كازاخستان؛ گۆڕەپانى نوێى ململانێى رووسيا و توركيا وەرگێڕان

نوچەنێت:

تەمام ئەبوو خەير

ناڕەزاييەكانى هاووڵاتیانی كازاخستان دەرگايەكى فراوانى لەبەردەم دەستوەردانە سەربازييەكانى رووسيا لەو وڵاتە كردەوە، چەند رۆژێك دواى ناڕەزاييەكانى خەڵكى كازاخستان دژ بە قاسم جومرەت تۆكاييف و دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە، به‌ پاساوی پاراستنی دۆخی وڵاتێكی ئه‌ندام له‌ رێكخراوى پەيماننامەى ده‌سته‌جه‌معی (CSTO) كاروانە سەربازييەكانى رووسيا بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێكەوت، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی كازاخستان بوو بۆ ئەوەى هاوكاربن لە ئاساييكردنەوەى باردودۆخى وڵاته‌كه‌ی.

ئەو دەستوەردانە خێرايەى رووسيا له‌كازاخستان مايەى نیگه‌رانی توركيا بوو، كە ريشەيەكى بەهێزى لەو وڵاته‌ هه‌یه‌، بەهۆى ئەوەى پەيوەندیى نەتەوەى و رۆشنبيريي قووڵیان هه‌یه‌، لە (65%) دانيشتووانى ئەو وڵاتە كە ژمارەيان (19) مليۆن كەسە بە زمانى توركى قسە دەكەن.

لەبەرانبەردا كازخستان و رووسيا پەيوەندیى بازرگانيان بەهێزە، زمانى فەرمى نێوانيان رووسييە، بەشێكى زۆرى دانيشتوانی بە زمانى رووسى قسە دەكەن و لە كاروبارى رۆژانە به‌كاری ده‌هێنن، بەدەر لەوەش كازاخستان يەكێكە لە كۆمارەكانى يەكێتى سۆڤييەتى پێشووە.

ئەو نزيكبوونەوە مێژوويى و رۆشنبيرييەى كازاخستان لەگەڵ توركيا و رووسيا پاڵنەر دەبێت ئەو پرسيارە بكەين ئايا ئەڵماتى دەبێتە شوێنێكى نوێ بۆ جەنگى ساردى نێوان توركيا و رووسيا، لە چەند ساڵى رابردوو لە چەند ئاستێك ململانێ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە هەبوو، ئەوەش وايكردووە كازاخستان خاڵێكى نوێ بێت لە ململانێكان، بەڵام وەك ليبيا و سووريا و ناوچەكانى تر شەڕى تێدا نەبووە.  

پێشتر باسمان كرد كازاخستان ئەندامە لە رێكخراوی (CSTO)  و ئەنداميشە لە رێكخراوی وڵاتانى تورك، لێرە باس لەو دوو رێكخراوە دەكەين.

رێكخراوى پەيمانى ئاسايشيى  ده‌سته‌جه‌معی 

ئه‌و رێكخراوه‌ هاوپەيمانييەكى سەربازييە، رووسيا سەرۆكايەتى دەكات، پێكهاتووە لە (رووسيا و بيلارووسيا و ئەرمينيا و كازاخستان و قيرغزستان و تاجيكستان) لەدواى هەڵوەشانەوەى يەكێتى سۆڤييەت دامەزراوە، بە رەسمى لە (2002) لەدواى شەڕى ئەمەريكا دژ بە حكومەتى تاڵيبان لە ئەفغانستان راگەيێندرا، بارەگاى ئەو رێكخراوە لە مۆسکۆيە، ئەندامانى بە نۆرە سەرۆكايەتى دەكەن.

لە (2007) ئەندامانى ئەو رێكخراوە لە لووتكەى رێكخراوەكەيان واژۆيان لەسەر ميكانزمى پێكشەشكردنى هاوكارييە سەربازييەكان كرد، كە ئەگەر هەڕەشەيەكى كردەيى رووى لەو وڵاتانە كرد بەشدار بن له‌ پارێزگاریكردنی له‌و وڵاته‌.

بنەماى ئەو رێكخراوە رێككەوتنێكى ئەمنيى واژۆكراوە لە نێوان ئەو وڵاتانە، لە (2009) هێزێكى (20) هەزار كەسيان دروست كرد بۆ بەدەمەوەچوونى خێرا، نەتەوە يەكگرتووەكان دانى به‌ يەكێتى پاراستنى ئاشتى سەر بەو پێهاتەيە ناوه‌، هەندێك لە شارازەيان ئاماژە بەوە دەكەن، "رووسيا هەوڵدەدات لە رێگەى ئەو رێكخراوە (ناتۆى بچووكراوە) دروست بكات، وەك وەڵامێك بۆ هاوپەيمانى ناتۆ، كە ئەمەريكا سەركردايەتى دەكات."

بەڵام بەراورد بە ناتۆ ئەو رێكخراوە زۆر لاوازە، چونكە مۆسكۆ پێويستى بەسەرچاوەى وڵاتانى ترە لە هاوپەيمانى ناتۆ، ئەو وڵاتانەى ناو رێكخراوەكەى رووسيا بە شێوەيەكى زۆر ململانێيان هەيە، بۆ نموونە ئەرمينيا دژ بە ئازەربيجانە، لە شەڕەكانى نێوانيان شكستى هێنا و سازشى لە هەرێمى كەرباخ كرد، بيلارووسيا تۆمەتبارە بە تێكدانى ئاسايشى سنوورەكانى لەگەڵ پۆڵندا و لاتيڤيا.

لەگەڵ ئەو دۆخەش مسكۆ هەوڵدەدات سەروەرييەكانى هاوپەيمانى وارسۆ بگێڕێتەوە و ململانێكانى لەگەڵ هاوپەيمانى ناتۆ دەستبكاتەوە، هەوڵيش دەدات پارێزگارى سەربەخۆيى و يەكێتى خاكيان بكات، پەيماننامەى ئەو رێكخراوە رێگە نادات لەكاتى ململانێى نێوانيان، ياخود هەڕەشە هێز دژ بە يەك بەكاربهێنن، هەروەك دەستدرێژى بۆ سەر ئەندامێكيان دەستدرێژييە بۆ سەر هەموويان.

ڕێكخراوى وڵاتانى توركى

ڕێكخراوى وڵاتانى تورك، لە وڵاتانە پێكهاتووە، (توركيا، ئازەبيجان، توركمانستان، ئۆزبەگستان، قيرغزستان، كازاخستان، قوبرسى توركى) زمان و مێژوو و شارستانييەتێكى هاوبەشيان هەيە، زمانى توركى زمانى فەرمى ئەو وڵاتانەيە، نەتەوەى توركيا لە جيهان زياتر لە (300) مليۆن كەسە، لە چەندين وڵاتى جۆراوجۆر نيشتەجێن.

لە (1992) تۆكۆت ئۆزال بانگێشتى سەرۆكى وڵاتانى (ئازەبيجان، توركمانستان، ئۆزبەگستان، قيرغزستان، كازاخستان) كرد بۆ ئەنقەر بۆ ئەوەى لووتكەى ئەو وڵاتە ببەستن، بڕياريان لە بوارى پەرەپێدانى هاوبەش ئەو لووتكەيە لە نێوانيان هەبێت، ساڵانە ئەو وڵاتانە ديدارييان هەبوو، لە (2009) لە شارى ناخشيفانى ئازەربيجان بە فەرمى ئەنجومەنى وڵاتانی توركی دروستكرد.

لە ساڵى رابردوو رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا لە كۆبوونەوەى ئەو ئەنجومەنە ناوەكەى گۆڕى بۆ (رێكخراوى وڵاتانى توركى) دواتر رايگەياند، "بڕيارمان دا ئەنجومەنەكە بكەين بە رێكخراو، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى قورسايى زياتر دەبێت، ئێمە لە روى سياسى و ئابوورى و رۆشنبيرى كاره‌كانمان بەردەوام دەبين." سەرۆكى وەزيران و سەرۆكى وڵات وەزيرانى دەرەوە ئەندامى ئەو رێكخراوەن و كەسانى خاوەن بۆچوون لەو وڵاتانە و فەرمانبەرانى باڵا و ئەميندارى گشتيش بەشدارن و رێكخراوى پەرلەمانتارانى وڵاتانى توركيا ئەنجومەنى كارى توركى و رێكخراوى نێودەوڵەتى ئەكاديمى و رۆشنبيرى  و يەكێتى ژوور و بۆرسە هاوبەشيش بەشدارى لە كۆبوونەوەكانى ئەو رێكخراوە دەكەن، بارەگاكەى لە ئيستنەبوڵە

ئامانجى سەرەكى ئەو رێكخراوە توركييە، دامەزراندن و بەهێزكردنى هەماهەنگى نێوان وڵاتانى ئەندامە لە پرسە سياسيەكانى دەرەوە و ئابوورى و گەياندن و گومرگ و گەشتوگوزار و فێركردن و راگەياندن و وەزش و گەنجان، هه‌روه‌ها ئامانجيان فراوانكردنى بوارەكانى هەماهەنگى نێودەوڵەتييە لە جيهانى ئيسلامى و وڵاتانى رۆژهەڵات و ناوچەى ئۆڕاسيا و قووڵكردنەوەى ئاشتى و سەقامگيرى تێيدا.

جێبەجێكردنى بڕيار و ئامانجەكانى ئەو رێكخراوە سەركەوتنى گەورەى سەربازى بەدەستهێناوە، توركيا چووە پاڵ ئازەربيجان دژ بە ئەرمينيا كە رووسيا پاڵپشتى دەكرد، توانى هەرێمى كەرەباخ بۆ باكۆ بگێڕێتەوە.

هەڵوێستى توركيا

دواى دروستبوونى ناڕەزاييەكان سەرۆك كۆمارى توركيا بە پەلە پەيوەندى بە سەركردەى وڵاتانى ئەنجامى ئەو رێكخراوە كرد گفتوگۆكيان لەسەر رووداوەكانى نوور سوڵتان كرد، بەگوێرەى راگەيێندراوێكى سەرۆكايەتى توركيا، ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆكى كازخستان و ئازەربيجان و ئۆزبەكستان و قڕغيزيا قسەى كردووە.

لە پەيوەندييەكەى ئەردۆغان بەسەرۆكى كازاخستانى راگەياندووە، "ئەنقەرە چاودێرى دۆخى وڵاتەكەتان دەكات و دەخوازسێت خواى گەورە روحم بە قوربانييەكان بكات و شيفا بۆ بريندارەكان بنێرێت، ئێمە هاوسۆزين لەگەڵتان وەك رێكخراوى توركيش لە راگەيێندراوى خۆى پاڵپشتى كازاخستانى كردووە."

رۆژنامەنووس محەمەد ئۆنلمش دەربارەى هەڵوێستى توركيا ئاماژەى بەوە كرد، "ئەنقەرە پێى وايە كازاخستان لەو وڵاتانەيە قووڵايەكى ستراتيژى هەيە، دواى ئازادكردنى كەرەباخ دەتوانێت رێڕەوێكى راستەوخۆ لەگەڵ ئاسيا بكاتەوە، هەر ئەوەش رووسياى تەنگاو كردووە، كە پێى وايە ئەو ناوچەيە هاوپەيمانى خۆيەتى، كە توركيا لەو دواييە لە رێگەى رێككەوتنى بازرگانى و فرۆشتنى پێداويستى سەربازى بەو وڵاتانە هەوڵيدەدا بەڕە لەژێر پێى رووسيا دەربهێنێت."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەو رۆژنامەنووسە رايگەياند، "ئەو هەنگاوە رووسياى زۆر تەنگاو كردووە، پێى وايە دەبێت ئەو وڵاتانە لەژێر             چاودێرى ئەو بن، نابێت لە چوارچێوه‌ی رێكخراوی (CSTO) ده‌رچن، لەگەڵ دەستپێكردنى ناڕەزاييەكانيش كازخستان رووبەڕووى مەترسى بۆوە، بۆيە رووسيا ئەوە بە دەرفەتێك دەزانێت، كە هاوپەيمانى راستەقينەى ئاسايشى گشتى بەسپێنێت، نەك رێگە بدات توركيا دەستوەردان بكات، بەهۆى هەژموونييەوە توانى وڵاتانى ئەندام رازى بكات زۆر بەخێرايى دەستوەردانى سەربازى لە كازاخستان بكەن، ئەوەش زۆر جياوازى نەبوو لە دەستوەردانى سەردەمى جەنگى سارد لە ئەفغانستان.

دەربارەى تۆركيان ئۆنلمش دەڵێت، "ئەنقەرە نايەوێت ئەو وڵاتانە لە بەرەى رووسيا بمێنن، ناشيەوێت پەيوەندييەكانى لەگەڵيان لە دەست بدات، چونكە سروشتى ئەو وڵاتانە دەزانێت هاوشێوەى وڵاتانى عەرەبين، بۆيە زۆر بە هەستيارى لێيان نزيك دەبێتەوە، داواى چاكسازى و گفتوگۆ دەكات، ئەو لەيەك كاتدا دەڵێـت، پاڵپشتى گەل و حكومەت دەكەين، لەهەمانكاتدا هانى دەسەڵات نادات توندوتيژى بەكار بهێنێت، بەڵام رووسيا راسته‌وخۆ زمانی بەهێز مامەڵە دەكات، هەژموونى سياسى و سەربازى قۆستۆتەوە، دەيەوێت زۆر بەتوندى لە رێكخراوى وڵاتانى تورك بدات، بەر لەوەى ئەو رێكخراوە گەورە بێت، هەروەها دەيەوێت ئەو دۆخەى كازاخستان يەكلا بكاتەوە پێش ئەوەى ببێتە ئۆكرانيايەكى تر.

يەكلاكردنەوەى رووسيا

رووسيا زۆربەى هەڵوێستەكانى يەكلاكەرەوەيە، دوا هەڵوێستى لە كازاخستان پێچەوانەى هەڵوێستى توركيايە، كە هەوڵدەدات كار لەسەر چارەسەرى سياسى بكات، بەڵام وتەبێژى كۆشكى كرملين رايگەياند، "ڤلاديمێر پۆتین، سەرۆكى رووسيا پەيوەندى بە هاوپەيمانەكانى لە ئاسياى ناوەڕاست كردووە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو ئاڵۆزييە خوێناويەى هەڕەشە لە حكومەتى كازاخستان."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەو وتەبێژە جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "پۆتين چەندين جار بە تەلەفۆن پەيوەندى بە سەرۆكى كازاخستان و سەرۆكى وڵاتانى ئەندام لە رێكخراوى (CSTO) كردووە، كە بە هێز دەستوەرداتە كاروبارى نوور سوڵتان، سەرۆكى كازاخستان سوپاسى سەرۆكى وڵاتانى ئەندامى ئەو رێكخراوە و سەرۆكى رووسيا كردووە، كە دەستبەجێ بەدەم داواكارييەكەى چووينە."

چاودێرانى سياسى پێيانوايە، "نەبوونى سەقامگيرى سياسى لە وڵاتێكى وەك كازاخستان كاريگەرى لەسەر دراوسێكانى دەبێت، لە هەمانكاتيش بەرژەوەندييەكانى رووسيا دەخاتە مەترسييەوە، مۆسكۆش پەندى لە ئەزموونى ئۆكرانيا وەرگرتووە، نايەوێت سيانيۆرى چەند مانگى رابردووى بيلارووسيا دووبارە بێتەوە، پێشتريش سەرۆكى رووسيا چەندين جار جەختى لەسەر ئەوە كردۆتەوە، وڵاتەكەى ئامادەيە هاوكارى سەربازى بيلارووسيا بكات بۆ رووبەڕوونەوەى ناڕەزاييەكان و كۆتايى بەو دۆخە بهێنێت."

رووسيا لەپێناو دەرنەچوونى كازاخستان لە ژێر هەژموونى خۆى ئامادەى شەڕكردنە، چونكە دەرچوونى لە ژێر هەژموونى رووسيا واتە گۆڕانكارى لە دەسەڵات، ئەوەش وادەكات هەمان دۆخ رووبەڕووى وڵاتانى تر بێتەوە و سەرلەنوێ لە رووسيا دوور كەونەوە، چونكە دەسەڵاتى ئێستا دەستبەردارى رووسيا نابێت.

رۆژنامەى نيويۆرك تايمز بڵاويكردەوەن، "سەپاندنى هەژموونى مۆسكۆ لە كازاخستان ئامانجێكى دوورمەوداى ڤلاديمێر پۆتين بوو، هەرچەند رووداوەكانى كازاخستان دەريخست بۆ پارێزگارى لە دەسەڵاتەكانيان سەركردەكانى ئەو ناوچەيە متمانەيان بە كرميلين لاوازە."

لەو بارەيە باسل حاج لێكۆڵەر لە باروبارى توركيا بە ماڵپەڕى (نون پۆست)ى رايگەياند، "ئەو قسەيە راست نييە، كە دەڵێت، رووسيا پێش توركيا بەدەم كازاخستانەوە چوو، راستە ئەوانە ململانێيان هەيە، بەڵام نەگەيشتۆتە قۆناغى ململانێ، ياخود رووبەڕووبوونەوەيان لەو وڵاتە و ئاسياى ناوەڕاست."

لەبەشێكى ترى قسەكانى  جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئەوە سروشتى ململانێى توركيا و رووسيايە لە كازاخستان، توركيا نايەوێت رووسيا پێگەى لە كازاخستان هەبێت، بەڵام بەردەوامى پەيوەنديشيان خزمەتى ئەنقەرە دەكات، چونكە لە كاتى خستنەخوارەوەى فڕۆكە رووسيەكە كازاخستان رۆڵى لە چارەسەركردنى ئەو قەيرانە بينى، دواتر ئەنقەرە سوودى لەو پەيوەندييە بەهێزەى نێوان وڵاتەكەى لەگەڵ نەتەوەكانى ئاسياى ناوەڕاست بينى."

هیچ لایه‌نێك به‌لاى رووسیاوه‌ په‌سه‌ند نییه‌ كه‌ هه‌وڵى لاوازكردنى هه‌ژموونى بدات له‌و ناوچانه‌ كه‌ به‌شێك بوون له‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌ت و كازاخستان، له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ وڵاته‌ی كه‌ زمانیان توركیه‌. ئه‌م ناوچانه‌یش ئه‌مڕۆ نایانه‌وێت كه‌س براگه‌وره‌یان بێت، جا مۆسكۆ بێت كه‌ مێژووێكی درێینی هه‌یه‌، ‌ یانیش ئه‌نقه‌ره‌ بێت.

لێرەوە مەترسيەكانى توركيا لە گەڕانەوەى سەرلەنوێى هەژموونى رووسيایه‌ بەسەر رووداوەكانى ئەو دواييەى كازاخستان دەردەكەوێت، حاج لەو بارەيەوە دەڵێت، "توركيا بەگومانە لەوەى كازاخستان داواى هاوكارى لێ نەكردووە، بەڵكو لە داوای رووسياى كردووە، ئەوەش وايكردووە توركيا لە قۆناغى داهاتوو هەوڵەكانى لە چوارچێوەى رێكخراوى وڵاتانى تورك كە خودى نوور سوڵتان تێيدا ئەندامە بخاتە گەڕ."

ئەمڕۆ كازاخستان بۆتە گۆڕەپانى ململانێى رووسيا و توركيا، رووسيا بە دەستپێشخەرى سەربازى پێش توركيا كەوتووە، هەرچەندە نوور سوڵتان لەرووى گەل و زمان و رۆشنبيرییه‌وه‌ پەيوەستە بە توركيا، بەڵام مۆسكۆ دان بەوە دەنێت تەنيا زمانى هێز لەگەڵ دەسەڵاتى فەڕمانڕەواى ئەو وڵاتە پێكيان دەبەستێتەوە، چونكە دەيەوێت كازاخستان نەبێتە ئۆكرانياى دووەم، بەڵام توركياش ئەوەندە بە ئاسانى جڵەوى كازاخستان ناداتە دەست مۆسكۆ، رێگەش نادات ببێتە ئۆكرانيايەكى تر. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین