پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانى تورکیا رووبەڕووى ئەردۆغان دەبنەوە شیکاری

نوچەنێت:

جارێكى تر هەڵبژاردنى پێشوەختە بووە بە بابەتى گفتوگۆى گەرمى نێوان حكومەت و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانى توركیا، ئەوەش لە كاتێکدایە دابەزينى لیرەى توركى ئاستى پێوانەیى تێپەڕاندووە.

پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانى تورکیا سوورن لەسەر ئەوەى لە نزیكترین كات هەڵبژاردنى پێشوەختە بكرێت، لەبەرامبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلى سەرۆكى مەهەپە هەڵبژاردنى پێشوخەتە رەت دەكەنەوە.

لە هەفتەى رابردوو سەرۆك كۆمارى توركیا رایگەیاند، "ئەو داوایەى ئۆپۆزسیۆن كارى دەوڵەتى خێڵە، نەك دەوڵەتێكى پێشكەوتوو، هەڵبژاردنى وڵاتەكەمان لە مانگى حوزەیرانى (2023) بەرێوە دەچێت".

رۆژنامەى جمهورییەت بڵاویكردەوە، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لەو قۆناغە دەیانەوێت فشار بخەنە سەر حكومەتى توركیا، لە مانگى داهاتووش سەرۆكى ئەو پارتانە لەسەر ئەو پرسە كۆدەبنەوە.

بڕياريشە چوارى مانگى داهاتوو كەمال كلیچدار ئۆغلۆى سەرۆكى پارتى جەهەپەى ئۆپۆزسیۆن سەردانى شارى مێرسن بکات بۆ كۆكردنەوەى ئەو كەسانەى داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەكەن.

سەلاحەددین دەمیرتاشى هاوسەرۆكى پێشووى هەدەپەش لە رێگەى تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشدارى لەو داواكارییە كرد، لە هەمان كات داواى ئەنجامدانى حەوت رێپێوانى هاوبەشى نێوان پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لە حەوت ناوچەى جیاواز كرد.

ئەحمەد داود، ئۆغلۆ سەرۆكى پارتى ئاییندە رەخنەى لە لێدوانى ئەردۆغان گرت، كە هەڵبژاردنى پێشوەختەى رەتكردەوە، لێدوانەكەى سەرۆكى توركياى بە ڕەتكردنەوەى دیموكراسى لە قەڵەم دا، چونكە یەكێك لە میكانزمەكانى دیموكراسى هەڵبژاردنى پێشوەختەیە.

ئایە پارتەكانى توركيا بەرەو هەڵبژاردنى پێشوەختە دەچن؟

ئەو داوايەى ئۆپۆزسیۆن نوێ نییە، ساڵێك پێش ئێستا داواى هەڵبژاردنى پێشوەختەیان كرد، بەڵام قەیرانى لیرە بووە پاڵنەر بۆ ئەو پارتانە سەر لەنوێ داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە بكەنەوە، بەڵام ئەردۆغان ئەو داوایەى بەڕەهايى رەتكردەوە.

چاودێرانى توركیا بە ماڵپەڕى (حوڕە)یان راگەیاند، "ئەو داواكاريانەى پێشوو لە بانگەشەى هەڵبژاردن جیا ناكرێتەوە، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان هەوڵدەدەن فشار لەسەر پارتى فەرەمانڕەوا دروست بكەن".

پارتە ئۆپۆزسيۆنەكان كە لە هاوپەيمانى ئومەت پێكەوەن، لە ئێستاشدا هیچ هاوپەیمانییەكى نوێ لە نێوان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە ديار نييە، بەڵام هاوپەیمانى جمهور كە ئاكپارتى و مەهەپە پێكیان هێناوە، ئەردۆغانیان وەك كاندیدى خۆیان دیاریكردووە.

هیشام گۆناى لێكۆلەرى سیاسى بە ماڵپەڕى (حوڕە)ى راگەیاندووە، "ماوەى دوو ساڵە بیرۆكەى هەڵبژاردنى پێشوەختە هەیە، بەڵام بەهۆى باردۆخى كۆڕۆنا جێبەجێ نەكرا، لەو دۆخەى ئێستاش تەنیا چارەسەر بۆ قەیرانى ئابوورى هەڵبژاردنى پێشوەختەیە، ئەوكات گرفت نابێت ئەردۆغان سەركەوێت، یاخود پارتێكى تر، چونكە بازاڕەكانى توركیا بۆ بابەتى دراو و بانكى ناوەندیى چاوەڕوانى بڕیارێكى سیاسى یەكلاكەرەوە دەكەن".

تا ئێستا پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پڕۆژەیەكى یەكگرتوو یان كاندیدێكیان بۆ دەنگدەرى توركى نییە، جەختیش لەسەر گێڕانەوەى سیستەمى پەرلەمانى وڵاتەكەیان دەكەنەوە.

تۆماركردنى خاڵ

هەموو لێكەوتەكانى ناوخۆى توركیا بەرەو ئەوە دەڕۆن، دۆخى جەمسەرگیرى و ململانێى سیاسى بە ئاسانى كۆتایى نەیێت، ئەوەش پەیوەستە بەو هەوڵانەى پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ قۆستنەوەى ئەو قەیرانە دەيدەن، هەوڵەكانيشيان بۆ رووشكاندنى حكومەتى توركیایە، لە هەمان كات هەنگاوێكیشە بۆ ئامادەكارى هەڵبژاردنى پێشوەختە.

بە درێژایى دوومانگى رابردوو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسەر دۆسیەى پەنابەران ململانێیان بووە، ئەوەش بەردەوام بوو تا گەیشتە لێكەوتەكانى دابەزینى بەهاى لیرە لە بازاڕەكانى دراو.

بەر لەوەش ململانێیەكى تر لەسەر تەندروستى ئەردۆغان هەبوو، کە دەزگاكانى راگەیاندنى ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتە وروژاندنیان.

موهەند حافز ئۆغلۆ لێكۆڵەر بە ماڵپەڕى (حوڕە)ى راگەیاند، "ئۆپۆزسیۆنى توركيا دەیەوێت بەرەو هەڵبژاردنى پێشوەختە هەنگاو بنێت، ئەوەشى بۆ هەراسانكردنى ئاكپارتییە تا دەگاتە هەڵبژاردنى (2023)، چونكە هاوپەییمانى جمهور تا ئێستا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە هەڵبژاردن لە وادەى خۆى بەرێوە دەچێت، بەدووریشى دەزانێت لەو دۆخەى ئێستا هەڵبژاردنەكان پێش بخەن ".

سەبارەت بەو هەوڵانەى ئۆپۆزسیۆنیش ئەو لێكۆڵەرە رایگەیاند، "ئامانجى ئۆپۆزسیۆن تۆماركردنى چەند خاڵێكە دژ بە حكومەتى وڵاتەكەى، بەڵام ئەو كارانەيان بەبێ پێشكەشكردنى پڕۆژەیەكە بۆ گەلى توركیا، چونكە ئەوان تەنیا دەیانەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەى ئەردۆغان شكست بهێنێت".

لە بەشێكى ترى قسەكانى حافز ئۆغلۆ جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئۆپۆزسیۆن تا ئێستا لەسەر كاندیدێك، یا دوو كاندید رێكنەكەوتوون، ئەوەش دەرخەرى ئەوەیە ئۆپۆزسیۆن فشار لەسەر ئاكپارتى دەكات و دۆخى ئابوورى دەقۆزێتەوە، هەوڵێكیشە بۆ بە ئامانجگرتنى ئەوانەى تا ئێستا بێلایەنن".

پێشبینیكردن قوورسە

دەربارەى داهاتووى هەڵبژاردنەكان ئەو كەسانەى قسەیان بۆ ماڵپەڕى (حوڕە) كردووە، باس لەوەدەکەن، "لە قۆناغى ئێستا ناتواندرێت پێشبینى هەڵبژاردنەكانى حوزەیرانى (2023) بكرێت، ئەوەش بەهۆى ئەو گۆڕانكارییانەیە بەسەر گۆڕەپانى ناوخۆى ئەو وڵاتە دا هاتووە، هەروەها لە دووساڵى رابردوو چەند پارتێكى بچووك دامەزراون، كە تا ئێستا سروشت و ئاڕاستەى كاريان روون نييە"

هەروەها ئەو راپرسیانەى ناوەندەكانى لێكۆڵینەوەى توركیا لەسەر بۆچوونى دەنگدەران دەيكەن، ئەنجامەكانى پێچەوانەیە، هەندێكیان پێیانوایە پارتى فەرمانڕەوا دەنگى دابەزیوە، ئەوەى تر پێى وایە ناكرێت لەو قۆناغە ئەوە یەكلا بكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش پارسەنگەكە بەلاى ئاكپارتی دايە لەسەر حیسابى پارتەكانى تر.

تەها عۆدە ئۆغلۆ، چاودێرى سیاسى لە لێدوانێكى بە ماڵپەڕى (حوڕە) دەڵێت، "پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان هەوڵدەدەن سوود لە تووڕەیى جەماوەر لە دابەزینى لیرەى توركى وەرگرن بۆ كۆكردنەوەى پاڵپشتى بۆ هەڵبژاردنەكانى داهاتوو، چونكە تەنیا ئەردۆغان دەسەڵاتى ئەوەى هەیە داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە بكات، بەڵام ئۆپۆزسیۆن زۆرینەى پێویستى لە پەرلەمانى تورکیا نییە، كەچى ئەو داوايە دەكات".

بەگوێرەى هەندێك دیكۆمێنتى دزە پێكراوى پارتى ئاكپارتى، ئەردۆغان رێنمایى بۆ نزیكەكانى دەركردووە، خۆیان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە ئامادە بكەن، لە حاڵەتێكدا ئەوە دەچێتە بەرژەوەندى حیزب، كە بڕیارە هەڵبژاردنى داهاتوو بكرێت.

هەرچەندە ئەو گفتوگۆیە بەردەوامە ئۆپۆزسیۆن كۆبوونەوەى گەورەى بۆ كردووە، ئەو لێكۆڵەرە ئاماژە بەوە دەكات، "قسە زۆر كراوە لەسەر هەڵبژاردنى پێشوەختە، سەركەوتنى ئەو هەوڵانە بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە، پەيوەستە دروستكردنى رایگەیشتى دژ بە حكومەتى توركیا".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین