6 ساڵ دواى دیداره‌ گرنگه‌كه‌یان.. پاپا و نێچیرڤان بارزانى  به‌ دیدارى یه‌كتر ده‌گه‌نه‌وه‌ ناوخۆیی

راپۆرتى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

له‌ ئادارى ساڵى 2015 بۆ یه‌كه‌مجار دیدارێكى گرنگ له‌نێوان نێچیرڤان بارزانى كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆكى حكومه‌ت بوو له‌گه‌ڵ پاپا فڕانسیس له‌ ڤاتیكان به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌م دیداره‌ى كه‌ بڕیاره‌ رۆژى یه‌كشه‌م بڕیاره‌ به‌ڕێوه‌بچێت دووه‌م دیدارى نێوانیان ده‌بێت كه‌ شه‌ش ساڵ دواتر روو ده‌دات.

دیدارى یه‌كه‌م و بارودۆخى ئه‌و كات

له‌ دووى ئادارى ساڵى 2015 بۆ یه‌كه‌مجار نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم بوو، له‌ ڤاتیكان له‌گه‌ڵ پاپا فڕانسیس كۆبووه‌وه‌‌. ئه‌و كات بارودۆخى سیاسى هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى ناوچه‌كه‌ جیاواز بوو، ئه‌ركى نێچیرڤان بارزانیش جودا بوو.

له‌ دیدارى یه‌كه‌م پاپا داواى له‌ نێچیرڤان بارزانى كرد نزاى بۆ بكات 
 

رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ هاوینى 2014 به‌شێكى زۆر له‌ خاكى عێراق و سووریاى داگیركرد، شارى مووسڵ یه‌كێك بوو له‌و شارانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌وه‌ داگیركرا. به‌هۆى ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ پێكهاته‌ى مه‌سیحى له‌ شارى مووسڵ هه‌یه‌ و له‌ رووى مێژووییه‌وه‌ چه‌ندان شوێنى گرنگى ئاینى مه‌سیحى له‌ مووسڵ و ده‌شتى نه‌ینه‌وا هه‌یه‌، ئه‌وا رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌  به ‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى مه‌سیحییه‌كانیانى كرده‌ ئامانج و ئه‌وانیش  به‌ ده‌یان هه‌زار خێزان روویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

جگه‌ له‌مه‌یش هه‌رێمى كوردستان به‌ بڕیارى نێچیرڤان بارزانى كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم بوو، له‌ روانگه‌یه‌كى مرۆییه‌وه‌ ده‌رگاى بۆ هه‌موو ئاواره‌كانى عێراق و رۆژئاواى كوردستان و سووریا كرده‌وه‌، به‌مه‌یش زیاتر له‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار ئاواره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان داڵده‌ دران، جیا له‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئه‌ركى مرۆیى خۆى به‌جێ گه‌یاند، به‌ڵام قوڕساییه‌كى دارایشى كه‌وته‌ ئه‌ستۆ.

هاوكات به‌غدایش قه‌یرانێكى ئابوورى قوڕسى بۆ هه‌رێمى كوردستان دروست كرد بوو، به‌وه‌ى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى بڕیبوو. سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌مانه‌یش هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌دژى رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌شه‌ڕدا بوو. ئه‌مه‌یش وایكرد بوو له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ستایشى هه‌رێمى كوردستان بكرێت

پاپا چۆن پێشوازى له‌ نێچیرڤان بارزانى كرد؟

ئه‌و كات كه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت بوو، ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكارى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ده‌ست بوو. كوردستانیش ئه‌و كات داڵده‌ى ئاواره‌كانى ده‌دا و له‌لایه‌كى تریش شه‌ڕى له‌دژى تیرۆریستان ده‌كرد. پاپا فڕانسیس وه‌ك جه‌نگاوه‌رێك و داكۆكیكارێك له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانى كوردستان پێشێوازى له‌ نێچیرڤان بارزانى كرد. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بوو نێچیرڤان بارزانى ئه‌و تێڕوانینه‌ی خه‌ڵكى بۆ خۆى به‌شێوه‌یه‌كى كاتى ده‌ستنه‌كه‌وتبوو، به‌ڵكو پێشتر له‌ كابینه‌كانى تریش كارى بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى مافى مه‌سیحییه‌كان و ئێزدییه‌كان هه‌موو پێكهاته‌كانى ترى كوردستان كرد بوو. كوردستانیش خۆى ئه‌زموونێكى سه‌دان ساڵه‌ى پێكه‌وه‌ژیانى هه‌بوو. بۆیه‌ توانرا نموونه‌یه‌كى جوان و ده‌گمه‌ن له‌ هه‌موو رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست سه‌باره‌ت به‌ مه‌سحییه‌كان به‌ جیهان بدرێت.

پاپا فڕانسیس یه‌كێكه‌ له‌و پاپایانه‌ى كه‌ پێیوایه‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست لانكه‌ى یه‌كه‌م شارستانییه‌تى مه‌سیحییه‌، له‌ماوه‌ى هه‌شت ساڵى رابردوو كه‌ بووه‌ته‌ پاپا، چه‌ندان جار پاپا فڕانسیس بانگه‌وازى ئه‌وه‌ى بۆ حكومه‌ته‌كانى ناوچه‌كه‌ كردووه‌، هه‌وڵ بده‌ن‌ ژیانى مه‌سیحیه‌كان چاكتر بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى ناچار نه‌كرێن زێده‌ى خۆیان به‌جێبهێڵن و به‌ره‌و رۆژئاوا و ناوچه‌كانى ترى جیهان كۆچ بكه‌ن. بۆیه‌ كاتێك پاپا فڕانس ده‌بینى هه‌رێمى كوردستان نموونه‌یه‌كى جوانى پێشكه‌ش كردووه‌، ئه‌وا سه‌رسامى خۆى ده‌رده‌بڕى.

پاپا فڕانسیس داواى له‌ نێچیرڤان بارزانى كرد نزاى بۆ بكات

پاپا فڕانسیس بۆ نێچیرڤان بارزانى: نزام بۆ بكه‌.. پێویستم پێیه‌تى
نێچیرڤان بارزانى وه‌ك رێزێك بۆ پێگه‌ى پاپا و نیشاندانى ساده‌یى گوتى: نا..نا.
دواتر پاپا جارێكى تر ده‌ڵێ : با ... با  .. بیرت نه‌چێت

ئه‌مه‌ ناوه‌ڕۆكى ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌یه‌ بوو كه‌ له‌ دووى ئادارى ساڵى 2015 له‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى كاسولێك ئۆرگ و كه‌ناڵى رۆ رێپۆرت بڵاوكرایه‌وه‌ و ئه‌و كات ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌ له‌ گفتوگۆى نێوان پاپا فڕانسیس و نێچیرڤان بارزانى سه‌رنجى دنیاى راكێشا. خه‌ڵك به‌وه‌ سه‌رسام بوو كه‌ پاپا كه‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتى له‌ دنیاى كاسۆلیكى مه‌سیحى هه‌یه‌ داوا له‌گه‌نجێكى سه‌ركرده‌ ده‌كات نزاى بۆ بخوێنێ.

ئه‌و كات چى له‌باره‌ى داواكه‌ى پاپا فڕانسیس  گوترا؟

له‌ ئه‌رشیفى "نوچه‌نێت" چه‌ندان كه‌سایه‌تى گرنگى مه‌سیحى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر دیداره‌كه‌ى ئه‌وكاتى پاپا فڕانسیس و نێچیرڤان بارزانى قسه‌یان كردووه‌ و به‌ "زۆر گرنگ" وه‌سفیان كردووه‌. له‌وانه‌ ئه‌و كات ڤیان یوسف كه‌ كه‌سایه‌تیه‌ك مه‌سیحیه‌ و ئه‌و كات راوێژكاری پێشكەوتوو لە پەرلەمانی كوردستان گوتى، "ئەو داواکارییەی پاپا لە نێچیرڤان بارزانی، داواکارییەکی ئاوا ئاسان نییە، کەبەسەر راگەیاندنەکانی کوردستاندا تێپەڕی و قسەو شیکاری جدیان لەسەر نەکرد".

ڤیان مه‌به‌سته‌كه‌ى زیاتر روون ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، ”پاپا گەورەترین رابەری ئاینییە لە جیهاندا، دەزانێ یەکێک لە بنەما گەورەکانی ئاین، رێزگرتنە لە ئینسان و هاوکارییە بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی، دڵنیایە لەوەی هاوکاری و دەستگیرۆیی لێقەوماوان، مەقامی ئینسان بەرز دەکاتەوە لای خودا، بۆیە کە دەبینێ لەناو بێنازی و لێقەوماندا، لەوکاتی بەهۆی دیندارییەوە، خەڵکێکی زۆری مەسیحی دەربەدەردەکرێن و هەڕەشەی مەرگیان لێ دەکرێت، کەسایەتییەکی وەک نێچیرڤان بارزانی، لەناو هەموو گرفتەکانی وڵاتەکەی خۆیدا، کات دەبەخشێ بە بەدەمەوەچوونی ئەو خەڵکە، هاوکارییان دەکات، رێزو شکۆی ئینسان بوونیان دەپارزێت، نازی مناڵەکانیان هەڵدەگرێ، دەزانێت ئەوانە هۆکارێکی باشن بۆ بەرزکردنەوەی مەقامی نێچیرڤان بارزانی لەلای خودا، ئەوە من نایڵێم، هەموو دینەکان، تەئکید لەوە دەکەنەوە، کە ئەو ئینسانانەی هاوکاری مرۆڤایەتی دەکەن، رێز لە ئینسان دەگرن، لای خودا خۆشەویستن، بەبڕوای من هەر ئەوەش وا لە پاپا دەکات، دڵنیابێ لەوەی دوعای بارزانی بەباشی دەگاتە لای خودا، بۆیە داوای لێ دەکات دوعای بۆ بکات".


هەر لەو بارەیەوە، قەشە ئیشا داود فلیپس، لەكەنیسەی مارگۆرگیس لەشاری هەولێر، له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت  به "‌نوچه‌ نێت" گوتوویه‌تی "نێچیرڤان بارزانی پیاوێكی باشە و دەوری هەیە لەناو مەسیحیەكان و خەڵێك باوەڕی پێ هەیە". ئەوەشی به‌هۆكارێك زانی كه‌ وایكردووه‌، پاپای ڤاتیكان داوای دوعا له‌نێچیرڤان بارزانی بكات.

هه‌روه‌ها رۆمیۆ هه‌كار‌ په‌رله‌مانتار كه‌ ئێستا سه‌رۆكى لیژنه‌ى مافه‌كانى مرۆڤه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان  له ‌لێدوانێكدا بۆ "نوچه‌نێت" ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه ‌كردووه‌ كه‌سایه‌تی نێچیرڤان بارزانی له‌لای مه‌سحییه‌كان وایكردووه، پاپا بە گرنگییەوە لە خودی نێچیرڤان بارزانی و سەردانەکەی بڕوانێ.

هه‌كاری وتیشی"دوعا پاڕانەوەیە بۆ شتێكە كە چاك بێت و بۆ خێری خەڵك و مرۆڤایه‌تى و نەتەوەكان بێت، کاتیک پاپا بە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، دوعام بۆ بكە، بە مانای گرنگیدانه‌ بە قسەكانی بەرێزیان و گرنگیدانە بە پاڵپشتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەهەموو ئەو شتانەی كە لەرێگەی سەرۆكی حكومەتەوە لە هەرێمی كوردستان، بۆ مەسیحییەکان دەكرێت".

مه‌سیحییه‌كان چۆن سه‌یرى نێچیرڤان بارزانى ده‌كه‌ن؟

ڕۆمیۆ هه‌كاری باسى له‌ رۆڵى نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر خزمه‌تكردنى مه‌سیحییه‌كان كردووه‌ و ده‌ڵێ،"رێزگرتن و گرنگیدان و خزمەتکردنی بارزانی بە مەسیحییەکان وایکردووە، پاپا زۆر بە بایەخەوە لەنێچیرڤان بارزانی بڕوانێ، به‌ته‌ئكید نێچیرڤان بارزانی لە خزمەتی خەڵکی ئێمە درێغی نه‌كردووه‌، به‌ڵام هیوادارم زیاتر گرنگی به‌خه‌ڵكی ئێمه‌ و به‌داهاتووی ئێمه‌ و بەمافەكانی ئێمە و به‌چۆنیه‌تی داوكارییه‌كانمان بدات".

رۆمیۆ هەکاری، لەباسکردنی کەسایەتی نێچیرڤان بارزانیدا دەڵێت‌، "من جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی بە یەكێك لەو شەخسە كاریگەرانە دەبینم كە شەو رۆژ و بە بەردەوامی پاڵپشتی دۆزی رەوای گەلی ئاشوریمان دەكات، یەكێكە لەو سەرچاوە بەهێزانەی كە ئێمەی ئاشوری وەكو نەتەوەو ئایین هەستی پێدەكەین، پشتی پێدەبەستین و داوای بەردەوامیشی لێدەكەین، هاوکاری ئەو بۆ مەسیحییەکان کاریگەری بەسەر ڤاتیکانیشەوە هەیە“.

قەشە ئیشا داود فیلیپس پێیوایە" مەسیحیەكان زۆر ئاسووده‌ن لە هەرێمی كوردستان چونكە هەرێمی كوردستان زۆر گرنگی بە مەسیحیەكان و ئاوەرەكان دەدات، هەر ئەوەشە وا دەکات پاپا زۆر گرنگی بەسەردانەكەی كاك نێچیرڤان بدات".

هەروەها ڤیان یوسف دەڵێت، "پاپای ڤاتیکان دەزانێ، ئێستا عێراق لە شەڕێکی سەختدایە، مەسیحییەکان لەژێر هەڕەشەی پاکتاوکردنکردندان و زۆریان لێ دەربەدەرو ئاوارە بووە، بێگومان قەداسەتی پاپاش بە وردی ئاگاداری ئەو بارودۆخەیە، دەشزانێ هەڵوێست و کاری سەرکردە سیاسییەکان بەرانبەر هەوڵی پاکتاوکردنی مەسیحیەت لەم ناوچەیەدا چۆنەو چییە، لەو رێیەوە ئاگاداری ئەوەیە، نێچیرڤان بارزانی چەند خەمخۆرانە لە خزمەتی مەسیحییەکاندایە و چەند دڵسۆزانە خزمەتیان دەکات، بۆیە بە ئەرکی خۆیی دەزانێت، لەدانیشتن و پێشوازی لە بارزانیدا، زیاتر لەوەی بە فەرمی دەربکەوێت، دۆستانەو دڵسۆزانە دەرکەوێت و لەو رێیەوە پێشانی جیهانی بدات، کە ڤاتیکان، پێزانینی هەیە بۆ ئەو سەرکردە سیاسییە کوردەی، لەناو بێهوایی مەسیحیەکانی عێراق، هیوا دروست دەکات، دڵنەواییان دەکات و لەگەڵ خەمەکانیاندایە، هەر ئەوەش وایکرد، بەشێوەیەک دانیشتن لەگەڵ بارزانی بکات، کە لە مێژووی دانیشتنەکانی پاپادا کەم وێنە بێت".

به‌رزبوونه‌وه‌ى پێگه‌ى نێچیرڤان بارزانى و په‌ره‌پێدان به‌ كولتوورى لێبورده‌یى و ئاشته‌وایى

ئێستا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌، ئه‌وكات كه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت بوو بیرى له‌ خزمه‌تكردنى كردارى ده‌كرده‌وه‌ و ئێستایش كه‌ له‌به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌وه‌ك ته‌نیا بۆ مه‌سیحی و پێكهاته‌یه‌كى جیاواز، به‌ڵكو بۆ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان دووپات له‌سه‌ر لێبورده‌یى و ئاشته‌وایى ده‌كاته‌وه‌.

له ‌ماوه‌ى رابردوودا چه‌ندان جار له‌ بۆنه‌ جیاوازه‌كان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، بێ یه‌كسانى و بێ ئاشته‌وایى ناتوانرێ كێشه‌كانى عێراق چاره‌سه‌ر بكرێت. ئه‌مه‌یش هه‌مان ئه‌و خواسته‌یه‌ كه‌ پاپا له‌ پێناویدا سه‌ردانى عێراقى كردووه‌. بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مجاره‌ زیاتر له‌ جارى پێشوو دیداره‌كه‌ى پێشوو گرنگتر بێت و به‌تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێ ئه‌مجاره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ، كه‌ وه‌ك نێچیرڤان بارزانى چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر گوتوویه‌تى، ئه‌م سه‌ردانه‌ى پاپا ده‌رگایه‌كى گه‌وره‌ى به‌رووى هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین