حوسییه‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر ئارامكۆى سعوودیه‌ ئێران

نوچه‌نێت

گوتەبێژی ميليشياى حوسییەکان دەڵێت هێزە چەکدارەکانی ئەو گرووپە بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆی سعوودى لە شاری جدە.

  بە پێێ ڕاپۆرتێکی "یورونیوز"، ڕۆژی پێنج شەمە چواری ئادار، یەحیا سەریع لە تویتێکدا ئەو هەواڵەی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە ئەو هێرشە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەمە بە مووشەکی باڵداری "قودسی ٢" ئەنجام دراوە. ئەوە لە حاڵیکدایە کە بەرپرسانی سعوودیه‌ هێشتا هیچ لێدوانێکیان لەو بارەوە نەداوە.

سەریع هەروەها جەختی کردووەتەوە کە مووشەکی حوسییەکان ڕێک ئامانجەکەی پێکاوە و ئەو هێرشەیش وەڵامێکە بۆ درێژەپێدان بە گەمارۆ و دەستێوەردانی سعوودیه‌ لە یەمەن.

شارەزایانی سەربازیی دەڵێن لەوانەیە ئەو مووشەکانە لە مەودای ٧٠٠ کیلۆمەرییەوە و لە یەکێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان بەرەو جدە هاوێژرابن.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان هەروەها ڕایگەیاند ئەو گرووپە بەرەبەیانی پێنج شەمە بنکەی ئاسمانیی خالد لە خەمیس مەشیتی کردووەتە ئامانج.

ئارامکۆ پشتڕاستی کردووەتەوە کە هێرشێک بۆ سەر یەکێک لە کۆگاکانی دامەزراوەکانی ئەو کۆمپانیایە لە باکووری جدە ئەنجام دراوە بەڵام زیانی ئەوتۆی لێ نەکەوتووەتەوە.

حوسییەکان کە کۆنتڕۆڵی باکووری یەمەنیان بە دەستەوەیە لە ڕابردوویشدا چەندین جار هێرشی هاوشێوەیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیه‌ ئەنجام داوە. ئەو گرووپە لەم دواییانەدا هێرشەکانی خۆی بۆ ناوخۆی سعوودیه‌ لە ڕێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەکەوە پەرە پێ داوە.

لە لایەکی ترەوە تەلەڤزیۆنی حکومەتی سعوودیه‌ ڕۆژی پێنج شەمە لە بیانییەیەکدا ڕایگەیاند مووشەکێکی بالستیك لەلایەن هێزەکانی ئەنسارۆڵا بەرەو جازان هاوێژراوە بەڵام پووچەڵ کراوەتەوە.

سەریع لە ئەکاونتی تویتەری خۆیدا بە زمانی عەرەبی هەروەها وێنەیەکی هاوبەش کردووە و دەڵێ ئەو دامەزراوانە کە کراونەتە ئامانج دیاری کراون.

لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٥وە و دوای هێرشی ڕاستەوخۆی سعوودیه‌ و هاوپەیمانێتی عەرەبی بۆ سەر یەمەن پێکدادانەکانی نێوان حوسییەکان و سعوودیه‌ درێژەی هەبووە. لەم ساڵانەی دواییدا هێزەکانی یەمەن چەندین جار بە هاوێشتنی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چەند شوێنێکیان لە خاکی سعوودیه‌ کردووەتە ئامانج و بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە.

ئەو گرووپە لە ڕۆژانی کۆتایی ئیدارەی دوناڵد تره‌مپدا خرایە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەڵام دوای ئەوەی بایدن دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند لە ڕۆژی ١٦ی کانوونی دووەمەوە ئیتر حوسییەکان لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا نابن.

شەڕی یەمەن لە حاڵیکدا لە شەشەمین ساڵی خۆی نزیک دەبێتەوە کە تا ئێستا بووەتە هۆی قاتوقڕییەکی بێ وێنە و کوژرانی زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لەو وڵاتە هەژارەدا. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین