به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى بودجه‌: تێكه‌ڵاوى و هه‌ڵه‌ له‌ داتاكانى بودجه‌ى هه‌رێم هه‌یه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

په‌ریخان نوورى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بودجه‌ له‌ وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێمى كوردستان باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆى نه‌بوونى بودجه‌ له‌ ساڵانى رابردوو تێكه‌ڵاوى و هه‌ڵه‌ له‌ داتاكان هه‌یه‌ و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ به‌ رێككه‌وتن و بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌رێمى كوردستان ئه‌مساڵ بودجه‌ى ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م چوارى ئادار، په‌ریخان نوورى دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى رووداو كردووه‌ و باس له‌ دواكه‌وتنى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، كه‌ پێشتر به‌ لێدوانى په‌رله‌مانتاران بووایه‌،‌ ده‌بووایه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى رابردوو ئاماده‌ بێت.

په‌ریخان نوورى ده‌ڵێ، "بەداخەوە لەبەر ئەوەی چەند ساڵێکە بودجەمان نەبووە، تێکەڵاوی و هەڵە هەیە لە داتاکان، ئێمە دەمانەوێت ئەوەی لە وەزارەتەکانەوە بۆمان دێت داتای وردبن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە هەیە، هەروەها هەندێک لە میلاکی وەزارەتەکانیش کەموکوڕی تێدایە دەبێت ئەوانە چاکبکرێن".

له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ وه‌زاره‌تى دارایى گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بودجه‌ ته‌واو بووه‌ و ده‌شڵێ، "گفتوگۆکانمان تەواوکردوون و هێڵە گشتییەکان هەم وەک راپۆرت هەم وەک رەشنووس ئامادەیه‌".

له‌به‌شێكى ترى دیمانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ رووداو په‌ریخان نوورى باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وان بۆ ئاماده‌كردنى بودجه‌ كاریان له‌سه‌ر دوو بژارده‌ى رێككه‌وتن یان رێكنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه‌. په‌ریخان نوورى ده‌ڵێ، "ئێمە هێشتا خەریکی ئامادەکارین، دوو بژاردەشمان ئامادە کردووە، بژاردەیەک ئەگەر 12.67٪ـی بودجە لە بەغداوە بێت، چونکە گۆڕانکاری بەسەر بودجەی عێراقدا هاتووە و ژمارەکان گۆڕاون، بژاردەیەکیشمان لەسەر ئەوە داناوە ئەگەر رێکنەکەوتین پشت بە داهاتی خۆمان ببەستین، چی داهاتی نەوتی بێت یان داهاتی نانەوتی بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە هەموو حاڵەتێکدا پرۆژەیاساکە بنێرینە پەرلەمان و پەسندبکرێت، لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووان و پێویستی ناوچەکان بە خزمەتگوزارییەکان".

پێشتر بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باسى له‌وه‌ كرد، به‌هۆى دواكه‌وتنى په‌سندكردنى بودجه‌ى گشتى عێراقه‌وه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانیش دوا ده‌كه‌وێت هه‌ر چه‌نده‌ بڕیار بوو له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى رابردوو ئاماده‌ بێت.

چونكه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌گه‌رى رێكنه‌كه‌وتن له‌به‌رچاو ده‌گرێت و نایه‌وێ له‌ ئاماده‌كردنى بودجه‌ ته‌نیا پشت به‌ پشكى هه‌رێم له‌ به‌غدا ببه‌ستێ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین