شەرى ئۆكرانيا بۆ توركيا دەبێتە قەيران، بۆ ئێران و قەتەريش دەبێتە دەرفەت شیکاری

نوچەنێت:

رۆژنامەى (هارتس)ى ئيسرائيلى تيشك دەخاتە سەر هەڵوێستى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەرانبەر شەڕى رووسيا دژ بە ئۆكرانيا، كە پێيوايە دەبێتە قەيرانێكى نوێ بۆ توركيا و دەرفەتيش بۆ ئێران و قەتەر دەرەخسێنێت.

لەگەڵ زيادبوونى ئاڵۆزييەكانى نێوان رووسيا و ئۆكرانيا، واشنتن جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە شەڕى مۆسكۆ دژ بە كيێف لە هەر چركەساتێك بێت روودەدات، لەبەرانيشدا رەجەب تەيب ئەردۆغانيش هەوڵدەدات، ئەو شەڕەى رووسيا لە ئۆكرانيا رووبخاتەوە، بەڵام ئەو گۆڕانكارييانەى ئەم چەند رۆژەى رابردوو تووشى دڵەڕاوكێى كردووە، چونكە ترسى لە لێكەوتەكانى ئەو شەڕە هەيە لەسەر وڵاتەكەى، بەتايبەت ئەگەر واشنتن سزاكان بەسەر مۆسكۆ بسەپێنێت، ئەوكاتە ئەنقەرە ناچار دەكات بچێتە بەرەيەك دژى بەرەیەکى تر.

ئەو دڵەڕاوكێيەى سەرۆكى توركيا پەيوەستە بە پەيوەندى بەهێزى ئابوورى وڵاتەكەى لەگەڵ رووسيا، چونكە سەدان كۆمپانياى توركى لە رووسيا كاردەكەن، ساڵانە توركيا چەندين مليار دۆلارى لە گەشتيارانى رووسيا دەست دەكەوێت.

هەروەها ئەنقەرە مەترسى هەيە داهاتى هێڵى گازى رووسى لە رووسياوە بۆ رۆمانيا و مەجەر بەهۆى شەڕى ئۆكرانيا رووبەڕووى مەترسى ببێتەوە لەدەست بدات، چونكە جۆ بايدن، سەرۆكى ئەمەريكا هەڕەشەى سەپاندنى سزاى بەسەر هێڵى (نۆرد ستريم 2) كردووە، كە راستەوخۆ لە رووسياوە دەبەسترێتەوە بە هێڵى (تورك ستريم).

پێچەوانەى مەترسيەكانى توركيا، ئێران هەوڵدەدات قەيرانى ئۆكرانيا بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەى ببێتە سەرچاوەيەكى ترى گازى سرووشتى بۆ ئەوروپا، دۆزينەوەى كێڵگەى گازى چلوس لە دەرياى قەزوين، ئێرانى كردۆتە گەورەترين وەبەرهێنەرى گازى سروشتى، ئەگەر سزاكانى لەسەر هەڵگيرێت، ئەوكاتە ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە.

لەم مانگى رابردوو، تاران رايگەياند، "دەتوانين لە (20%) گازى سروشتى بۆ ئەوروپا دابين بكەين."

لە لايەكى ترەوە قەتەر يەكێكە لەو وڵاتانەى سوود لە قەيرانى ئۆكرانيا وەردەگرێت، قەتەر بەڵێنى بە واشنتن داوە، "ئەگەر رووسيا گازى سروشتى بۆ ئەوروپا رابگرێت، ئەو گازيان بۆ دابين دەكات."

هەوڵە ديپلۆماسیيەكان بۆ كۆتايى هێنان بەو قەيرانە شكستى هێناوە، كۆشكى سپى جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "ئەگەر رووسيا هێرش بكاتە سەر ئۆكرانيا، مۆسكۆ باجى قورس دەدات."

چەند هەفتەيەكە دواى كۆكردنەوەى زياتر لە (100) هەزار سەربازى رووسى لەسەر سنوورى ئۆكرانيا ئاڵۆزييەكان زياتر بووە، چەند ساڵێكيشە مۆسكۆ گەورەترين مانۆڕى سەربازى لە دەرياى رەش ئەنجام دەدات، داواش دەكات رۆژئاوا پابەند بێت بە بەڵێنى كشانەوەى هێزەكانى هاوپەيمانى ناتۆ لە رژهەڵاتى ئەوروپا و ئۆكرانيا نەبێتە بەشێك لەو هاوپەيمانييە، لە بەرانبەريش دا واشنتن داواكارييەكانى مۆسكۆى بەڕايى رەتكردۆتەوە، پێى راگەياندووە، لەبەرانبەردا رێككەوتنى نوێى ئەوروپا بۆ داماڵينى چەك لەگەڵ رووسيا قابيلى گفتوگۆيە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین