10 ململانێی مەترسیدار کە ڕەنگە لە 2022 ڕووبدەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

هەرچەندە هەموان هیوا بۆ ساڵێکی ئارام دەخوازن، بەڵام جیهان لە مەترسیی بەدوور نییە و زۆر ناوچەی جیهان هێشتا خاڵی گەرمی ململانێی هەرێمی و جیهانین.

گۆڤاری (فۆڕین پۆڵیسی)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا ئاماژه بە 10 خاڵی گەرمی ململانێ دەکات کە پێویستە چاویان لەسەر بێت بۆ هەر ئەگەرێکی تەقینەوە، کە ئەمانەن:

ئۆکرانیا:

گۆڤارەکە دەڵێت هەڵەیە هێز کۆکردنەوەکەی رووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا تەنیا وەکو مانۆڕێکی ئاسایی سەربازی یان فێڵێکی ڕووسیا تەماشا بکەین بۆ سەرنجڕاکێشانی ڕۆژئاوا و ترساندنیان. وەکو گۆڤارەکە دەڵیت رووسیا ترسی هەیە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرژەوەندی خۆیان دەست بخەنە ناو ململانێی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ و پشتی ئۆکرانیا بگرن.

هەرچی ئۆکرانیایە ڕووسیا تاوانبار دەکات بە کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لەسەر سنوور و ئامادەسازیی بۆ هێرش، کەچی رووسیا دەڵێت نیازی هێرشمان نییە و ئەوە ئۆکرانیا و ئەمریکان کە هەڵسوکەوتی ئەوتۆ دەنوێنن کە سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات.

ئەسیوپیا:

 فۆڕین پۆڵیسی دەڵێت تاوەکوو بەر لە دوو ساڵ پێش ئێستا ئەسیوپیا چیرۆکێکی ئەرێنی بوو لە هەواڵەکاندا و هیوا هەبوو بۆ بەرپابوونی ئاشتی و دیموکراسی لەو وڵاتەدا، کەچی لە دوو ساڵی رابردوودا دیسان بووەوە ناوچەی ململانێ. ئەوە بوو لە نۆڤەمبەری 2020 شەڕ سەری هەڵدایەوە لە وڵاتەکە، دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران ئابی ئەحمەد هێزی سەربازیی فیدراڵی ناردە ناوچەی تیگیرای بۆ زاڵبون بەسەر دەسەڵاتی خۆجێیی ناوچەکە (بەرەی گەل بۆ ڕزگارکردنی تیگیرای)، کە دەوترێ هێرشیان بردووەتە سەر بنکەکانی سوپای وڵات. 

 

هەفتەی کۆتایی 2021 جۆرێک لە ئارامی گەڕایەوە، دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵ وتی کە هێزەکانی دەوڵەت ناچنە ناو هەرێمی تیگیرای، بەڵام هەڕەشەشی کرد کە ئەگەر سەروەریی وڵات بکەوێتە بەر مەترسی ئەوا هێزەکانی دەوڵەت داخڵی هەرێمی تیگیرای دەبن.

هەروەها تا ئێستاش ئاگربەست ڕانەگەیەنراوە و چاودێران بە هۆشدارییەوە تەماشای دۆخەکە دەکەن و جارێ باسی کۆتاییهاتنێکی نزکی ململانێکە ناکەن.

ئەفغانستان:

 ساڵی 2021 کۆتاییهێنا بە وەرزێکی دورودرێژی ململانێ لە ئەفغانستان کە دوو دەیەی خایاند، بەڵام هەمانکات وەرزێکی نوێی کردەوە کە پێناچێت بێ ململانێ تێپەڕێت، ئەویش دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت لەو وڵاتە لەپاش کشانەوەی هێزە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان لە ئەفغانستان.

دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر دەسەڵات دا گرت لە ئەفگانستان، ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان هاریکارییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە راگرت، هەندێک وڵاتی دیکەش سامانی ئەفگانستانیان لە بانکەکانیاندا سڕکرد، ئەوەش بزووتنەوەی تاڵیبانی نیمچە ئیلفیج کرد لەڕووی داراییەوە.

وا چاوەڕان دەکرێ بزووتنەوەی تاڵیبان نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی بدات، هەروەها باری ئابووری وڵاتەکە تووشی قەیران ببێت، مەتسریی برسیەتی زیادبکات لەگەڵ ڕاوەستانی هاریکارییە نێودەوڵەتییەکان، هەموو ئەوانەش مەترسیی هەڵگیرسانەوەی ململانێ لە وڵاتەکە زیاد دەکەن.

 

ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین:

ڕاستەوخۆ دوای کشانەوە لە ئەفگانستان، ئەمریکا ڕێککەوتننامەی (ئۆکۆس)ی واژوو کرد لەگەڵ ئوسترالیا و بەریتانیا، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئوسترالیا دەبێتە خاوەنی ژێردەریایی ئەتۆمی، ئەمەش ستراتیجیەتی نوێی ئەمریکای ڕوونتر کردەوە کە بریتییە لە بەرپەرچدانەوەی هەژموونی چین.

دوای چەند مانگێکیش لە توێژینەوە، پەنتاگۆن بڕیاری دا جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان پێویستی بە گۆڕانکاریی گەورە نییە، بەڵام لە ئاسیا و زەریای هێمن چاکسازی پێویستە لە ژێرخانی هێزەکانی ئەمریکادا. ئەگەر دۆخی چین لەبەرچاو بگرین، دەبینین پەنتاگۆن مەبەستیەتی چاکسازی بکات لە ژێرخانی هێزەکانی ئەمریکادا لە هەندێک ناوچەی زەریای هێمن و لە ناویاندا دورگەی گوام.

ئیدارەی بایدن دەیەوێت ویلایەتە یەکگرتووەکان وەکو هێزی زاڵ و خاوەن هەژموون بمێنیتەوە لە ناوچەکانی زەریای هێمن و هیندی (ئیندۆپاسیفیک)، لەم میانەیەشدا تایوان گرنگییەکی ستراتیجی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەیە، کەچی چین چالاکییە سەربازییەکانی لە نزیک تایوان زیادکردووە.

ئێران لە ڕووبەڕوونەوەیدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل:

هەرچەند وا دەبینرا کە ململانێی ئێران و ئەمریکای سەردەمی ترەمپ کۆتایی هات، کەچی وا پێناچێ گفتوگۆ ئەتۆمییەکانیش لەنێوان ئێران و ئەمریکای سەردەمی بایدندا ئامانجی خۆیان پێکابێت، ئەوەش دەرگا واڵا دەکات بۆ ململانێیەکی دیکەی نێوان ئەمریکا و ئێران.

ڕۆژئاوا حەزیان لەوە نییە ئێران ببێتە هێزێکی ئەتۆمی، ئیسرائیل ئەمە بە مەترسییەکی گەورە دەبینێ، ئەوەتا دەوترێ سوپای ئیسرائیل هەندێک سینارۆی ئامادەیە بۆ لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ئەمە لەکاتێکدایە هەر سێ وڵات لە کەنداو و لە هەندێک ناوچەی دیکەش لە سەرخستنە سەر یەکدی بەردەوامن و یەکدی تووڕە دەکەن، فۆڕین پۆڵیسی دەڵێت ئەگەر گفتوگۆ ئەتۆمییەکان بێ ئەنجام بن، ئەوە دوور نییە ئەم سەرخستنە سەر یەکدییە سەربکێشێ بۆ پێکدادانی دەریایی و زەمنینی و ئەلیکترۆنیی ئەوتۆ کە لە دەست دەربچێ و سەربکێشێ بۆ جەنگ.

یەمەن:

ڕاستە لە 2021 هەواڵەکانی جەنگی یەمەن لە پێشەنگی هەواڵەکاندا نەبوون، بەڵام بەو پێیەی جەنگەکە کۆتایی نەهاتووە، دوور نییە ساڵی 2022 دیسان جەنگەکە گەرم ببێتەوە.

هاوپەیمانێتی بە سەرۆکایەتی سعودیە هەوڵی لاوازکردنی حوسییەکان و گێڕانەوەی چارەسەری سیاسی و حکومەتی یاسایی دەدەن، بەڵام وادیارە هەوڵەکە جارێ بەری نەگرتووە و سعودیە لە ململانییەکەوە تێوەگلاوە کە وا زوو کۆتایی نایەت.

لەولاوە حوسییەکان ململانێکەیان گواستووەتەوە بۆ خاکی سعودیە و ماوە ماوە مووشەک دەگرنە سعودیە یان درۆنی بۆمبڕێژکراو دەنێرنە سەر خاک و ئاسمانی سعودیە، لە بەرامبەردا هاوپەیمانێتیی بەسەرۆکایەتی سعودیە زوو زوو هەواڵی پووچەڵکردنەوەی ئەم هێرشانەی حوسییەکان بڵاودەکەنەوە، لایەنە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانیش داوا لە هەردوولا دەکەن پابەند بن بە ئاگربەستەوە.

فەلەستین و ئیسرائیل:

ساڵی 2021 پرسی فەلەستین گەڕایەوە ناو هەواڵە گەرمەکانی 2021، ئەویش لەگەڵ رووداوەکانی قودس و دەستپێکردنی هێرشی چوارەمی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە.

کۆتایی 2021 بەشێک لە لایەنە فەلەستینییەکان نیگەران بوون بە دیداری مەحموود عەباس سەرۆکی فەلەستین و بینی گانتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە نزیک تەلئەبیب.

دوای ئەو دیدارە، ئیسرائیل لە هێرشێکدا لە باکووری غەززە سێ فەلەستینیی بریندار کرد، ئەوە دوای ئەوەی فەلەستینییەکان بە فیشەک ئیسرائیلییەکی هاوردەیان بیندارکردبوو، ئەم پێکداپژانەش زەنگی گێرانەوەی پێکدادانی فەلەستین و ئیسرائیلە لە 2022 دا.

هاییتی:

هایتی لە دۆخی قەیرانی سیاسی و جەنگ و کارەساتی سروشتیدا دەژی، ساڵی 2021 بە تایبەت دۆخێکی ناڕوون و مەترسیار بوو، بە تایبەت تیرۆرکرانی سەرۆک جۆڤینیل مویز لە حەوتی تەممووزدا لە ماڵەکەی خۆیدا، دۆخی نادڵنیایی و نەمانی متمانەی تۆختر کردەوە.

مانگی نۆڤەمبەریش کاتێک پاش ڕفاندنی چەند مژدەدەرێکی مەسیحیی ئەمریکی و کەسوکاریان کە بریتی بوون لە 16 هاووڵاتیی ئەمریکا و کەسێکی کەنەدی، فڕۆکەکانی ئەمریکا بەسەر ئاسمانی کەناراوەکانی هاییتیدا فڕین و ئەوەش گومانی ئەوەی قوتکردەوە ئەمریکا دەستێوەردان لەناو هایتیدا بکات.

لە هایتی چەند باندێک خۆیان سەپاندووە کە کەسانی ناوخۆیی و بیانی دەڕفێنن و بۆ ئازادکردنیان داوای پارە دەکەن.

حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان هایتی وەکو دەوڵەتێکی ناو زۆنی سووری مەترسیدار تەماشا دەکات و پێناچێت دووربێت لە دەستوەردان تێیدا.

میانمار:

سەرەتای مانگی شوباتی رابردوو چەند فەرماندەیەکی سوپای میانمار کودەتایەکی سەربازییان ئەنجام دا کە دەستگیرکردنی چەند سەرکردەیەکی گەورەی وڵاتی بەدوادا هات، لەوانە سەرۆک وین مینت و ڕاوێژکاری ئۆنگ سان سو چی.

بەر لە کۆتایی 2021 و لە سەر و بەندی جەژنی لەدایکبوونی مەسیحدا، ویلایەتی کایاهی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە شاهیدی کوشتارگەیەک بوو کە تێیدا شەڕ و پێکدادان هەیە لەنێوان هێزەکانی سوپا و یاخیبووانی لایەنگری دیموکراسی، لەو کوشتارگەیەدا 30 کەس گیانیان لەدەست دا کە دوانیان فەرمانبەری ڕێکخراوی منداڵپارێز بوون، هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازی بە بەرپرسیار دانران لەو کوشتارەی روویدا.

وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆت و بەندیان داناوە لەسەر فرۆشی چەک بە سوپای میانمار، کە دەوترێت تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام داوە لە هێرشە خوێناوییەکەیدا دژ بە کەمینەی ڕۆهینگا.

 چاوەڕوان دەکرێت ململانێکانی میانمار لە ساڵی 2022شدا بەردەوام بن.

ئیسلامییە توندڕەوەکانی ئەفریقا:

فۆڕین پۆڵیسی دەڵێت لەوەتەی لە 2017 ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش شکستی هێناوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەفریقا بووەتە ئەو سەر زەمینەی کە توندترین جەنگەکانی تێدا ئەنجامدەدەرێت دژ بە جیهادییەکان و ئیسلامییە توندڕەوەکان.

توندڕەوەکان لە ژمارەیەک لە دەوڵەتانی کیشوەری ئەفریقادا جێگیر بوون، هەر لە ڕۆژهەڵاتی کیشوەرەکە تاوەکوو ڕۆژئاواکەی، لە مالی و وڵاتانی کەناری زەریا و ناوچەی دەریاچەی چاد تاوەکوو نێجیریا و ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ و مۆزەمبیق. لە مۆزەمبیق توندڕەوانێک سەریانهەڵداوە کە داوای دروستکردنی ویلایەتێکی داعش دەکەن لەسەر خاکی وڵاتەکەیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین