نێچیرڤان بارزانى بۆ یەکێتى ئافرەتان: پشتیوانیم بۆ خەبات و ئامانجه‌كانتان دووپات دەکەمەوە هەواڵ

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان بەبۆنەى (69)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتى ئافرەتانى کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت، "هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم."

ئەمڕۆ شەممە (11)ى کانوونى یەکەمى (2021)، نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایى لە ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان دەشڵێت، " یەکێتییەکەتان هەم لە گۆڕەپانی خەباتی شۆڕشگێڕانە و هەم لە خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەییدا بۆ داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان، مێژوویەکی گه‌شى تۆمار کردووە."

 

دەقى پەیامى نێچیرڤان بارزانى لە ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان:

نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ یه‌كێتیى ئافره‌تانی كوردستان ده‌كات

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجومەنی باڵای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان

بە بۆنەی (69)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییە تێکۆشەرەکەتانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وەک یەکەمین ڕێکخراوی ئافرەتانەی پێشەنگ کە لە هەناوی شۆڕش و خەباتی گەلەکەماندا دروست بووە، خواستە ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستانی لەگەڵ داوا ڕەواکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا ئاوێتە کردووە و ڕۆڵێکی گه‌وره‌ى لە هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستن و یەکخستنی تواناکانی ئافرەتاندا گێڕاوە.

یەکێتییەکەتان هەم لە گۆڕەپانی خەباتی شۆڕشگێڕانە و هەم لە خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەییدا بۆ داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان، مێژوویەکی گه‌شى تۆمار کردووە، بۆتە قوتابخانەیەکیش بۆ هاندان و پتەوکردنی بڕوابەخۆبوونی ئافرەتان و پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی بەتوانا و تێکۆشەر و سەرکردە.

ئەمڕۆش یەکێتیی ئافرەتانى كوردستان هاوشانی ڕێکخراوەکانی دیکەی داکۆک لە ماف و داوا ڕەواکانی ئافرەتان، لە ڕۆڵ و ئەرکە مەدەنی و یەکسانخوازییەکەی بەردەوامە و دڵنیام پاڵپشت به‌ پاشخان و ئەزموونه‌كه‌ى، لە ئەرکەکانی ئەم سەردەمەشیدا سەرکەوتوو ده‌بێت. 

لەم یادەدا وەک هەمیشە پشتیوانی بۆ خەبات و ئەرک و ئامانجه‌كانتان دووپات دەکەمەوە، هیوادارم لە تێکۆشانتان بۆ بەرگری لە مافە ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستان و سەرخستنی بیر و کولتووری یەکسانی لە کۆمەڵگەدا، سەرکەوتوو بن. 

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی

جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان 

2021/12/11

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین