ڕۆژنامەیەکى سوید: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، توانیویەتی لەسەر پرسى ئافرەت، فێمێنیست و لایەنە ئیسلامییەکان کۆبکاتەوە هەواڵ

نوچەنێت:

ئافرەتێکى کورد لە یەکێک لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانى سوید، پرسیارێک رووبەڕووى بەرپرسانى سوید دەکات، کە بۆچى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، توانیویەتى لە کۆمەڵگەیەکى وەک کۆمەڵگەى کوردییدا یاساى گرنگ بۆ پاراستنى مافەکانى ئافرەتان دەربکات، بەڵام هێشتا سوید نەیتوانیوە پرسى ئافرەتان بە باشى چارەسەر بکات و بەسەر گرفتەکاندا زاڵبن.

رێبەند رەزا، مامۆستا و توێژەرى کورد وڵاتى سوید، لە رۆژنامەی ئەلیکترۆنی (Fempers Nyheter) سوێدی، وتارێکى بڵاوکردۆتەوە دەربارەى پرسى ئافرەتان لە سوید و هەرێمى کوردستان و تێیدا نووسیویەتى، بۆچی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە تەنها و لە کۆمەڵگەیەکدا کە لە سەرەتای بەرەو دیموکراسی چوونە و بەربەست و رێگریی زۆریشی لەبەردەمدایە، بتوانێ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە دروستکردنی رای هاوبەش بۆ گۆڕانکاریی لەیاسادا لەبەرژەوەندی ژنان، بەڵام ئێوە نەتوانن بەهەمان شێوە لەبارەی پرسی ژنەوە باز بەسەر گرفتە سیاسییەکانی ئەمڕۆدا بدەن.

بەبۆچوونى رێبەند رەزا، لەگەڵ ئەوەى سوید کۆمەڵگەیەکى پێشکەوتووە و بەراورد ناکرێ بە هەرێمى کوردستان، بەڵام هێشتا لە سوید جیاوازی لەنێوان ژنان و پیاواندا دەکرێت، وە بۆ ئەو ئافرەتانى لەبنەڕەتدا سویدی نین، هێشتا جیاوازیی زیاتر هەیە.

لە درێژەى وتارەکەیدا، ئەو توێژەرە کوردە زیاتر روونیدەکاتەوە، کە لە هەرێمى کوردستان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانى ئافرەت یاساى زۆر باش دەرچوونە و دەشڵێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەموو لایەنەکانی کۆکردەوە تاوەکو پێکەوە یاساکان بگۆڕن، داوا دەکەم سوێدیش ئەو کارە بکات.

رێبەند رەزا ئەمڕۆ بە رووداوى ڕاگەیاند، بەپێى ئەو توێژینەوەى ئەنجامى داوە، ئەو توانایەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەیبووە و کاری پێکردووە، سوید نەیبینووە.

 سەبارەت بە بارودۆخی ژنان بەگشتی، رێبەند رەزا گوتی: "نە لە سوێد و نە لە هەرێمی کوردستان، دۆخی ژنان هێندە باش نەبووە کە بڵێین کێشەمان نەماوە؛ بەڵام ئەو هەنگاوەی سەرۆک نێچیرڤان ناویەتی هەنگاوێکی گەورەیە و هیوادارم وڵاتێکی وەکو سوێد کە من لێی دەژیم سوود لەو نموونەیە وەربگرێت".

ئەو لە درێژەى وتارەکەى ئەوە دەخاتەڕوو، لەگەڵ ئەوەى   جیاوازی لە مێژووی دیموکراسی و ئازادییدا  هەیە لە نێوان هەرێمى کوردستان و سوید، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ویست و پابەندبوون دەبینم؛ دەبینم کە دەرفەتی گفتوگۆ و بیرکردنەوەی هاوبەش هەیە؛ جیاوازی سیاسی و ئایدۆلۆژی بوونی هەبووە، بەڵام سەرۆک نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی لەبارەی پرسی ژنەوە خاڵی هاوبەش لەنێوان هەموواندا بدۆزێتەوە.

ئەو دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەى دا هێشتا لەلایەن پارتە ئیسلامییەکان و دەستوورى عێراق رێگرى هەیە بۆ باشترکردنى پرسى ئافرەتان لە هەرێمى کوردستان، بەڵام  لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی، توانیویەتی زۆر لایەنی سیاسی، فێمێنیستی و ئیسلامی کۆبکاتەوە بۆ دیالۆگ. لەو دیالۆگەشەوە پێکەوە خاڵی هاوبەشیان دۆزیوەتەوە و چاکسازی یاساییان بەدیهێناوە بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان.

لە وتارەکەى دا ئەو پرسیارە لە بەرپرسانى سوید دەکات، ئەگەر سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە تەنها لە کۆمەڵگەیەک کە چەند ساڵێکی کەمە لە ئازادییدا دەژی و لە سەرەتای بەرەو دیموکراسی چووندا بێ، سەرەڕای رێگرییەکانی بەردەمی بەهۆی دەستوور و کۆمەڵگەیەکی وابەستە بە ئایین و پارتە ئیسلامییەکان، بتوانێ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە دروستکردنی رای هاوبەش بۆ گۆڕانکاریی لەیاسادا، بۆچی سوید ناتوانێ بەهەمان شێوە لەبارەی پرسی ژنەوە باز بەسەر گرفتە سیاسیەکانی ئەمڕۆدا بدات؟ بۆچی ناتوانن بەسەر جیاوازییە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکاندا سەربکەون یان لە پێناو مافی ژناندا جیاوازییەکان وەلا بنێن و خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان بۆ ژن و پیاو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین