بایدن سەد دەوڵەت لە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە

سەرۆکی ئەمریکا لە "لووتکەی لەپێناو دیموکراسیدا" نوێنەرانی سەد دەوڵەت دەهێنێتە سەر هێڵ و بانگهێشتی رووسیا و چین ناکات و ئەوەش تووڕەیی ئەو دوو وڵاتەی لێدەکەوێتەوە.

بەپێی هەواڵی فرانس24 جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی "لووتکەی لەپێناو دیموکراسیدا" ڕێکدەخات کە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە نوێنەرانی دەوروبەری سەد دەوڵەت و ڕێکخراوی ناحکومی و کۆمپانیا و ڕێکخراوی خێرخوازی کۆدەکاتەوە.

لیستی وڵاتانی بانگهێشتکراو ناڕەزایی توندی لێکەوتووەتەوە، ئەوە بوو چین و ڕووسیا بانگهێشت نەکران بەوەی بایدن بە دیارترین "وڵاتانی زۆردار" ناویان دەبات و ئەوەش ئەو دوو وڵاتەی تووڕە کردووە و سەرکۆنەی ئەو هەڵوێستەی ئەمریکایان کردووە، هەروەها بانگهێشتکردنی تایوان لەلایەکی دیکەوە چین نائومێد دەکات.

کۆشکی سپی دەڵێت ئامانجی ئەم لووتکەیە دەرخستنی ململانێی نێوان سیستمە دیموکراسییەکان و سیستمە دیکتاتۆری و ستەمکارەکانە و بابەتی ئەو ململانییەش ناوەڕۆکی سیاسەتی دەرەکیی بایدنە.

لە کاردانەوەی بڕیارەکەی ئەمریکادا بە دوورخستنەوەی وڵاتەکانیان لە بەشداریی لووتکەکە، باڵیۆزانی ڕووسیا و چین لە واشنتن لە وتارێکی هاوبەشیاندا لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەر دەڵێن "ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێگە بەخۆی بدات بڕیار بدات کام دەوڵەت دیموکراسییە و کامەیان دیموکراسی نییە، دەری دەخات لەسەر ئەقڵیەتی جەنگی سارد دەڕوات". هەردوو باڵێۆز ڕەتی دەکەنەوە یەک نموونەی دیموکراسی هەبێت و پەسنی سیستمی وڵاتەکانی خۆیان کردووە.

هەروەها بانگهێشتکردنی تایوان بۆ لووتکەکە چینی تووڕە کردووە، چونکە چین تایوان بە پارێزگایەکی خۆی دادەنێت، هەرچەندە دەستیشی بەسەریدا ناروات و لەژێر کۆنترۆڵیدا نییە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین