ڕووسیا و چین و بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا: لە جەنگی ئەتۆمیدا هیچکاممان براوە نابین! عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

بەپێی بەیاننامەیەکی نوێ، ڕووسیا و چین و بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا ڕێک کەوتن لەسەر پێویستیی خۆ دوورگرتن لە بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی و ڕوودانی جەنگی ئەتۆمی.

بەیاننامەکە، کە دووشەممە 3ی کانوونی دووەمی 2022 کریملین بڵاوی کردووتەوە و یۆرۆنیوز ئاماژەی پێکردووە، دەڵیت ئەو پێنج دەوڵەتە ئەندامە هەمیشەییەی ئەنجوومەنی ئاساییش وای دەبینن کە بەرپرسیارێتیی سەرەکییان بریتییە لە ڕێگەگرتن لە ڕوودانی جەنگ لەنێوان ئەو دەوڵەتانەی چەکی ئەتۆمییان هەیە، هەروەها کەمکردنەوەی مەترسییە ستراتیجییەکان و دەبێت هەموو دەوڵەتان کاربکەن بۆ بڵاوکردنەوەی دۆخی ئارامی و ئاساییش.

لە کۆپیی ڕووسیی بەیاننامەکەدا هاتووە "ڕایدەگەیەنین کە لە جەنگی ئەتۆمیدا هیچ لایەک سەرکەوتوو نابێت و نابێت بە هیچ جۆرێک جەنگی ئەتۆمی ڕووبدات".

"بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لێکەوتەی درێژخایەنی دەبێت، بۆیە ئێمە جەخت دەکەینەوە کە چەکی ئەتۆمی ئەگەر هەشبێت دەبێت بۆ ئامانجی بەرگری لەخۆکردن و بەرپەرچدانەوەی داگیرکاری و ڕێگریی لە ڕوودانی شەڕ سوودی لێ وەربگیرێت" ئەوەش بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیە .

فەرەنساش لای خۆیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە دەکات بە جەختکردنەوەی هەر پێنج دەوڵەتی خاوەنی چەکی ئەتۆمی لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەو چەکە، و دەڵێت پێویست بە کۆششێکی فرەلایەنە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکە ئەتۆمییەکان.

بەیاننامەکە لەکاتێکدایە گرژیی جیۆسیاسی هەیە لەنێوان ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەهۆی کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لەلایەن ڕووسیاوە لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین