رووسیا: ئەمریکا و ئیسرائیل زانیاری ناڕاست بڵاودەکەنەوە ئێران

نوچە نێت

باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران بەهەڵەداچوون، ئیسرائیل و ئەمەریکا بانگەشەی ناڕاستیان بڵاوكردەوە، کە گوایە تاران بەنیازە چەکی ئەتۆمی دروست بکات.

ڕۆژی چوارشەممە (25/حوزەیران/2025) مالپەڕی (ئارتی) بڵاویکردەوە، ڤاسیلی نیبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەمەریکا و ئیسرائیل زانیاری ناڕاست سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاودەکەنەوە وەک پاساوێک بۆ هێرشە ئاسمانی و سەربازییەكانیان.

هاوکات دیپلۆماتکارەکە ڕەخنەی لە هێرشەکانی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گرت و بە یاسای نێودەوڵەتی نایاسایی وەسف کرد و ڕایگەیاند، "ئەم هەنگاوەی ئەم وڵاتانە مەترسییەکی گەورەی پیسبوونی تیشکدانەوە دروست دەکات لە کاتێکدا دەرەنجامەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاشکرای دەکەن کە هیچ مەترسییەک نییە بۆ بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی".

دانی دانۆن نوێنەری ئیسرائیل هەڵوێستی حکومەتەکەی دووپات کردەوە سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ڕایگەیاند، "هێرشەکان بە مەبەستی پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئێران بووە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی".

لە بەرامبەردا، ئێران هێرشەکانی ئیسرائیلی بە توندوتیژی ناوبرد و ڕایگەیاند، "هەموو هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سنووردار دەکات"، ئەگەرچی دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاژانسەکە ڕایگەیاندبوو، "هیچ تیشکدانەوەیەک بەهۆی هێرشەکانەوە ڕووینەداوە".

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین