کۆمەڵەی حەوت هۆشداریی توند دەدەنە ڕووسیا سەبارەت بە ئۆکرانیا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە

کۆمەڵەی وڵاتانی حەوت هۆشداریی توند دەدەنە پووتین کە پەلاماردانی ئۆکرانیا زۆر گران لەسەر ڕووسیا دەکەوێت و باجەکەی قورس دەبێت.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەلیەوم-ی سعودی، لیز تروس وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت گرووپی وڵاتانی حەوت پەیامێکێ ڕاشکاوانەیان ناردووە بۆ پووتین کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئۆکرانیا لێکەوتەی قورس و باج و تێچوویەکی ئێجگار گەورەی دەبێت.

هۆشداریی کۆمەڵەکە لە چوارچێوەی بەیانێکدا بووە کە ڕۆیتەرز دەستی پێ گەیشتووە و تێیدا هۆشداری دراوەتە ڕووسیا کە لێکەوتەی قورس و باجێکی گران چاوەڕێی ئەو وڵاتە دەکات ئەگەر سەرۆک ڤلادیمیر پووتین هێرش بۆ سەر ئۆکرانیا جێبەجێ بکات.

زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە ڕووسیا خەریکی پیلان دانان بێت بۆ هێرشێکی فراوان بۆ سەر ئۆکرانیا لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا کە هێزێکی 175 هەزار کەسیی سوپای ڕوسیا بەشداریی تێدا دەکەن.

لە ڕەشنووسی بەیاننامەکەی کۆمەڵەکەدا هاتووە "پێویستە ڕووسیا هیچ گومانی نەبێت کە هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا باجێکی گران و لێکەوتەی قورسی دەبێت".

ڕووسیا نێگەرانە لە پەیوەندی کردنی وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بە پەیمانی ناتۆوە و بە هێڵی سووری دەزانێت ناتۆ مووشەکەکانی خۆی لەو وڵاتانەوە ڕووبکاتە ڕوسیا.

پووتین پێشووتر داوای دەستەبەریی ئاسایشیی کردووە کە تێیدا بە یاسا ڕێگا لە کشانی ناتۆ بە ئاراستەی ڕپژهەڵات بگیرێت و چەکی ناتۆ لە نزیک خاکی رووسیا بڵاونەکرێتەوە، هەرچی ئەمریکایە ئەوە دەڵێت هیچ وڵاتێک ناتوانێت ڕێگە لە هیواکانی ئۆکرانیا بگرێت لەناو ناتۆدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین