سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ هونه‌رمه‌ندى ناودارى كورد شه‌هرامى نازرى کرد کولتوور

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ هونەرمەندى بەناوبانگى کورد شەهرامى نازرى ڕایگەیاند، "ئه‌و خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ى به‌ ‏ده‌ستى هێناون،‌ مایه‌ى شانازییە" بۆ هه‌موو كوردێك و خه‌ڵكى كوردستان به‌گشتى.

ئەمڕۆ چوارشەممە (18/ئایار/2022) سەرۆک  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏پێشوازى له‌ هونه‌رمه‌ندى ناودارى كورد شه‌هرامى نازرى كرد كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌ ‏سه‌ردان له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌ و پێرێ دووشه‌ممه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمێكى ڕێزلێناندا خه‌ڵاتى ئاڵتوونیى ‏وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى پێ به‌خشرا.‏

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە دیدارەکەدا، "خۆشحاڵى به‌ دیدارى مامۆستا نازرى دەربڕى، ڕێز و ‏ستایش و پێزانینى بۆ مێژوو و خزمه‌ت و كار و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانى دووپات كرده‌وه‌ و پێگه‌ ‏و ناوبانگى مامۆستا نازرى له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و جیهان و ئه‌و خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ى به‌ ‏ده‌ستى هێناون، به‌ مایه‌ى شانازى بۆ هه‌موو كوردێك و خه‌ڵكى كوردستان به‌گشتى له‌ قه‌ڵه‌م ‏دا."

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردتان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانىى، "وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى هه‌موو پشتگیرییه‌ك بۆ مامۆستا نازرى، هیواى ته‌مه‌نى ‏درێژ و ته‌ندروستیى باش و سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وامى بۆ خواست.‏"

لاى خۆیه‌وه‌ شه‌هرامى نازرى وێڕاى سوپاس و پێزانین بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و ‏ئه‌و ڕێزلێنان و خه‌ڵاتكردنه‌ى‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان لێى كراوه‌، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ "ڕێزلێنان و ‏خه‌ڵاتكردنى له‌ كوردستان، لاى ئه‌و له‌ هه‌موو ئه‌و ڕێزلێنان و خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ زیاتر ‏مایه‌ى شادى و مانادارتر و به‌هادارتره‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان پێشكه‌شى كراون.‏"

هەروەها شەهرامى نازرى، "خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و دیدارى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ‏نیشان دا."

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێزان وه‌زیرى ڕۆشنبیرى و بریكارى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى ‏كوردستان، ئاماده‌ بوون.‏

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین