توركيا دەتوانێ سوود لە قەيرانى نێوان رووسيا و رۆژئاوا وەردەگرێت؟ شیکاری

نوچەنێت:

چاودێرانى سياسى پێيانوايە، توركيا سوود لەو سياسەتە هاوسەنگەى بەرانبەر قەيرانى ئێستاى نێوان رووسيا و وڵاتانى رۆژئاوا گرتۆتيەبەر وەردەگرێت، لە هەمانكاتيش گۆڕانكارى لە دەرياى ناوەڕاست و دەرياى ڕەش روو دەدات.

هەرچەندە ئەنقەرە فشارى زۆرى لەسەرە تا هاوشێوەى وڵاتانى ئەوروپا سزاكان بەسەر رووسيا بسەپێنێت، بەڵام لە پێناو پارێزگارى لە بەرژەوەندييەكانى دەرگا بەڕووى رووسيا داناخات، بەڵكو دەيەوێت ببێتە پردێك لە نێوان مۆسكۆ و وڵاتانى رۆژئاوا.

بوڵند ئيرندەج، نووسەرى تورك ئاماژە بەوە دەكات، "ئەو ديپلۆماسيە چڕەى توركيا دەستى پێكردوە لە پاڵ سەردانى سەرۆكى ئيسرائيل بۆ توركيا، دەرخەرى گرنگى رەوانەكردنى وزەيە بۆ ئەو رووسپا، توركياش ناوەندێكى گرنگى ئەو هاوكێشەيە."

سەردانى ئۆلاڤ شۆڵتز، راوێژكارى ئەڵمانى و هەفتەى رابردووش ئيسحاق هێرۆزغ، سەرۆكى ئيسرائيل بۆ توركيا، پەيوەندى بە هاوكێشەى وزە لەو ناوچەيە هەيە، پێنجشەممەى ڕابردووش ئيلهام عليێف، سەرۆكى ئازەربايجان سەردانى توركياى كرد، سەردانى ئەو سەرۆكانە پەيوەستە بە هاوكێشەى وزە بەهۆى شەڕى ئۆكراينا، کە ئاڕاستەكە بەرەو توركيايە. 

بوڵند لە بەشێكى ترى قسەكانى جەخت لەسەر ئەو دەكاتەوە، "هێڵى گازى سروشتى لە رێگەى ئەنادۆڵەوە كە بە توركيا تێدەپەڕێت و گاز بۆ ئازەربايجان دەگوازێتەوە، لە پاڵ ئەو پڕۆژەیەش ئەگەر هەيە پڕۆژەى گازى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەنێوان توركيا و ئيسرائيل كارى لەسەر بكرێت، ئەو دوو پڕۆژەيە تايبەتمەندييەكى جيۆسياسى بە توركيا دەدەنەوە، گفتوگۆكانى ئەردۆغان و عليێف سەبارەت بە هێڵى تاناب و گفتوگۆى شۆڵتز  ــ هێرزۆغ ــ ئەردۆغان سەبارەت بە بۆڕى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لە ئايندە چارەنووسى هاوكارى گازى ئەوروپا ديارى دەكەن، ئەگەر ئەنقەرە و تەلئەبيب و ئەنقەرە و ميسڕ رێككەون، نەخشەيەكى نوێى ئابوورى كە دەبێتە مايەى رەزامەندى وڵاتەكان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروست دەبێت، هێڵى تاناب و گازى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دوو بابەتى زۆر گرنگى بەرەوپێشچوونى جيۆسياسى و ديپلۆماسين يەكێتى ئەوروپا هەوڵدەدات لە پشتبەست بەگازى رووسى دەربازى بێت." 

 فەخرى ئينيل، فەرماندەى باڵاى خانەنيشن دەڵێت، "بايەخى جيۆستراتيژى توركيا دووبارە لە لاى يەكێتى ئەوروپا و ناتۆ دەركەوتەوە، لە ئايندەش دەبێتەوە بايەخى لە پێشينەيان."

دەربارەى قەيرانى ئۆكرايناش ئاماژەى بەوە كرد، "ناتۆ بەبێ بەڕەچاوكردنى پێگەى سياسى و سەربازى توركيا ناتوانێت لە دەرياى ڕەش كاريگەرى هەبێت، بەتايبەت ئێستاش بە گوێرەى رێككەوتنى مۆنترۆ ئەو دوو گەرووە داخراون."

لە لايەكى ترەوە مەدحەت ريندى باڵيۆزى خانەنيشن رايگەياند، "رووسيا زۆربەى گازى ئەرووپاى دابين دەكرد، سزاكانى سەر مۆسكۆ رێگەى نوێى خستنە بەردەم ئەو وڵاتانە،  توركياش ديارترين وڵاتە لەو بوارە، كە گازى ئێران و عێراق بە توركيا دێدەپەڕن، ئەوەش دەبێتە جێگرەوەى رووسيا بۆ يەكێتى ئەوروپا."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ريندى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئەگەر يەكێتى ئەوروپا گاز لە رووسيا نەكڕێت، ناچار دەبێت بەدواى سەرچاوەى تر بگەڕێت، بەوەش هێڵەكانى بە توركيا دا تێدەپەڕن بايەخى زياتريان دەبێت، لە ئايندەش عێراق لە پلەى يەكەم دايە بۆ ڕەوانەكردنى گازى سروشتى بۆ وڵاتانى ئەوروپا، ئەگەر جيهان لەگەڵ ئێران رێككەوتن، ئەوكات بە جددى هەڵسەنگاندن بۆ گازى سروشتى ئێرانيش دەكەن، چونكە خاوەنى يەدەگێكى زۆرى گازى سروشتيە، بۆيە چاوەڕوان دەكرێت لە ئايندەيەكى نزيك يەكێتى ئەوروپا پێداچوونەوە بە بۆچوونەكانى بەرانبەر توركيا بكاتەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین