ئازادكردنى گەشتیارە ئیسرائیلییەكان پەیوەندییەكانى ئەنقەرە و تەلئەبیب ئاسایى دەكاتەوە؟ شیکاری

نوچەنێت:

 رامی دانیال و جالیا لیندینستراوس

راگەیاندنەكانى ئیسرائیل زۆر بە چڕى دەستگیركردنى ناتالى و مۆردى ئۆكنینیان لە نۆى مانگى رابردوو بەتۆمەتى سیخوڕى رووماڵ كرد، دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵى دەستگيركردنيان، راستەوخۆ يائير لايبر وەزيرى دەرەوەى و نەفتالى بنێت سەرۆك وەزيرانى ئیسرائیل چەندین كەناڵى سیاسى و ديپلۆماسى گرتەبەر بۆ ئازادكردنيان.

ئیسرائیل لەسەر چەندین ئاست بۆ ئازادكردنى ئەو خێزانە كارى دەكرد، لەلايەك مۆسادى ئيسرائيلى لەگەڵ میتى توركى لە پەيوەنديى دابوو، لەلايەكى ترەوە لەسەر ئاستى وەزارەتى دەرەوە و نوێنەرانى دیپلۆماسى ئیسرائیلى لە توركیا لەگەڵ بەرپرسانى نزیك لە ئەردۆغان دەستیان بە گفتوگۆ كرد، خودى ئیسحاق هێرزۆغ سەرۆكى ئیسرائیل لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەنديى دابوو، ئەوەش بۆ ئەنقەرە گرنگ بوو، چونكە پێى وایە هێزۆغ كەسایەتییەكە دەتواندرێت هەماهەنگى لەگەڵ بكرێت، لە هەمانكاتيش پەیوەنديى شەخسى لەگەڵ سياسييەكانى ناو دەسەڵاتى حكومڕانى توركیا بەهێزە، كاتێكيش لە مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ بوو بە سەرۆكى ئیسرائیل، سەرۆكى توركيا بەتەلەفۆن پيرۆزبايى لێكرد ماوەى (40) خولەك قسەیان كرد.

كەناڵى سێیەم لە دیدى ئیسرائیل بۆ ئەو گفتوگۆیە، بەریتانیا، یا ئازربیجان بوو، بەڵام تەلئەبيب لەو بژاردەیە سەركەوتوو نەبوو. 

لە (18) تشرینى یەكەمى رابردوودا توركيا ئەو دوو هاوسەرەى ئازاد كرد، سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل ماوەى (15) خولەكى بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆكى توركيا قسەیان كرد، سوپاسى ئەردۆغانى كرد، پاشان سەركردەكانى ترى ئیسرائیل سوپاسى ئەردۆغانیان كرد لە بەرانبەر ئازادكردنى ئەو دوو هاووڵاتییەى وڵاتەكەیان.

لە گفتوگۆى نێوان ئەردۆغان و هێرزۆغ، سەرۆكى توركیا گوتى، "پەیوەندیى نێوان توركیا و ئیسرائیل بۆ ئاسایش و سەقامگیرى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست گرنگە، ئەگەر ئێمە بە لێكتێگەیشتن لەسەر دۆسیە دوولایەنەكان و ناوچەكە گفتوگۆ بكەين، دەكرێت ببێتە كەمكردنەوەى ناكۆكییەكان، كارى لە پێشینەى ئێمەش دەستپێكردنەوەى پرۆسەى ئاشتى نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینە".

دەستپێشخەرییەكانى توركیا بێ وەڵامە

لە (2018) دا هیچ نوێنەرایەتیەكى دیپلۆماسى لە نێوان توركیا و ئیسرائیل پەیوەندییان ئاڵوگۆڕ نەكرد بوو، بەتایبەت دواى ئەوەى توركیا دژى ئەمەریكا وەستايەوە كە باڵیۆزخانەى وڵاتەكەى لە تەلئەبیبەوە گواستەوە قودس، لە هەمانكاتدا بەریەكەوتن لە نێوان هێزە ئەمنییەكانى ئیسرائیل و دانیشتوانى كەرتى غەززە روويدا، ئیسرائیل بۆ راوێژكردن بانگێشتى باڵیۆزى وڵاتەكەى لە ئەنقەرە كردەوە، قونسڵى ئیسرائیل لە ئیستەنبۆڵ و قونسڵى توركیا لە قودس گەڕانەوە وڵاتەكانى خۆیان، بەڵام لەگەڵ ئەو ناكۆكیانەش توركيا لە ساڵى رابردوو چەند ئاماژەیەكى بۆ ئیسرائیل نارد كە دەیەوێت پەیوەندییەكانى نێوانيان ئاسایى بكاتەوە، لەكۆتایى كانوونى یەكەمى ساڵى رابردوو، ئەردۆغان رایگەیاند، "گرنگى بە ئاساییكردنەوەى پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئیسرائیل دەدەین، بەڵام توركیا كێشەى لەگەڵ ئەوانەيە كە سەركردایەتى ئیسرائیل دەكەن، لە هەمانكات دۆزى فەڵەستین بۆ توركیا هێڵى سوورە"، ئەوكاتە راپۆرتە هەواڵييەكان باسیان لەوە دەكرد، كە توركیا پێداچوونەوە بە دیاریكردنى باڵیۆزى وڵاتەكەى لە ئيسرائيل دەكات.

لە شەڕى غەززەى مانگى ئایارى ئەمساڵ ئەردۆغان زۆر بە توندى هێرشى كردە سەر ئیسرائیل، راگەیاندنەكانى توركیا پەیامى دوژمنكارانەیان بەرانبەر ئیسرائیل بڵاوكردەوە، ئەوەش سەرلەنوێ پەيوەنديى نێوان ئەو دوو وڵاتەى ئاڵۆزكردەوە.

لە مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ یەكەم گفتوگۆ لە نێوان ئەردۆغان و هێرزۆغى سەرۆكى ئيسرائيل ئەنجامدارا، ئەوەى مایەى تێبینى بوو درێژى گفتوگۆكە لە كاتێكى ئاسایى بوو، نەك لە كاتى قەیران، لە هەمانكات دواى (10) ساڵ بۆ یەكەمجار توركیا تيمێكى رۆشنبیريى رەوانەى ئیسرائیل كرد، بەڵام وەڵامى ئیسرائیل بۆ ئەو ئاماژانەى توركیا دڵەڕاوكێيەكى پێوە ديارە، ئەوەش پەیوەندى بە ناڕوونى هەڵوێستى توركیا هەيە، كە تا چەند دەیەوێت پەیوەندییەكانى لەگەڵ ئەو وڵاتە رێكبخاتەوە، چونكە ئیسرائیل گومانى لەوە هەیە كە ئەو هەوڵانەى توركيا تەنیا دروستكردنى بەربەست بێت لەبەردەم پەیوەندى بەهێزى ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس.

چوارچێوەیەكى فراوانتر، كە ناكرێت پشتگوێ بخرێت.

پێویستە چاو بەو هەوڵانەى توركیا بخشێندرێتەوە، كە لە پێناو ئاساییكردنەوەى پەیوەندیى نێوانيان لە چوارچێوەیەكى فراوانتر دەيدات، چونكە ئەنقەرە دەيەوێت كۆتایى بەو گۆشەگیرییە بهێنێت و پەیوەندییەكانى لەگەڵ وڵاتە بەهێزەكانى ئەو ناوچەیە ئاسايى بكاتەوە.

لە مانگى ئایار و ئەیلوولى ئەمساڵ دوو گەڕى دیکەى گفتوگۆ لەنێوان توركیا و میسڕ بەرێوەچوو، ئەوەش رێگەى خۆشكرد كە باڵیۆزەكانیان بگەڕێنەوە قاهیرە و ئەنقەرە، توركيا لەپێناو ئاساییكردنەوەى پەیوەنییەكانيشى لەگەڵ میسڕ، چالاكى ئەندامانى ئیخوان موسلمینى لە وڵاتەكەى سنووردار كرد.

لە لایەكى تریشەوە توركیا هەوڵەكانى خستەگەڕ بۆ ئەوەى پەیوەندییەكانى لەگەڵ ئیمارات ئاسایى بكاتەوە، كە پێشتر تۆمەتبارى دەكرد كە دەستى لە كودەتا شكستخواردووەكەى ناوەڕاستى مانگى تەمووزى (2016) هەيە، ئەوەش ناكۆكییەكانى ئەو دوو وڵاتەى زۆر قووڵتر كردەوە، لە (24) تشرینى دووەمى ئەمساڵ بۆ یەكەم جار محەمەد بن زاید سەردانى توركیاى كرد و لەگەڵ ئەردۆغان كۆبوونەوە.

هۆكارى بەهێزى گۆڕانكارى لە هەڵوێستى توركیا بەرانبەر ئیمارات ئەوەیە، توركیا پێویستى بە وەبەرهێنانى دەرەكییە، هەر لەو سەردانەش ئیمارات رایگەیاند، "بە بڕى (10) دۆلار وەبەرهێنان لە توركیا دەكەين".

لەسەرەتاى ئەمساڵ سادات پەكير چەند گرتە ڤيديۆيەكى تۆماركراوى لە لاپەڕەى خۆى بڵاوكردەوە، دواتر ئيمارات رێگەى نەدا پەكير ڤيديۆى تر دژ بە دەسەڵاتدارانى توركیا بڵاوبكاتەوە، لەبەرانبەر ئەو رێكارانەى ئەبوو زەبى توركيا ستایشى ئەو وڵاتەى كرد، ئەوەش دەرگايەكى كردەوە بۆ ئەوەى بەخێرايى پەرە بە پەيوەندييەكانى نێوانيان بدەنەوە.

توركيا بۆ كەمكردنەوەى گۆشەگيرييەكانى، هەوڵەكانى خستەگەڕ بۆ ئەوەى پەیوەندیى لەگەڵ سعوودییە ئاسایى بكاتەوە، سەرۆكى توركیا لە ساڵى رابردوو لەگەڵ شا سەلمان بە تەلەفۆن قسەیان كرد.

زەمینەى هاوبەشى توركیا و ئیسرائیل

هەرچەندە پەیوەندیى دیپلۆماسى و سیاسى توركیا و ئیسرائیل ئاڵۆزە، بەڵام ئابوورى دوولایەنەیان بەردەوامە، هەناردەى توركیا بۆ ئیسرائیل بەردەوام روو لە زیاد بوونە، ئەوەش بۆتە كەناڵێكى بەهێزى نێوانيان بۆ ئەوەى پەيوەندييان بە تەواوى نەپچڕێت.

لەسەر ئاستى كەرتى گەشتوگوزار لە شەش مانگى یەكەمى (2019) یەك ملیۆن گەشتیارى ئیسرائیلى سەردانى توركیایان كردووە، ئەوەش هەمان ژمارەى بەر لە ئاڵۆزييەكانى نێوانيانە بەهۆى هێرشى ئيسرائيل بۆسەر كەشتى مەڕمەڕەیە، ئەو ژمارەیەى هاووڵاتيانى ئيسرائيلى  بەشێكى عەرەبەكانى ئەو وڵاتەن سەردانى توركیا دەكەن، بەڵام بە پێچەوانەوە گەشتیارى توركیا بۆ ئیسرائیل زۆر لەو ژمارەيە كەمترە.

بەهۆى ئەوەى ئێستا توركیا توشى قەیرانى ئابوورى بووە، لیرەى توركى زۆر دابەزییوە و دراوى بیانى لەو وڵاتە كەمى كردووە، ئەو پەیوەندییە ئابوورییە بۆ توركیا بایەخى زۆرى هەیە، كەناڵێكى سەركیشە لە هێشتنەوەى پەیوەنديى توركیا و ئیسرائیل، بۆيە دەكرێت ئەوە ببێتە بنەماى ئاساییكردنەوەى پەیوەندییەكانى نێوانیان.

دۆسیەكى ئازربيجان يەكێكە لەو دۆسيە گرنگانەى ئەو دوو وڵاتە پێكەوە دەبەستێتەوە، چونكە باكۆ هاوبەشێكى نزیكى توركیایە، هەردوولاش بانگەشەى ئەوە دەكەن، كە "یەك گەل و دوو وڵاتن"، لە لایەكى تریشەوە ئازربیجان لە ململانێكانى ئێران هاوپەیمانێكى ستراتیژى ئیسرائیلە و بەرهەمهێنەرێكى بەهێزى وزەشە لەو ناوچەيە، بەو شێوەیە ئازربيجان رۆڵى سەرەكى لە پەرەپێدانى پەیوەندییەكانى نێوان ئیسرائیل و توركیا دەبينێت، چونكە لە پایزى ساڵى رابردووش ئازبیجان بە چەكى ئیسرائیلى و توركى شكستى بە ئەرمینیا هێنا، ئەوە وايكردووە باكۆ ببێتە شوێنێك ئیسرائیل و توركیا بە ناڕاستەوخۆ تێیدا هەماهەنگى لەگەڵ یەك بكەن.

خاڵە توندەكانى بەريەككەوتنى نێوانيان

چەند خاڵێك هەیە توركیا و ئیسرائیل لەسەرى ناكۆكن، لەوانە پاڵپشتى توركیا بۆ ئیخوان موسلمین، ئەوە بۆ ئیسرائیل كێشەيەكى گەورەيە، هەروەها لێكنزیكى ئایدۆلۆژى ئیخوان و حكومەتى توركیا و رێككەوتنى ئازادكردنى جەلعاد شالیتى رفێندراو، كە توركیا میواندارى ئازادكراوەكانى بەرانبەر ئەو رفێندراوەى ئيسرائيل كرد، بەمەش ئیستەنبوڵى كرد بە یەكێك لە ناوەندە گرنگەكانى چالاكییەكانى ئەو گروپە لە جیهان، هەروەها حكومەتى توركيا رێگە دەدات ئەندامانى حەماس بە ئازادانە لە سەر خاكى وڵاتەكەى چالاكى ئەنجام بدەن، لە مانگى تشرینى ئەمساڵ ئاشكرابوو رێكخراوێكى سەر بە حەماس ئەندامانیان لە توركیا و وڵاتانى تر كاردەكەن، كە لەبەشى رۆژئاوا دژ بە ئیسرائیل دەوەستنەوە.

توركیا لە قودسى رۆژهەڵات وەبەهێنان دەكات، ناوەندى رۆشنبیرى كردۆتەوە، كە چالاكییەكانى گومانى سیاسى لێ دەكرێت، ئەوەش بۆ دروستكردنى گاریگەرییە لەسەر رایگشتى عەرەبى، ئیسرائیل گومانى لەو پڕۆسەیە هەیە كە كاریگەرى لەسەر دۆخى ئاڵۆزى ئەو شارە ببێت، وەك دژایەتى خۆى سەیرى دەكات.

لەو ساڵانەى رابردووش ئەنقەرە رەخنەى لە سیاسەتى ئیسرائیل لەو ناوچەیە هەبوو، بەهۆى هاوپەیمانى قوبرس و یۆنان و ئیسرائیل توركیا هەستى بە مەترسى دەكرد لەسەر خۆى، چونكە ئیسرائیل هاوكارى هەردوو وڵاتى دەكرد، كە توركيا دەیاى ناوەڕاست و دۆسیەى قوبرس بەرژەوەنديى ئەمنى و سیاسی سەير دەكات.

لە نێوان دەرفەت و ئاڵنگەرى

ئازاكردنى گەشتیارە ئیسرائیلییەكان دەرفەتێكى بۆ ئاساییكردنەوەى پەیوەندیى نێوان توركیا ئیسرائیل رەخساندووە، بەڵام پێویستە زۆر زیادەڕەوى لە سەركەوتنى ئەو دەرفەتە نەكرێت، هەرچەندە تائێستا گەڕانەوەى باڵیۆزانى ئەنقەرە و تەلئەبیت ئەگەرێكى بەهێزە، چونكە چەندین بەربەستیشى لەبەردەمە بۆ ئەوەى ببێتە ئاسایيبوونەوەى پەيوەنديى راستەقینەى نێوانيان، لەوانە گۆڕانكارى لە گوتارى ئەردۆغان، لە مانگى كانوونى یەكەمى ساڵى رابردوو سەرۆكى توركيا ئامادەیى خۆى نیشاندا پەیوەندییەكانى لەگەڵ ئیسرائیل ئاسايى بكاتەوە، بەڵام لە مانگى ئایارى ئەمساڵ زۆر بە توندى هێرشى كردە سەر ئەو وڵاتە، ئەوەش ئەو جارێكى تر دەرگاى  توركیاى بەسەر پەيوەندييەكانى ئیسرائیل داخستەوە، يەكێكى تر لەو خاڵانەى سەرۆكى توركیا جەختى لەسەر كردەوە، گرنگى دۆزى فەڵەستین بوو، بۆیە هەر بەرەوپێشچوونێكى نێوان ئیسرائیل و توركيا ئەگەرى هەیە ناكۆكييەكانى نێوان ئيسرائيل و  فەڵەستین پەيوەنديى ئەنقەرە و تەلئەبيب تێك بداتەوە. 

لەو ماوەى پێشووش كۆدەنكیەكى سیاسى توركیا دژ بە ئیسرائیل هەبوو، بنكەى جەماوەرى توركیا پاڵپشتى پەیوەندى باشە لەگەڵ ئیسرائیل، هۆكارى زیادبوونى دژایەتى توركیا بۆ ئیسرائیل بەشێكى پەيوەستە بە پاشەكشەى سوپاى توركیا، چونكە بەر لە هاتنى ئاكپارتى بۆ سەر دەسەڵات سوپا لايەنێكى كاریگەرى پاڵپشتى ئیسرائیل بوو.

سەبارەت بە ئیسرائیل گۆڕانى هاوسەنگى هێز لەو ناوچەیە و دەسەڵاتى ناوخۆى ئیسرائیل تا ئاستێك كاریگەریەكى رێژەیى لەسەر هاوسەنگى پەیوەندى لەگەڵ توركیا هەيە، ئەوەش ئەو دڵەڕاوكێیەى زیاتر كردووە بۆ وەڵامدانەوەى ئاماژە ئەرێنییەكانى ئەنقەرە، ئیسرائیل كەمتر ئامادەیى سازشى تێدايە بۆ توركیا، هەوڵیش دەدات خۆى لەو هەڕەشانە بپارێزێت كە دەبێتە مەترسى لەسەر بەرەو پێشچوونى پەیوەندیى ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانى تر، بەڵام لەگەڵ ئەو خۆپارێزیانەش حكومەتى ئیسرائیل هەوڵدەدات سوود لەو دۆخە نوێیە و ئاشتەوایى نێوان ئیمارات و توركیاش وەربگرێت، لە پاڵ ئەو دەرفەتانەش دەرفەتى تریش بۆ بەهێزتركردنەوەى پەیوەندییەكانى نێوانیان هەيە، لە هەردوولاش ئاڕاستەى ئەرێنى دروست بووە، كە دەبێت ئەو دوو وڵاتە پەيوەندييان ئاسايى بكەنەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین