ئایا عەبدوڵا گول دەبێتە كاندى پارتە ئۆپۆزيسیۆنەكان؟ شیکاری

نوچەنێت:

پارتە ئۆپۆزيسیۆنەكانى توركیا بەردەوام داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەكەن، بەڵام تا ئێستا لەناوخۆيان بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەردۆغان لەسەر كاندیدێك رێكنەكەوتوون.

لە چەند ڕۆژى رابردوو ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆكى پارتى ئاییندە بە بەمەستى گفتوگۆكردن لەسەر كاندیدێكى نوێ بۆ هەڵبژاردنى سەرۆكایەتى توركیا، سەردانى كارامولا ئۆغلۆى سەرۆكى پارتى سعادە و عەبدوڵا گولى سەرۆكى پێشووى توركیا و ئەكرەم ئیمائۆغلۆى سەرۆكى شارەوانى ئیستەنبۆڵى كرد.

پێشتریش كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكى جەهەپە حەزدەكات عەبدوڵڵا گول بۆ ركابەرى ئەردۆغان، تێبینیشى لەسەر هەر یەك لە ئیمام ئۆغلۆ و مەنسوڕ یافاش بۆ ئەو پۆستە هەيە، كلیچدار لە هەمان كات خۆشى وەك كاندیدى داهاتوو مامەڵە دەكات، بەڵام میراڵ ئەكشنار سەرۆكى پارتى چاكە، دەیەوێت سەرۆكى شارەوانى ئيستەنبوڵ كاندید بكات.

ئۆپۆزيسیۆن بە ئاراستەى كانديدكردنى گول هەنگاو دەنێت

رۆژنامەنووسێكى توركیا لە كەناڵى  (A HABER) ئاشكراى كرد، ئۆپۆزيسیۆنى توركیا دەستى بە هەنگاوەكانى كردووە، بۆ ئەوەى لەسەر كاندیدكردنى عەبدوڵا گول رێككەون بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردنى داهاتوو ببێتە ركابەرى ئەردۆغان.

مەتین ئۆزكان نووسەرى تورك رایگەیاند، "جەهەپە جڵەوى دەستپێشخەرییەكانى لە دەستە بۆ ئەوەى هاوپەیمانى رازى بكات، تاكو لە هەڵبژاردنى داهاتوو عەبدوڵا گول بۆ پۆستى سەرۆكایەتى توركیا كاندید بكەن، كلیچدار رۆژنامەنووسێكى لە كەناڵى (HALKTV) راسپاردووە بۆ ئەوەى ئەو پرسە هەماهەنگى لە نێوان ئەو پارتانە دروست بكات". 

پارتە ئۆپۆزيسیۆنەكانى توركیا دۆخى ئابووریان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەى رووبەرووى ئەردۆغان ببنەوە، كە بە بەرپرسیارى یەكەمى دەزانن بەرانبەر دابەزینى بەهاى لیرە و زیادبوونى رێژەى هەڵاوسان و دابەزاندى رێژىى سوو لەو وڵاتە.

ناكۆكییەكانى ناو جەهەپە

 سەبارەت بە ئەگەرى كاندیدكردنى گول لەلایەن جەهەپەوە، هەندێك لە ئەندامانى ئەو حزبە عەبدوڵا گول رەت دەكەنەوە، بە پاساوى ئەوەى گول نەیارێكى سەرسەختى كەمال ئەتاتوركى دامەزرێنەرى ئەو پارتەیە، چالاكوانەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاويان كردەوە، "ئەگەر عەبدوڵا گول كانديد بكرێت دەنگ نادەين".

گومانەكان بەرانبەر گول و ئاكپارتى

پێش ئەو رووداوانە تونجاى مولا فیز ئۆغلۆ لە رۆژنامەى جمهوریەتى توركى ئاشكرايكرد ناوى عەبدوڵا پێشنیازكراوە، بۆ سەرۆكى داهاتووى توركیا.

ئەو نووسەرە ئاماژەى بەوەش كرد، لە هەڵبژاردنى (2018) عەبدوڵا گول دوو مەرجى هەبوو، مەرجى یەكەمى دەبێت، كاندى سەرجەم پارتە ئۆپۆزيسیۆنەكان بێت.

دووم، نابێت ئەو پارتانە چاوەڕوان بكەن لێپرسینەوە لەگەڵ حكومەتى پێشووى توركیا بكەم، چونكە منداڵەكانى ئەردۆغان وەك منداڵى خۆمن.

گول لەپشت پەردە ئۆپۆزيسیۆن ئاراستە دەكات 

 كورتولوش تایز نووسەرى تورك، لە رۆژنامەى (تەقویم) بڵاويكردەوە، "عەبدوڵا گولى سەرۆكى پێشووى توركیا لەپشت پەردەوە ئۆپۆزيسیۆن ئاراستە دەكات، بەر لە هەڵبژاردنەكانى شارەوانییەكانیش بەنهێنى لەگەڵ كلچیدار ئۆغلۆ كۆبوونەوە، بۆ ئەوەى شارەوانى ئیستەنبوڵ ببنەوە".

سەبارەت بە دەرنەكەوتنى گول لەو ماوەیە، جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "گول سەرقاڵى ئاڕاستەكردنى ئۆپۆزيسیۆنە، بۆيە زۆر بەكەمى دەركەوێت، هەندێك بانگەشەش هەیە كە ئیمام ئۆغلۆ كە ویستى خۆ كاندیكردنى هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرۆكى پێشووى توركیا كۆبۆتەوە، بەڵام تا ئێستا وردەكارى ئەو كۆبوونەوەیە ئاشكرا نەبووە".

دەربارەى ئیمام ئۆغلۆش گوتى، "كێشەى سەرۆكى شارەوانى ئیستەنبول روونە، كە دەیەوێت خۆى بۆ پۆستى سەرۆك كۆمارى كانديد بكات، بەڵام دەكرێت شرۆڤەى هەوڵەكانى ئیمام ئۆغلۆ بكرێت كە بەدواى هاوپەیمانیەكى دژ بەك كلیچدار ئۆغلۆ دەگەڕێت".

ئەو نووسەر تووركە گوتيشى، "لە ماوەى رابردووش كاراما ئۆغلۆ سەردانى عەبدوڵا گولى كرد، پێكەوەش كۆبوونەوەى بەردەوامیان هەیە، عەلى باباجانى سەرۆكى پارتى دیموكراسى و پێشكەوتن یەكێكە لە كەسە زۆر نزیكەكانى گول، بەڵام سەردانى داود ئۆغلۆ بۆ لاى گول شتێكى چاوەڕوان نەكراو بوو، چونكە پێشتر پەیوەندى نێوانيان باش نەبوو".

 بۆچوونێكى تر هەیە، كە ئۆپۆزیسیۆن دەرفەتێكى كەمى لەبەردەستە بۆ رێككەو لەسەر كاندیدێك، عەبدوڵا گولیش بۆ ئەوان كەسێكى سەرەكییە، هەر ئەوەشە وایكردووە سەركردەى پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان بەردەوام لە دەرگاى گول بدەن، پرسیاریش ئەوەیە، "گول ئەو هەموو هێز و دەسەڵاتەى بەسەر ئەو پارتانە لە كوێ بوو؟".

 ئایا دەكرێت گول ببێتە كاندیدێكى هاوبەشى ئۆپۆزیسیۆن؟

عەبدولقادر سەیلەفى نووسەرى تورك ئاماژە بەوە دەكات، "كلیچدار ئۆغلۆ لە بانگەشەكانى چەند مانگى رابردوو ئاماژەى بەوە كرد، عەبدوڵا گول كاندیدە بۆ پۆستى  سەرۆك كۆمارى، بەوەش لەناوخۆى جەهەپە رێگەى لە ئیمام ئۆغلۆ و مەنسور یافاش و میرال ئەشنارى سەرۆكى پارتى چاكەش گرت، كە خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەن".

لە بەشێكى ترى قسەكانى سەیلەفى دەربارەى كاندیدبوونى سەرۆكى جەهەپە رایگەیاند، "ئایا ئەوە واتاى ئەوەیە كلیچدار ئۆغلۆ تاكە كاندیدى بێ ركابەرە لە هاوپەیمانى ئۆپۆزیسیۆن؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، چونكە هاوبەشەكانى دەزانن ئۆغلۆ ویستێكى هەیە بۆ ئەوەى ببێتە كاندید، بەڵام پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان باش دەزانن ئەگەر كاندیديشى  بكەن سەركەوتوو نابێت".

دەربارەى هەنگاوەكانى رێگرى پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان لەبەردەم كلیچدار ئۆغلۆ، ئەو نووسەرە توركە دەڵێت، "ئەو پارتانە رێگەى بەردەم كلیچدار ئۆغلۆ و ئیمام و ئۆغلۆ و مەنسور یافاشیان گرتووە، رێگەیان بۆ عەبدوڵا گول خۆش كردووە، بەڵام هێشتا كاندیكردنى گول ئەگەرێكى زۆر بەهێز نییە، چونكە لەناوخۆى جەهەپە زۆر بە جدى دژایەتى دەكرێت".

 یار و نەیارانى گول

پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان لەسەر كاندیدكردنى گول بوونەتە دووبەرە، هەریەك لە كلیچدار ئۆغلۆ و عەلى باباجان و كارامولا ئۆغلۆ و بۆچوونێكیش لە ناو هەدەپە هەيە دەیانەوێت عەبدوڵا گول كاندید بكەن.

لە بەرانبەردا بەشێكى زۆرى جەهەپە بەتایبەت كەمالییەكان و میرال ئەكشنار  و موحەرەم ئینجە دژى كاندیدكردنى عەبدوڵا گولن.

میرال ئەكشنار گول رەت دەكاتەوە، لەبەرانبەردا بە روونى پاڵپشتى ئیمام ئۆغلۆ و مەنسور یافاش دەكات. 

چاودێرانى سیاسیش پێیان وایە، "مادام میراڵ ئەكشنار لەناو هاوپەیمانى ئۆپۆزیسیۆنە، ئەوا عەبدوڵا گول نابێتە كاندیدى هاوبەشى پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین