ناتۆ دووبه‌ره‌كى له‌نێوان سه‌ركرده‌كانى عێراق دروست ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دواى ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى ئاشكراى كرد، به‌ نیازه‌ هێزه‌كانى له‌ عێراق هه‌شت هێنده‌ى ئێستا زیاد بكات، دووبه‌ره‌كى له‌نێوان سه‌ركرده‌كانى عێراق دروست ده‌بێت و مسته‌فا كازمى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌م بڕیاره‌ به‌ ره‌زامه‌ندى ئه‌و بووه‌ و راوێژكارى ئاسایشى نیشتمانیش بێ ئاگایى عێراق نیشان ده‌دات.

رۆژى پێنجشه‌مى رابردوو یه‌نس ستۆلتنبێرگ سكرتێرى گشتى هاوپه‌یمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى ناسراو به‌ "ناتۆ" له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى ئاشكراى كرد ناتۆ ژماره‌ى سه‌ربازه‌كانى  500 كه‌سه‌وه‌ بۆ چوار هه‌زار كه‌س زیاد ده‌كات.

ستۆلتنبێرگ دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش ده‌كاته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كردووه‌ و دڵنیایى كردووه‌ته‌وه‌ هیچ هه‌نگاوێكى ناتۆ بێ ره‌زامه‌ندى عێراق نابێت.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 20ى شوبات مسته‌فا كازمى دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ى ناتۆ ره‌زامه‌ى حكومه‌تى عێراق وه‌رگیراوه‌.

كه‌چى قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى عێراق له‌ تویتێكدا ده‌ڵێ هیچ رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نییه‌. چه‌ندان لایه‌نى شیعه‌یش دژایه‌تیان بۆ هه‌نگاوه‌كه‌ى ناتۆ ناوه‌.

ته‌حسین خه‌فاجى گوته‌بێژى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق له‌ لێدوانێكدا روونى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌ركى ناتۆ له‌گه‌ڵ ئه‌ركى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌دژى داعش جیاوازه‌ و ئه‌ركى ناتۆ ته‌واو راوێژكارییه‌.

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین