ئێران ڕەتی دەکاتەوە کە هێرشیان کردبێتە سەر کەشتی ئیسرائیل ئێران

نوچه‌نێت

دوای ئەوەی بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئێرانی تاوانبار کرد بەوەی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بارهەڵگرە ئیسرائیلییەکە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو تۆمەتەی "بە توندی" ڕەت کردەوە.

بە پێی هەواڵی "ڕادیو فردا"، سەعید خەتیب زادە لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: "ئێران ئاسایشی کەنداوی فارس و دەریای عومان دەپارێزێت و ڕێگا نادەین لەو ناوچەیەدا ترس و هەڕەشە بێتە ئاراوە".

خەتیب زادە وتی هۆکاری تۆمەتبار کردنی ئێران سەبارەت بە هێرش بۆ سەر کەشتی ئیسرائیلی دەگەڕێتەوە بۆ "کێشە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل" و "تاوانبار کردنی لایەنەکانی تر".

پێشتر کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی هه‌ینى بە دوو مووشەک کەشتی بارهەڵگری "هلیوس ڕی" ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.

هەروەها نتانیاهۆ ئەمڕۆ دووشەمە وتی "ئێران ئەو هێرشەی ئەنجام داوە وهیچ گومانێک لەوەدا نییە".

خەتیب زادە بە بێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات ڕایگەیاندووە ئیسرائیل دەزانێ کە لەو بابەتانەدا کە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە وەڵامی ئێران ورد و تەکنیکییە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها سەبارەت بە وتارێکی ڕۆژنامەی کەیهان کە نووسیبووی هێرش بۆ سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکە لە لایەن هێزەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجام دراوە وتی: "ئەگەر پشت بە هەواڵی میدیا و ڕۆژنامەکان ببەستین، تۆمەتبار کردن و هەواڵی چەواشەکارانەی میدیاکانی ئیسرائیل زۆر زیاترن".

ڕۆژنامەی کەیهان کە لەژێر چاودێری نوێنەری خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامیدا بڵاو دەبێتەوە، پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە هێرش بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکەی ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا ئەنجام دراوە.  
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین