانی پیاو و ژن بە بەشــداری و کـاری هـەردوو ڕەگــەز، بۆ ئەوەی هەردوو ڕەگەز تێیدا سەربەست بن و لە جوانییەکانی ژیان زیاد بکەن. نەخشەڕێگایە: چونکە ئێمە بە شێوەیەکی کردەیی، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بە سێ میکانیزم کارمان لەسەر کەمکردنەوەی پەراوێزخستنی ئافرەت کردووە لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیاندا:

یەکەم: لە ڕێێ هەمواری یاساکانەوە بەتایبەت یاسای کەسێتیی عیراقی. به‌ دیاریكراویش یاساکانی ساڵانی ١٩٥٩ و ١٩٦٩ بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان.

دووەم: لە ڕێی بەدامەزراوەییکردنی یەکسانیی هەردوو ڕەگەزه‌وه‌، بەتایبەتى جێکردنەوەی ژن لە دامەزراوە فەرمییەکان و ڕێکخستنی ئەو دامەزراوانە بە جۆرێک كه‌ پارێزگاری لە ڕۆڵ و پێگەی ژنان بكرێت.

سێیەم: لە ڕێی هاندانی ژنانه‌وه‌ بۆ بەشداریی سیاسییان، بەتایبەتیش زیادکردنی ڕێژه‌ی کۆتا له‌ پەرلەمان لە سەدا بیست و پێنجەوە بۆ سەدا سی، بەمەبەستی زیادکردنی ئامادەییی ئافرەتان لە دەسەڵاتی یاسادانان و دروستکردنی بڕیاردا.

بەڕێزان،

بە کورتی: کارەکانمان بۆ بەهێزکردن و پشتیوانیکردنی ژنانه‌ بۆ ئەوەی بتوانن تواناکانی خۆیان به‌جێ بكەن. بەڵێ دەتوانین بڵێن: توانیومانە خزمەتێکی بنچینەیی بە پرسی یەکسانیی پیاو و ئافرەت بکەین، بەڵام بەربەستەکان هەر ماون و پێویستە هەوڵی جددی بدرێت بۆ نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی كە لەم بوارەدا دووچاری هەرێمی كوردستان دەبنەوە. بۆ بنه‌بڕکردنیان، پێویستیمان بە هاوکاریی هەردوو ڕەگەزە. ئەم هاوکارییەش تەنها کاتێک بەرهەمدار دەبێت کە هەردوو ڕەگەز، وەک تەواوکەری یەکتر، یەکتری بخوێننەوە و ڕێزی هاوبەش و بەهای هاوبەش هەردوولایان كۆبكاتەوە.

لە ڕاستیدا، نەتەوە و کولتوور و ئایین، ئەو بڕیارەی بۆ داوین کە دوو ڕەگەزی نێرومێ، تەواوکەری یەکترن، هاوکاری یەکترن، پێکەوە ژیان بەرهەم ده‌هێنن، وەک یەک بەهایان هەیە، وەک یەک گرنگن بۆ دروستکردن و مانەوە و بەردەوامیی ژیان، ئەمانە هەموویان نە كێشەیان لەگەڵ ئایین هەیە نە كولتوور، هەموویان ئەو ڕێگەیەمان پێدەدەن. گرنگ ئەوەیە ئەو دوو ڕەگەزە ستەم لە یەکتر نەکەن، هەردوولایان. بنەمای کۆتاییهێنانی ستەمیش پاراستنی مافە. بۆیە پێویستە هەردوو ڕەگەز وەک یەک مافیان هەبێت، وەک یەک ئەرکیان پێ بسپێردرێت، وەک یەک ڕێز لە جیاوازییەکانیان بگیرێت وەک یەک ده‌رفه‌تیان بۆ بڕەخسێنرێت.

هەر بۆیە کاتێک کە خۆشەویستی و ڕێزی هاوبەش لە ناوەوە و له‌ دەرەوەی خێزان، لە کایەی تایبەت و کایەی گشتی، هەردوو ڕەگەز کۆدەکاتەوە، بەرهەمەکەی سوودی هەموو کۆمەڵگه‌یە، بەرهەمەکەی، کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و ئازاد و تێگەیشتووە.

با ئەوەش بەبیر خۆمان بهێنینەوە: ئەوەی کە بۆتە بەربەست لە بەرانبەر ئافرەت، تەنها پیاو نییە. ئەگەر پیاوێک بێت و ستەم بکات، پێویستە دەستی بگیرێت و بواری نەدرێت. بەڵام هەندێک جار ئەوەی کە ستەم لە ژن دەکات، دەکرێ ئافرەتێکی دیكه‌ بێت کە پێویستە پەروەردە بکرێت. یاخود، دەکرێ هەندێک هەڵەی دابونەریت بن کە پێویستە بنه‌بڕ بکرێن. دەکرێ هەندێک یاسا بن کە پێویستە بە هەموارکردنەوە، هەموار بكرێنەوە. دەکرێ هەندێک تێگەیشتنی ئایینی بن کە پێویستیان بە ڕاستکردنەوەیە. دەکرێ تەنانەت سیستەمێکی سیاسی بێت و پێویستی بە کرانەوەی زیاتر هەبێت بەڕووی بەشداریكردنی ژنان.

ئافرەت پێویستە ئازاد بێت. ئازاد بێت لە توندوتیژی و کۆتوبەند و چەوساندنەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە کایەی گشتیدا شانبەشانی پیاو ڕۆڵی هەبێت لە پێشخستنی بوارە جیاکان.

هەروەها دەمەوێ لێرەدا بەڕێزەوە یادی دوو خانمی كارا، خوالێخۆشبوو مەهاباد قەرەداخی و خاتوو نەمام غەفووری بكەمەوە كە خزمەتێكی زۆریان لەم بوارەدا كرد و بەداخەوە هەردووكیان بە كۆرۆنا كۆچی دواییان كرد.

هەروەها لێرەوە بەتایبەتی دەمەوێ بڵێم، هەمیشە ئێمە لەم بۆنانەدا دەبێت بە ڕێزەوە یادی زانای ناودار خوالێخۆشبوو مامۆستا مستەفا زەڵمی بكەینەوە كە بەتایبەتی بەڕێزیان لە ڕووی یاساییەوە هەوڵ و كۆشش و ماندوبوونێكی زۆری بینی و خزمەتێكی زۆری بۆ پاراستنی مافی ئافرەت و یەكسانی كرد.

هەروەها دەمەوێ سوپاسێكی تایبەتی مامۆستایانی ئایینیش بكەم كە لەو كاتەدا یارمەتییەكی یەكجار زۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان دا بۆ تێگەیشتنی زیاتری كۆمەڵگە لە مافەكانی ئافرەتان، هیوادارم هەردەم بەردەوام بن، بە بەردەوامی كۆمەڵگە تێبگەیەنن لەسەر یەكسانی، مافی ئافرەت، توندوتیژی، ئەوە دەبێت ببێتە بەرنامەی ڕۆژانەتان پەنا بەخوا.

سوپاس بۆ هەمووتان، بۆ گوێگرتنتان، هیوای ڕۆژێكی باش و خۆشتان بۆ دەخوازم و هیوادارم ئەم كۆنفرانسە جددی بێت و كارەكانتان بە جددی وەرگرن. هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و هەر سەركەوتوو بن.

هەموولایەكتان بەخێربێن،

سوپاس.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین