پەيوەندييە ئابوورييەكانى توركيا لە دەرەوەى ململانێى سياسى شیکاری ئابوری

نوچەنێت:

توركيا يەكێكە لەو وڵاتانەى لەگەڵ چەندين وڵاتێكى جيهان و ناوچەكە ناكۆكى سياسى قووڵى هەبووە، تا ئێستاش ناكۆکييەكانى بەردەوامن، بەڵام لەسەر ئاستى پەيوەندیى ئابوورييەوە، ناكۆكييە سياسييەكان كاريگەرى لەسەر پەيوەندييەكانى نێوانيان نەبوو، بەڵكو لەبرى پاشەكشە، بەرەو پێش دەچوون، لەچەند ساڵى رابردوو، هەندێك جاريش ئەو پەيوەنديانە هۆكارێكى راستەوخۆ بووە بۆ ئەوەى پەرە بە پەيوەندييە سياسييەكان بدەنەوە. 

پەيوەندیى ئابوورى توركيا و ئيسرائيل

توركيا و ئيسرائيل لە دواى ساڵى (2008( پەيوەندييە سياسييەكانى نێوانيان تێكچوو، بەڵام بە درێژايى ساڵانى دوایى، پەيوەندییە ئابوورییەکانیان بەردەوام لە گەشەسەندن دابوو، ئەو ئامارانەى خوارەوە بەشێكە لە ئامارى سەردەمى ناكۆكى سياسى نێوان ئەو دوو وڵاتە.

لە  (2011) هەناردەى توركیا بۆ ئیسرائیل بەبڕى دوو ملیار  (400) دۆلار بوو، ئیسرائیل لە پلەى (17)ى وڵاتانى هاوردەى كاڵا توركییەكان بوو، لە (2002) كاتێك پارتى دادوگەشەپێدان گەیشتە دەسەڵات بەهاى هەناردەكردنى ساڵانە دەگەیشتە 850 ملیۆن دۆلار، ئەو ژمارەیە لە ماوەى (18) ساڵ (4,5%) زیادیكردووە.

لە (2020) هەناردەى توركیا بۆ ئیسرائیل بەبەهاى چوار ملیار (200) ملیۆن دۆلار بوو، ئەو ژمارەیە لە پلەى كۆتایى ئەو نۆ دەوڵەتەیە كە توركیا زۆرترین كاڵاى بۆ هەناردەكردوون.

لە چوار مانگى یەكەمى (2021) هەناردەكردنى توركیا بۆ ئیسرائیل گەیشتۆتە یەك ملیار و (851) ملیۆن دۆلار، ئەوەش یەكسانە بە زیادبوونى  رێژەى (35%) بە بەراورد بە هەمان ماوەى ساڵى رابردوو، لەو ماوەیە دەوڵەتى ئیسرائیل هاتۆتە پلەى هەشتەم لە سەر ئاستى ئەو وڵاتانەى كاڵاى توركى هاوردە دەكەن.

چوار مانگى یەكەمى (2021)هەناردەكردنى پیشەسازى ماددە ئاسنییەكان لە توركیا بەهاكەى پێنج ملیار و  (500) ملیۆن دۆلار بوو، ئیسرائیل لە پلەى یەكەمى ئەو كڕیارانە بووە، بە بەهاى پێنج ملیار و (389) ملیۆن دۆلار.

توركيا و فەڕەنسا 

ئەو دوو وڵاتە لە چوار ناوچەى سەرەكى ململانێى توند لە نێوانيان دا هەيە، لە سووريا و عێراق و ليبيا و باشوورى ئەفريقيا، سەرەڕاى ململانێ توندەكانیان، بەڵام لەڕووى ئابوورى پەيوەندييەكى بەهێزيان هەيە، هەردوو وڵات دوو كڕيارى سەرەكى كاڵاكانى يەكترين. 

لە مانگى ئەيلوولى ساڵى رابردوو، فرانك ريستەر، وەزيرى بازرگانى دەرەوە و  وەبەرهێنانى فەڕەنسا رايگەياند، "چاوەڕوان دەكەين، لە كۆتايى ئەمساڵ قەبارەى بازرگانيمان لەگەڵ توركيا بگاتە (16) مليار يۆرۆ، ئەو قەبارەيە لە ساڵى (2020)، (14) مليار يۆرۆ بوو."

لە بەشێكى ترى قسەكانى گوتى، " قەبارەى بازرگانى ئێمە و ئەنقەرە لە ساڵى (2014 و2019 ) پێنج مليار يۆرۆ بووە، ئێستا (450) كۆمپانياى وڵاتەكەمان لە توركيا كاردەكەن." 

لە بوارى پيشەسازیى سەربازى، فەڕەنسا يەكێكە لەو وڵاتانەى چەك لە توركيا دەکڕێت، لە مانگى رابردوو توركيا ناوى ئەو وڵاتانەى بڵاوكردەوە كە چەكيان لێى كڕيووە، فەرەنسا لە ريزى پێشەوەى ئەو وڵاتانە بوو چەكى توركيا كڕييوە.

لە بوارى پەرەپێدانى كەرتى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان لە كۆتايى ساڵى رابردوو، دوو كۆمپانياى فەڕەنسا لەگەڵ كۆمپانياى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى توركى دەستيان بە گفتوگۆ كرد، بەمەبەستى پەرەپێدانى پيشەسازى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان.

پەیوەندییە ئابوورییەکانى فەرەنسا و تورکیا ڕێگرە لەوەى ئەو دوو وڵاتە پەيوەندیى سياسييان بپچڕێنن، لە (2018) كاتێك دۆناڵد ترامپ، سەرۆكى پێشووى ئەمەريكا سزاى ئابوورى توركياى دا، ئيمانوێل ماكڕۆن، سەرۆكى فەڕەنسا لەگەڵ رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيا بە تەلەفۆن باسيان لە بەهێزكردنى پەيوەندى ئابوورى نێوانيان كرد و هەردوولا جەختيان لەسەر ئەوە كردەوە، پەرە بەو پەيوەندييە ئابووريانە بدەن.

توركيا و ميسر

دوای لادانی ئيخوان موسلمین لە حكوم لە ميسر لە مانگى تەموزى (2013) پەيوەندى ئابوورى نێوان توركيا و ميسر بەردەوام بوو، بەڵام قۆناغەكان لە نێوان پاشەكشە و بەرەوپێشچوون بوو، بەگوێرەى داتاى يەكێتى ژوورى بۆرسە و بازرگانى توركيا لە ساڵى رابردوو لە ماوەى (11) قەبارەى ئابوورى گەيشتە پێنج مليار و (800) مليۆن دۆلار، ئەو رێژەيە بەراورد بە هەمان به‌روار لە ساڵى (2020) بە رێژەى لە (35%) زيادى كردبوو.

بەگوێرەى بڵاوكراوەى تايبەت بە هەناردەى سەر بە دەزگاى ناوەندى سەر بە ئامارى قاهيرە بڵاويكردۆتەوە، قەبارەى بازرگانى نێوان توركيا و ميسر لە نۆ مانگى ساڵى رابردوو بەرێژەى لە (16.3%) بەرزبۆتەوە، ئەو كە چوار مليار (12) مليۆن دۆلار بوو، لە ساڵى (2020) لە هەمان بەروار قەبارەى ئابوورى نێوانيان سێ مليار و (54) مليۆن بوو.

قەبارەى بازرگانى توركيا و ميسر، ساڵى رابردوو بڕى يەك مليار و (23) مليۆن دۆلار چۆتە بەرژەوەندى توركيا،  لە مانگى شوبات تا مانگى ئەيلوولى ساڵى (2020) بڕى يەك ميار و سێ مليۆن دۆرلار چۆتە بەرژەوەندى توركيا، ئەوەش واتە كورتهێنانى بازرگانى ئەو دوو وڵاتە بە رێژەى لە (16.4%).

ئەو بڵاوكراوە دەرى دەخات لەو ماوەى باسكراوە، هەناردەى ميسر بۆ توركيا بە رێژەى لە (33.9%) زيادى كردوو، كە بڕەكەى يەك مليار و (54) مليۆن دۆلار بووە، لە بەرانبەر لە هەمان قۆناغ لە ساڵى (2020) بڕەكەى يەك مليار و (15) مليۆن دۆلار بوو، كە رێژەى لە (4%)ى هەناردەى ميسر بووە لەو ماوەيە.

موحەرەم هيلال، سەرۆكى يەكێتى وەبەرهێنەرانى ميسر بە رۆژنامەى (ئەلعەرب)ى راگەياند، "پێشوازى لە بەهێزكردنى پەيوەندى ئابوورى لەگەڵ توركيا دەكەين، ديدارى دوولايەنەى ژوورى بازرگانى و بزنسمانەكان هەنگاوى سەرەتايە بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندى نێوانمان، رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيا هەوڵدەدات هەڵە سياسييەكانى لە رێگەى بزنسمانەكان راست بكاتەوە، چونكە ميسر ناوەندێكى گرنگە بۆ كۆتاييهێنانى گۆشەگيریى تورکیا لە وڵاتانى عەرەبى."

هيلال لەبەشێكى ترى قسەكانى روونى كردەوە، "چاوەڕوان دەكرێت ميسر بەربەستەكانى بەردەم پيشەسازى ئەندازيارى جلوبەرگی توركی لابدات، هه‌رچه‌نده‌ بەهۆى ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندی سياسى، وەبەرهێنانى توركيا لە ناوچە پيشەسازييە گەورەكانى ميسر بەربەستيان بۆ دروست نەبووە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین