قۆناغێكى نوێ لە پەيوەندييەكانى توركيا لەگەڵ وڵاتانى ناوچەكە شیکاری

نوچەنێت:

رۆژنامەى (سەباح)ى توركى لە راپۆرتێكيدا ئاشكراى كردووە، توركيا هەنگاوەكانى بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ چەند وڵاتێكى ناوچەكە دەستپێكردووە، دواى (10) ساڵ لە پچڕانى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئیسرائيل، ئێستا سەرقاڵى گفتوگۆن بۆ گێڕانەوەى باڵيۆزى هەردوو وڵات، بەگوێرەى راپۆرتى ئەو رۆژنامەيە، سياسەتى نوێى توركيا لە وڵاتانى ناوچەكە لەسەر بنەماى ئاشتى و سەقەمگيرى و ئاسايشى ديپلۆماسى بونيادنراوە.

لە چەند مانگى رابردوو، رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا لەگەڵ تيمەكەى گفتوگۆيان لەسەر پێداچوونەوە بە كۆى سياسەتى دەرەوە كردووە، بڕياريانداوە دەست بە قۆناغێكى نوێ بكەن، بۆ ئەوەش چەند هەنگاوێكيان دياريكردوو، كە لە رێگەيەوە ئامانجيان پەرەپێدانى پەيوەندييەكانە لەگەڵ ئەمەريكا و ئيسرائيل و ئەرمينيا و وڵاتانى كەنداو.

دەربارەى پەيوەندييەكانى توركيا و ئيسرائيل رۆژنامەى (سەباح) نووسيوويەتى، هەنگاوى يەكەمى توركيا بەرانبەر ئيسرائيل، ئازادكردنى دوو گەشتيارى ئيسرائيل بوو، كە بە تۆمەتى وێنەگرتنى ماڵى سەرۆكى توركيا دەستگيركرابوون.

لە (18) تشرينى دووەمى ساڵى رابردوو، دوو هاووڵاتى ئيسرائيلى وێنەى ماڵى ئەردۆغانيان گرتبوو، هێزە ئەمنييەكانى توركيا بە تۆمەتى سيخوڕى دەستگيریكردن، نەفتالى بنێت، سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل پەيوەندى بە رەجەب تەيب ئەردۆغان كرد، ئەوەش بووە يەكەم هەنگاوى ئاساييكردنەوەى پەيوەندى نێوان ئەو دوو وڵاتە، لە قۆناغى دواتر بەستەڵەكى نێوانيان تواندەوە، ئەوەى جێگەى بايەخ بوو زمانى گفتوگۆى نێوانيان بوو، كە جيابوو لە زمانى پێشوو. 

رۆژنامەكە ئەوەى ئاشكراكردووە هەردوولا باڵيۆزى خۆيان بۆ يەكترى دياريكردووە، ئەگەريش هەيە لە قۆناغى داهاتوو كۆببنەوە.

لە هەفتەى رابردوو، ئەردۆغان ئاشكراى كرد، ئيسحاق هێرزۆغ، سەرۆكى ئيسرائيل سەردانى توركيا دەكات، دەربارەى سەردانەكە چەند سەرچاوەيەكى ديپلۆماسى ئاشكرايان كرد، تا ئێستا كاتى سەردانەكە ديارى نەكراوە، بەڵام گفتوگۆ لەسەر ئاستە جياوازەكانى هەردوو وڵات بەردەوامە.

دواى نزيكەى (14( ساڵ لە پچڕانى پەيوەندييەكان، پێنجشەمەى رابردوو، بۆ يەكەمجار مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزيرى دەرەوەى توركيا لەگەڵ يائير لايبێر، وەزيرى دەرەوەى ئيسرائيل گفتوگۆيان بە تەلەفۆن كرد.

پەيوەندييەكانى توركيا لەگەڵ وڵاتانى كەنداو و ليبيا و ميسڕ

دەربارەى پەيوەندييەكانيش لەگەڵ وڵاتانى كەنداو، رۆژنامەى (سەباح) ئاشكراى كردووە، توركيا لەگەڵ كوێت و قەتەر پەيوەندیى بەهێزى هەيە، ئێستاش دەستى بە پەرەپێدانى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيمارات كردووە، هاوکات باشترکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ سعوودييە یەکێکە لە ئامانجەکانى، بۆ ئەم مەبەستەش بڕيارە ناوەڕاستى مانگى داهاتوو ئەردۆغان سەردانى سعوودييە دەكات.

سەبارەت بە ليبيا، توركيا كار لەسەر مسۆگەركردنى سەركەوتنى لايەنەكانى نزيك لەخۆى دەكات لە هەڵبژاردنى داهاتووى ئەو وڵاتە، بۆ ئەم مەبەستەش ئێستا دەستى بە گفتوگۆ كردووە لەگەڵ هۆزەكانى ليبيا.

دەربارەى ميسريش پلانيان هەيە بۆ باشتركردنى پەيوەندييەكانيان لەگەڵ ئەو وڵاتە و گێرانەوەى هاوسەنگى نێوانيان.

پەيوەنديى نێوان توركيا و ئيمارات

دواى ناكۆكييە قووڵەكانى نێوان توركيا و ئەرمينيا، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە دەستيان بە ئاساييكردنەوەى پەيوەنديى نێوانيان كردۆتەوە، هەردوو وڵات دواى ساڵێك لە راگرتنى گەشتى ئاسمانى نێوانيان، ئێستا گەشتەكان لە چەند ناوچەيەكى نزيك لە يەكترى دەستى پێكردووە، بەتايبەت ناوچەى وان، كە بۆتە شوێنى گەشتياريى هاووڵاتيانى ئەرمينيا، لەلايەكى تريشەوە دەرگاى بازرگانييان بەڕووى يەكترى دا كردۆتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین