لە قەيرانەوە بۆ دەرفەت ... نهێنى ديدارەكانى ئەردۆغان شیکاری

نوچەنێت:

بەگوێرەى راگەيێندراوى سەرۆكايەتى توركيا، لە پێنج رۆژى رابردوو رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيا  (14) بەرپرسى يەكەمى وڵاتانى بينيووە، دوايين كەس كيرياكۆس ميتسۆتاكيس، سەرۆك وەزيرانى يۆنان بوو، ديارترين سەرۆكيش ئيسحاق هێرزۆغ، سەرۆكى ئيسرائيل بوو.

بەرپرسانى توركيا رادەگەينێن، ئەو چالاكييە فروانانە بەهۆى هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا، چونكە لە ماوەى (18) رۆژى رابردوو  لەڕووى ئابوورى و سياسييەوە لێكەوتەى زۆرى  لەسەر ناوچەكە و جيهان بووە.

لە يەكەم رۆژى هێرشەكانى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا، توركيا وەك وڵاتێكى بێلايەن مامەڵەى كردووە، هەوڵيشى داوە نێوەندگيرى لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بكات، دواى هەوڵێكى زۆر، يەكەم هەنگاويشى توانى سێرگى لاڤرۆڤ، وەزيرى دەرەوەى رووسيا و ديمترۆ كۆڵيبا، وەزيرى دەرەوىى ئۆكراينا لە ئەنتاڵيا لەسەر مێزى گفتوگۆ كۆبكاتەوە. 

هەرچەندە توركيا ئەندامە لە هاوپەيمانى ناتۆ، بەڵام هەر زوو رايگەياند، "هەمان هەڵوێستى وڵاتانى ئەندامى ناتۆ و ئەمەريكامان بەرانبەر رووسيا نابێت، سزاكان بەسەر مۆسكۆ ناسەپێنين و ئاسمانى وڵاتەكەمان بەڕووى فڕۆكەكانى داناخەين."

هەندێك لە چاودێرانى سياسى ئەو شەڕەى رووسيا دژ بە ئۆكراينا  بۆ توركيا بە دەرفەت دەزانن، لەو قۆناغەى ئێستا هەوڵدەدات بيقۆزێتەوە، لەو رێگەيەوە پەيوەندييەكانى  لەگەڵ وڵاتانى رۆژئاوا بەهێز دەكاتەوە، هەروەها هەندێك وڵاتيش پێشتر دژايەتى توركيايان دەكرد، بۆيە ئێستاش توركيا نايەوێت بچێتە بەرەى ئەوانەوە. 

زياتر لە بەرەيەك

فەرمانگەى راگەياندنى سەرۆكايەتى توركيا بڵاويكردەوە، "لە هەنگاوێكى نوێدا  كیریاكۆس ميتسۆتاكيس، سەرۆك وەزيرانى يۆنان لەگەڵ ئەردۆغان كۆبۆوە، باسيان لە پەيوەندى دوو لايەنە و هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا  كرد."

لەبەشێكى ترى راگەيێندراوەكە هاتووە، "توركيا و يۆنان بەرپرسيارێتى تايبەتيان پەيوەست بە ئاسايشى ئەوروپا لە ئەستۆدايە، كە لەگەڵ قەيرانى ئۆكراينا گۆڕانكارى بەسەرداهاتووە بۆيە زياتر كار لەسەر هاوكارى دوولايەنە و ئەجێندا ئەرنێييەكانى نێوانيان دەكەن بۆ قووڵكردنەوەى بەرژەوەندييەكانى خۆيان و ناوچەکە."

چەندين ساڵە بەهۆى گەڕان بە دواى گازى سرووشتى لە دەرياى ناوەڕاست، توركيا و يۆنان لەسەر ناوچەكانى ئاوييەكان نێوانيان ناكۆكن.

رۆژى دووشەممەى رابردوو ئارارا ميرزويان، وەزيرى دەرەوەى ئەرمينيا لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى  توركيا كۆبوونەوە، ئەو كۆبوونەوەش لە مێژووى هەردوو وڵات بايەخێكى زۆر گەورەى هەيە.

لە لايەكى ترەوە هەفتەى رابردوو ئيسحاق هێرۆزغ، سەرۆكى ئيسرائيل سەردانى توركياى كرد، ئەوەش بووە خاڵى جياكردنەوەى پەيوەندييەكانى نێوان ئەو دوو وڵاتە.

هەر لە هەفتەى رابردوو ئيلهام عليێف، سەرۆكى ئازەربايجان سەردانى ئەردۆغانى كرد، ديدارەكانى ئەردۆغان تەنيا رووبەڕوو نەبوو، پێشتر لەگەڵ چەندين سەرۆكى تر بە تەلەقۆن قسەيان كردبوو، لەوانە جۆ بايدن، سەرۆكى ئەمەريكا.

لە چەقى ئەو گۆڕانكارييانەوە

مەحمود عەلووش، لێكۆڵەرى سياسى رايگەياند، "هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا گۆڕانكارييەكى گەورەى لە سياسەتى نێودەوڵەتى بەدواى خۆى هێنا، توركيا لە چەقى ئەو گۆڕانكارييانە دايە، چونكە پەيوەندييەكانى لەگەڵ مۆسكۆ و وڵاتانى رۆژئاوا تێكەڵە، ئەوەش وايكردووە بۆ هەردوو بەرەى ناكۆك بايەخى گەورەى هەبێت." 

لەلايەكى ترەوە رووسيا هەوڵدەدات توركيا لەو ململانێيە بێلايەن بمێنێتەوە، كە زياتر لە دوو هەفتەيە پارێزگارى لێ دەكات، وڵاتانى رۆژئاواش هەوڵدەدەن بۆخۆيانى راكێشن، بايەخى توركيا بۆ رۆژئاوا دەرخەرى هەردوو رێڕەوى گفتوگۆ و ململانێيە.

عەلووش لە بەشێكى ترى قسەكانى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "توركيا فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى بە ئۆكراينا داوە، ئەوەش بۆ ئەو وڵاتە كە لەگەڵ رووسيا لە شەڕدايە هاوكارييەكى گەورەيە، كاتێكيش گەرووى بۆسفۆڕ و دەرەدنيليشى بەڕووى كەشتييە جەنگييەكانى رووسيا داخست، رۆژئاوا پێشوازييەكى فراوانى لێكرد."

سەرەڕاى ئەو هەوڵانەش، بەڵام وڵاتانى رۆژئاوا پاڵپشتى خۆيان بۆ هەوڵە ديپلۆماسييەكانى توركيا بۆ گفتوگۆى نێوان ئۆكراينا و رووسيا نيشان دەدەن.

لە قەيرانەوە بۆ دەرفەت

دواى (18) رۆژ لە دەستپێكردنى هێرشەكانى رووسيا، هيچ ئاسۆيەكى ئاساييبوونەوەى ئەو دۆخە ديار نييە، دەرهاوێشتەكانيش ئاماژە بەوە دەكەن مۆسكۆ سوورە لە بەدەستهێنانى ئەو ئامانجانەى نەخشەى بۆ كێشاوە و داواى دەكات، ئەوەش لەگەڵ بەرەنگاربوونەوە و داخوازييەكانى كيێڤ و پاڵپشتييەكانى وڵاتى رۆژئاوا بۆ ئۆكراينا بەريەك دەكەوێت.

جواد گۆك، چاودێرى سياسى رايگەياند، " ئەنقەرە رێگەى سێيەمى گرتۆتە بەر، لە هەمانكاتيش بەرپرسانى توركيا ئەو ئاڕاستەى سێيەم بەهێز دەكەن، ئەوەش دەرفەتێكە بۆيان ."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "ئەنقەرە لە هەنگاوەكانى بۆ ئەو ئاڕاستەيە راوێژ لەگەڵ وڵاتانى رۆژئاوا دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رۆژئاوا هاندەر نييە، بەڵام توركيا لەو رووداوانە سوود وەردەگرێت و هەوڵدەدەن قەيران بكات بە دەرفەت، چونكە تاكە وڵاتى هاوپەيمانى ناتۆيە پەيوەنديەكى ستراتيژى لەگەڵ رووسيا هەبێت لە بەرانبەريشدا پەيوەندى لەگەڵ ئۆكرايناش هەيە، ئەگەر شەڕەكە زياتريش بێت كاريگەرى لەسەر توركيا دەبێت، بەڵام كاريگەرى لەسەر پەيوەندى توركيا لەگەڵ وڵاتانى رۆژئاوا نابێت."

مەحموود عەلووش ئەوەشى رايگەياند، "ئەو هێرشەى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا  دەبێتە دەرفەتێك بۆ توركيا دووبارە بنەماى پەيوەندييەكانى لەگەڵ رووسيا و رۆژئاوا وەك يەك داڕێژتەوە، پاشان ئەو دۆخە بەكاربهێنێت بۆ چارەسەركردنى هەندێك لە كێشە هەڵپەسێردراوەكانى لەگەڵ وڵاتانى رۆژئاوا، بەتايبەت پرسى پيشەسازى سەربازى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست."

عەلووش روونى دەكاتەوە، "ئەو هەڵوێستەى توركيا هاوكار دەبێت بۆ بەهێزكردنى هەڵوێستى دانوستاندنى لەگەڵ مۆسكۆ لە هەندێك پرس، وەك دۆخى سووريا، كە بۆ توركيا بايەخێكى زۆر گرنگى هەيە."

مەترسيەكان و دەرفەتەكان

حەسەن ياڵچين، نووسەرى تورك ئاماژە بەوە دەكات، "توركيا دەرفەت و مەترسى لەبەردەم دەمە، ئەوەش مافى خۆيەتى مەترسى بەرانبەر ئەو شەڕە هەبێت، چونكە لە رووى ئابوورى و جيۆسياسى هەڕەشەى دەكەوێتە سەر."

لە بەشێكى ترى قسەكانى روونى دەكاتەوە، "ئەو شەڕە كاريگەرى لە سەر نرخى نەوت و بەرهەمى كشتوكاڵى دەبێت، چاوەڕاوان دەكرێت كاريگەرى لەسەر هاتنى گەشتيارانى رووسيا لە مانگى هاوين بۆ توركيا ببێت، هەرچەند توركيا لايەنێكى شەڕيش نييە، بەڵام سياسەتێكى هاوسەنگ پەيڕەو دەكات، ئەوەش بەدوور نازاندرێت كاريگەرى نەرێنى لەسەر توركيا دروست بكات، ئەگەر ئەو شەڕەش درێژە بكێشێت، ئايندەى جيۆسياسى دەرياى ڕەش دەكەوێتە مەترسى دۆخى ئەو ناوچەيە سەقامگير نابێت، چونكە ئەگەر رووسيا لەو شەڕە سەركەوێت هەژموونى مۆسكۆ فشارێكى نوێ دەخاتە سەر توركيا، بۆيەش زۆربەى وڵاتە كاريگەرەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەڵوێستيان بەرانبەر توركيا گۆڕاوە، بەتايبەت يۆنان و ئيسرائيل، چونكە توركيا تاكە خاڵى پەيوەندى ئەوروپايە بۆ گازى رووسى و گازى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست."

پێش هێرشەكانى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا، توركيا پەيوەندى لەگەڵ چەند وڵاتێك ئاساييكردەوە، لەو قۆناغەى ئێستاش بەوهۆى ئەو شەڕە زياتر بەرەو  ئەو ئاڕاستەى بەرەو پێشەوە برد.

دەربارەى پەيوەندى ئەنقەرە و تەلئەبيب، مەحموود عەلووش دەڵێت، "ئاڵۆزى پەيوەندى رووسيا و وڵاتانى ئەوروپا زيانى گەورە بەو دوو وڵاتە دەگەێنن، چونكە هەردوولا پەيوەنديان لەگەڵ هەردوو بەرەى ناكۆك هەيە."

يەكێك لە هۆكارەكانى كۆبوونەوەى وەزيرى دەرەوەى رووسيا لەگەڵ وەزيرى دەرەوەى ئۆكراينا، مۆسكۆ لەو رێگەيەوە دەيەوێت توركيا بەبێلايەنى بمێنێتەوە، بەڵام ئەو شەڕەى ئێستا پەيوەستە بە سيستەمى باوى دواى شەڕى سارد، ئەو هاوكێشەش ئاڵنگەرييەكە لەبەردەم تواناكانى ئەنقەرە بۆ هەوڵەكانى نێوەندگيرى نێوان مۆسكۆ و كيێڤ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین