بايدن دۆخی نائاسایی لە دژی ئێران درێژ کردەوه‌ ئێران

نوچه‌نێت

کۆشکی سپی ئه‌مریكا ئێوارەی هه‌ینى پێنجی ئادار، ڕایگەیاند کە جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، "دۆخی نائاسایی نیشتمانیی" لە دژی ئێران درێژ کردەوە. دۆخی نائاسایی نیشتمانیی یەکەمین جار لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩٥ لە لایەن بیل کلینتۆن سەرۆکى ئەو کاتی ئەمریکا ڕاگەیەندرا و لەو کاتەوە هەموو ساڵێک درێژ کراوەتەوە.

بە پێی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا"، سەرۆک بایدن بە ئاماژە کردن بە هەڵوێست و سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران و لەوانە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی مووشەک و جۆرە جیاوازەکانی چەک و تەقەمەنی، پەلامار و دەستێوەردان لە ناوچەدا، پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان، چالاکییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی و لق و پۆکانی، وتویەتی ئەو وڵاتە هێشتا هەڕەشەیەکی نائاساییە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی، سیاسەتی دەرەکی و ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بە وتەی بایدن ئەوانە هۆکارن بۆ ئەوەی دۆخی نائاسایی سەبارەت بە ئێران لە ڕۆژی ١٥ی ئاداری ٢٠٢١وە درێژ بکرێتەوە، ئەو دۆخە بە پێی یاسای ١٢٩٥٧ لە ١٥ی ئاداری ١٩٩٥دا پەسەند کرا و هەموو ساڵێک درێژ کراوەتەوە.

ئەو دۆخە نائاساییە کە سەرۆک بایدن دوێنێ درێژی کردەوە، جیاوازە لەو دۆخە نائاساییەی کە دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا، بە پێی یاسای ١٢١٧٠ ڕایگەیاندبوو.

لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بایدن چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەوڵ دەدات لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە گرژیی و ناکۆکییەکان کەم بکاتەوە و لە ڕێگای گفتوگۆ لەگەڵ ئێران ئاسانکاری بکات بۆ گەڕانەوەی تاران و واشنتۆن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەو جۆرە زەمینەی گفتوگۆ سەبارەت بە پرسەکانی تر کە بوونەتە هۆی نیگەرانی کۆمەڵگەی جیهانیی دابین بکات. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین