بەقسەی بکەن، زەریفە بیروڕا

نوچەنێت:

د.عومەر نورەدینی

هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی و دەستووری، لە ئێستادا رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و هەڕەشە بووەتەوە، ئەگەر سەرچاوەی ئەو ئاڵنگارییانە پەیوەست بکەین بەو ژینگەیەی هەرێمی کوردستان لەناویدا دەژی و کاری تێدا دەکات، بۆمان دەردەکەوێت ئاڵنگاری و هەڕەشەکان بەشێکیان هەڵقوڵاوی ژینگەی سیاسیی ناوخۆن و بەشێکیان پەیوەندیدارن بە ژینگەی دەرەکی.

وەک زانای سیاسی بە ناوبانگ ( دیڤید ئیستۆن ) باسی دەکات؛ هەموو قەوارە و سیستەمێکی سیاسی دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو ژینگەیەی کاری تێدا دەکات، بە هەمانشێوە قەوارە و سیستەمە سیاسیەکەش کاریگەری لەسەر ئەو ژینگەیە دادەنێ.

بۆ قەوارەیەکی سیاسی نادەوڵەتی وەکو هەرێمی کوردستان، سەرەکیترین ئامانجی ستراتیژی بریتییە لە بەردەوامی و مانەوە، ئەمەش پێویستی بەوەیە هەمیشە هەرێمی کوردستان بەدوای ژینگەیەکی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی لەباردا بگەڕێت، بەداخەوە لەئێستادا هەرێمی کوردستان لە ناو ژینگەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی ئاڵۆز و ناجێگیر دایە، لەوێوە چەندین ئاڵنگاری سەریان هەڵداوە و بوونەتە مایەی هەڕەشەی وجودی بۆسەری.

لەسەر ئاستی ژینگەی ناوخۆ، لێکدابڕان و پەرتپوونێکی سیاسی تاقەتپڕوکێن بەرۆکی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانی گرتووە، ئەو پەرتبوونە ئەگەر لەنێوان پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەرەی دەسەڵات و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بێ هێشتا هەندێک پاساو و بیانووی لۆجیکی دەدۆزیتەوە، بەڵام کێشەکە و نامۆبوونی لێکدابڕان و پەرتبوونەکە لەوەدایە بە پلەی یەکەم لە ناو پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندایە.

ئەم پەرتبوونە بە رادەیەکە یەکگرتوویی چالاکی سیاسی و کولتووری و ئیداری و ئابووری و حوکمڕانییەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە سەر لێواری هەڵدێران بەرەو خەرەندی دابەشبوونێکی کوشندە.

لێکدابڕان و پەرتبوون گەیشتە ئەو رادەیەی لە جیاتی ئەوەی بەغدای پایتەختی دەوڵەتی فیدراڵ بکەینە شوێنگەی هاوگوتاری و هاوهەڵوێستی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، کەچی کردمانە مەیدانی شکاندنی ئیرادە و دەستبادانی یەکتری، ساحەی تەحریرمان لە بەغدا کردە گۆڕەپانی خۆپێشاندان لە دژی یەکتر، پەنامان بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی برد بۆ رێگری لە بەربژێرە کوردەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە سیاسەتی هاوپەیمانییەتیدا هاوهەڵوێست نەبووین و هەریەکەمان بەرەیەکی نەیار بەوی ترمان هەڵبژارد، لەناو پەرلەمانی عێراقدا خۆمان خستە ناو بەرداشی ململانێی رێژەی دوو لەسەر سێی سەرخەر و سێیەکی پەکخەر.

هەموو ئەمە لەکاتێکدایە کە لە بەغداوە گەمەی داماڵینی سەروەری لە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەمێکە دەستی پێکردووە، جگە لە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی کارتی نەوت و گاز لە دەستی هەرێمی کوردستان وەکو چۆن لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی لە رێکەوتی ( 15ـی شوباتی 2022 ) هاتووە، وا بە ئاشکرا باسی کۆنترۆڵکردنی هێزی پێشمەرگە دەکەن و داوا دەکەن لەژێر فەرمانی سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا بێت.

ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە هاوپەیمانییەتی ( چوارچێوەی هاوئاهەنگی ) بەشێک لە هێز و لایەنە شیعەکان بە ناوی دەستپێشخەری لە رۆژی (3ـی ئایاری 2022 ) بڵاویکردووەتەوە، دەرهێنانی کارتەکانی نەوت و گاز و پێشمەرگە لە دەستی هەرێمی کوردستان واتا بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ئاستی یەکەیەکی ئیداری و بەتاڵکردنەوەی لە مانا فیدراڵییەکەی و گۆڕینی بنەمای پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدایە لە لامەرکەزییەتی سیاسیەوە بۆ لامەرکەزییەتی ئیداری.

لە لایەکی دیکەوە راپرسییە جۆراوجۆرەکان و شرۆڤە زانستییەکان و ئەنجامی دواین هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوەیان سەلماندووە کە متمانەی سیاسی بە پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بە پارت و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان و بگرە بە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش، هیچکات وەکو ئێستا کەم و لاواز نەبووە، گومانی تێدا نییە بوونی قەیرانی شەرعییەت و متمانەی سیاسی دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە گەمەی ململانێیە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کاراکتەرێکی بەهێز نەبێ و نەیارەکانی ئەو کێشە ناوخۆییە بقۆزنەوە.

لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی وا بە ئاشکرا سەروەری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج و مووشەکباران دەکرێ، نە عێراق و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامگۆییەکی شایستە و بەهێزی ئەوتۆیان نییە کە مایەی ئەوەبێ هەرێمی کوردستان دڵی خۆی پێ خۆش بکات، پێگەی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان کە هەمیشە هۆکارێک بووە لە هۆکارەکانی مانەوە و بەردەوامی، خراوەتە ژێر پرسیاری پاشەکشەی ئازادی لە هەرێمی کوردستان و جیددی نەبوون لە بنیاتناوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، هەروەها دووبەرەکی و چەند بەرەکی ناوخۆیی.

نابێ ئەوەش نادیدە بگرین کە دەرەنجامەکانی جەنگی ئەفغانستان و جەنگی ئێستای نێوان رووسیا و ئۆکراینا، وایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە زیاتر بایەخ بە جیۆپۆلەتیکی ئۆراسیا و ئەتڵەسی بدەن و وەک جاران فۆکسیان لەسەر عێراق رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێ، ئەمەش دەرفەت بۆ نەیارانی گەلی کوردستان دەڕەخسێنێ شمشێری کارتی سەربازی بۆ مامەڵە لەگەڵ دۆزەکەمان جارێکی دی لە کالان دەربێنن و ئاڕاستەی گەردنمان بکەن.

لە ساتەوەختێکی وەهادا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەژنی رەمەزانی پیرۆز دەکاتە هەل بۆ راگەیاندنی پەیامێکی هێما و مانادار، داوا لە پارتی و یەکێتی و هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەکات لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتیمان، ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و تەبا و یەکڕیزبن. 

ئەو رێگەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە (تەبایی و یەکڕیزی، وەلانانی ناکۆکییەکان لە پێناو بەرژەوەندی باڵای گەل ) بێگومان رووبەڕووی کەند و کۆسپ دەبێتەوە و لە وەگەڕخستنیدا پێویستی بە میکانیزم و نەخشەڕێی عەمەلی و واقیعی هەیە، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە کەم ناکاتەوە کە شاڕێگەی نەجاتە لە کێشە و بەڵاکان، رێگەی سەرکەوتنە بەسەر ئاڵنگارییەکان، رێگەی مانەوەیەکی بەهێز و شکۆدارە.. 

بۆیە هەقە پارتی و یەکێتی و تەواوی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە قسەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەن، لە کۆتایدا ئیجازە لە حاجی قادری کۆیی نەمر وەردەگرین و بە کەمێک دەستکارییەوە پەیامەکەی دووپات دەکەینەوە: بە قسەی بکەن زەریفە.. نایکەن..!

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین