كۆڵن كال: پێویستە ڕێگری لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بکرێ ئێران

نوچه‌نێت

ئیدارەی بایدن تا ئێستا لە ڕێگای چەندین پەیام و لێدوانەوە ئاشکرای کردووە کە خۆی دەبوێرێ لە بەرزبوونەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئێران و تەنیا بژاردەی ڕێگریکردن و بەرپه‌رچدانەوە لە بەرانبەر هەر جۆرە پەلامار یان هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکان یان هاوڵاتیانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتە بەر، تەنانەت ئەگەر ئەو پەلامارانە لە لایەن لق و پۆکانی ئێرانەوە ئەنجام بدرێن.

بە پێی هەواڵی "العربیە فارسی"، ئیدارەی جۆ بایدن هاوکات لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا هەوڵی ئەوە دەدات ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی بە لەبەرچاوگرتنی هەندێ پێوەر و ڕاگرتنی گەمارۆکان زیندوو بکاتەوە.

لەو ئاراستەیەدا کوڵن کال کاندیدی پێشنیارکراوی جۆ بایدن بۆ پۆستی جێگری کاروباری سیاسیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، وێرای ئاماژەدان بە پێویستی ڕێگریکردن لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و گرنگی درێژەدان بە گەمارۆکان لەسەر تاران جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کردەوە.

کوڵن کال ڕۆژی هه‌ینى لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە مەبەستی وەرگرتنی دەنگی مەتمانەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەڕێوەچوو جەختی لەسەر درێژەدان بە گەمارۆکان و ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کردەوە.

هەروەها وتیشی، "سەرەڕای ئەوەی ڕەفتاری ئێران زۆر جێگای نیگەرانییە، ئەگەر ئەو وڵاتە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات زۆر مەترسیدارتر دەبێت".

جێگای ئاماژەیە کوڵن کال لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهۆی هەڵوێستەکانی سەبارەت بە ئێران کەوتە بەر ڕەخنە، بەڵام کوڵن سەرەڕای ئەو ڕەخنانە ئاماژەی کردووە کە لە هەوڵەکانی جۆ بایدن بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئێران لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە، پشتیوانی دەکات.

کاندیدی پێشنیارکراوی بایدن بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری کاروباری سیاسیی پنتاگۆن پێشتر وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی جۆ بایدن لە سەردەمی ئۆبامادا کاری کردووە ، لە سەرکەوتنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران ڕۆڵی هەبووە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین