یەکێتی ئەوروپا و مەترسی شەڕی بازرگانی لەسەر ڤاکسينی کۆرۆنا وەرگێڕان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

حکومەتی ئیتالیا ڕێگری کردووە لە هەناردەکردنی ڤاکسێنی ئاسترازنکا و کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئەو بڕیارە جێ مشتومڕەی پەسند کردووە. ئەو کۆمسیۆنە دەڵێت چاوەڕوانە کۆمپانیاکانی دەرمانسازیی پابەندی ڕێککەوتنەکانی خۆیان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بن.

بەپێی ڕاپۆرتی "دویچە ويلە"، بڕیارەکەی حکومەتی ئیتالیا سەبارەت بە ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی ٢٥٠ هەزار ڤاکسێنی کۆرۆنای ئاسترازێنێکا، بەرهەمی کۆمپانیاکانی دەرمانسازیی بەریتانیا و سوێد گرفتێکی نوێی بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە بواری دابینکردنی ڤاکسينی کۆرۆنا هێناوەتە ئاراوە. 
ئیتالیا ڕۆژی پێنجشەمە ضواری ئادار بە پێی ئەو ڕێوشوێنەی کە یەکێتی ئەوروپا لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات پەسەندی کردبوو هەناردەکردنی ئەو ڤاکسێنانە لەو وڵاتە بەرهەم دێن بۆ ئوسترالیای قەدەغە کرد. 
هەڵوێستی ئێریک مامر، طوتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا دەربارەی ئەو بڕیار زۆر ڕوون و ئاشکرایە، "ئێمە چاوەڕوانین کۆمپانیاکانی دەرمانسازیی هەموو توانایان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنانەی بە یەکێتی ئەوروپایان داوە جێبەجێ بکەن". 
هەروەها وتی کاتێ ئەوە ڕوو نادات دەکرێ پەنا ببرێتە مکانیزمێکی نوێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردن. ئەوە یەکەمین جار بوو کە وڵاتێکی ئەوروپی کەڵکی لەو ميکانیزمە وەرگرت. 
ئەو ڕێوشوێنە لە بنەڕەتدا بە مەبەستی بەرزبوونەوەی ئاستی شەفافیەت لە بواری ڕێژەی بەرهەمهێنان و چۆنییەتی دابەشکردنی ڤاکسينی کۆرۆنا داڕێژرا بەڵام وێرای ئەوە ئەگەری ڕاوەستاندنی هەناردەکردنی ڤاکسێنیشی پێش بینی کردووە.

حکومەتی ئوسترالیا: هەم ناڕەزایەتی و هەم تێگەیشتن 


وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، لۆئیجی دی مایۆ ئێوارەی پێنجشەمە ڕایگەیاند ئەو بڕیارە هەڵوێستێکی نایارانە لە بەرانبەر ئوسترالیا نییە بەڵام دواکەوتنی ڕەوتی دابەشکردنی ڤاکسين لە یەکێتی ئەورووپا شیاوی قەبووڵکردن نییە و هیوادارە ئەو بڕیارەی وڵاتەکەی کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەمپەینی ڤاکسیناسیۆن لە یەکێتی ئەوروپا هەبێ. 
ئەو ئاماژەیە دەتوانێ وەک زیاترکردنی گوشارەکان لەسەر کۆمپانیای دەرمانسازیی ئاسترازينکا خوێندنەوەی بۆ بکرێ کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١وە سەبارەت بە ڕادەستکردنی کەمتر لە ئاستی پێویستی ڤاکسێنی کۆرۆنا بە یەکێتی ئەورووپا تووشی گرفت و ناکۆکی بووە.


کۆمپانیای ئاسترازينکا ڕایگەیاندووە لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا تەنانەت توانای ڕادەستکردنی نیوەی ئەو ڤاکسينانەی کە بەڵێنی داوە نییە و ئەو دۆخە لە سێ مانگی دووەمی ساڵیشدا هەر بەو جۆرە دەبێت. 
دی مایۆ بە مەبەستی بەرگریکردن لە بڕیاری وڵاتەکەی جەختی کردووەتەوە کە ئوسترالیا بە توندی تووشی ڤاکسينی کۆرۆنا نەبووەتەوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ئەوروپا دۆخەکە زۆر خراپترە و ڤاکسينیش کەمە. 
گرت هانت، وەزیری تەندروستی ئوسترالیا وێرای دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە بڕیارەکەی ئیتالیا داوای لە کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کردووە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕاوەستاندنی هەناردەکردنی ڤاکسين کاریگەری لەسەر بەرنامەی ڤاکسیناسیۆن لە ئوسترالیا نابێت. سکات موریسۆن، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا تەنانەت وتویەتی لە هەڵوێستەکەی ئیتالیا تێدەگات. 
ماریۆ دراگی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا لە دوایین کۆبوونەوەی سەرانی یەکێتی ئەوروپا هۆشداری بە هاوکارانی خۆی دا کە پێویستە ڤاکسیناسیۆن لە وڵاتانی ئەوروپادا خێراتر بێتەوە و دەبێ کۆمپانیاکانی دەرمانسازیی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان گوشاریان بخرێتە سەر. 
دراگی ئێستا وەک یەکەمین ڕابەری ئەوروپی بە شێوەیەکی بوێرانە ناکۆکییەکانی لەگەڵ کۆمپانیای ئاسترازينکا بە شێوەیەکی جدی بەرجەستە کردووەتەوە.

پاڵپشتی فەڕەنسا بۆ بڕیارەکەی ئیتالیا


لەو کێشەیەدا ئێستا فەڕەنساش پشتیوانی لە ئیتالیا دەکات. وەزیری تەندروستی فەڕەنسا، ئۆلێڤییە ڤیران لە میانەی دیمانەیەک لەگەڵ BFMTV جەختی کردەوە کە لەو بڕیارەی حکومەتی ئیتالیا تێدەگات. 
ڤیران وێرای ئاماژە بەوەی کە لەوانەیە فەڕەنسایش بڕیارێکی هاوشێوە بدات جەختی کردەوە، "وەک وەزیری تەندروستی هەر چی ڤاکسينی زیاترم لەبەر دەست بێت بەختەوەرتر دەبم". 
کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا خۆی بواردووە لەوەی بە وردی ژمارەی ئەو ڤاکسينانەی کە لە وڵاتانی ئەندامی ئەو یەکێتییەدا بەرهەم هاتوون و بۆ دەرەوەی ئەوروپا هەناردە کراون ڕابگەیەنێت. 
ئەو کۆمسیۆنە دەرئەنجام لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە لە مانگی (کانوونی دووەم)دا ١٤٧ مۆڵەتی هەناردکردنی بۆ ٣٠ وڵاتی جیاواز دەرکردووە. وتەبێژی کۆمسیۆن وێرای ئاماژە بە ژمارە و قەبارەی ئەو مۆڵەتانە لەو بڕوایەدایە کە مەترسی سەرهەڵدانی گرژی و ناکۆکی بازرگانی بە هۆی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە ئارادایە. 
جگە لەوە نزیکەی ٩٠ وڵات (بە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتانەی لە پەرەسەندندان جیا کراونەتەوە)  مکانیزمی نوێی کۆنتڕۆڵی هەناردەکردنی یەکێتی ئەوروپا نايانطريَتةوة. هەروەها یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ڕێوشوێنەکانی ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی ڤاکسينی کوڤاکس هاوکاریی دەکات.

تێکەڵاویی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسين


بە کردەوە ڤاکسينە جۆراوجۆرەکان لە ڕێگای تۆڕی دابەشکردن و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی جیاوازدا بەرهەم دێن. بۆ نموونە کۆمپانیای ئەمریکی مۆدێرنا مادە و پێکهاتەکانی ڤاکسينەکەی خۆی لە سوێسڕا بەرهەم دێنێت. لە ئیسپانیا بەرەو قۆناغی کۆتایی دەبات و کاری پێچانةوة و ئامادەکردنی لە وڵاتی بەلجیکا ئەنجام دەدات. 
کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە گشتی ٤٩٠ ملیۆن ڤاکسينی مۆدێرنای پێشوەختە کڕیوە. لەبەر ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەناردەکردنی ڤاکسێنە بەرهەمهاتووەکانی لەو وڵاتەدا قەدەغە کردووە، کەنەدای دراوسێ دەبێ چاوەڕوانی وەرگرتنی ئەو ڤاکسينانە بێت کە لە ئەوروپا بەرهەم دێن. 
لەو نێوەدا هەندێ کێشە وگرفت لە ڕەوتی بەرهەمهێنانی بڕێ لە ڤاکسينەکان ڕووی داوە. کۆمپانیا ئەمریکی- ئەڵمانیی فایزەر- بیون تەک لە چەند مانگی ڕابردوودا ڤاکسينی کەمتر لەوەی پێشتر پێشبینی کردبوو بەرهەم هێناوە. 
ئەو گرفتە بۆ کۆمپانیای ئەمریکیی (جانسۆن و جانسۆن)یش، کە چاوەڕوان دەکرێ بەڕێوەبەرایەتی دەرمانی یەکێتی ئەوروپا هەفتەی داهاتوو مۆڵەتی بۆ دەرکات، هاتووەتە ئاراوە. 
دۆخی دابینکردنی ڤاکسين دەتوانێ هێدی هێدی باشتر بێت. هەندێ لە کۆمپانیاکان و لەوانە کۆمپانیای ئەڵمانی مێرک Merck کە دەستی لە بەرهەمهێنانی ڤاکسين هەڵگرتووە دەتوانن وەک لقێک لە کۆمپانیای جانسۆن و جانسۆن ئەو ڤاکسينە بەرهەم بهێنن. 
کۆمپانیای دەرمانسازیی فڕەنسەیی Sanofi یش لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتدا کۆتایی بە هەوڵەکانی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسينی کۆرۆنا  بە شێوەی سەربەخۆ هێنا و ئێستا بڕیارە بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسينی فایزەر-بیۆن تەک هاوکاریی بکات.

دژایەتی لەگەڵ بڕیارەکەی ئیتالیا، پشتیوانی لە ڕێگاچارەی نێودەوڵەتی


براند لانگە و تیمۆ ولکە، دوو نوێنەری حزبی سۆسیال دیموکرات لە پەرلەمانی ئەوروپا لەو بڕوایەدان کە بڕیارەکەی ئیتالیا بۆ ڕاوەستاندنی هەناردەکردنی ڤاکسبنی کۆرۆنا لە ئیتالیاوە بۆ ئوسترالیا دەتوانێ ببێتە هۆی شەڕێکی جیهانی لەسەر ڤاکسبن و پێویستە هەر جۆرێک بووە ڕێگری لەوە بکرێ. 
ئەو دوو سیاسەتوانە بە ئاماژەکردن بە زنجیرەی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ڤاکسين ئاشکرایان کردووە کە یەکێتی ئەوروپایش بەستراوەی ئەو زنجیرەیە و لاساییکردنەوەی هەڵوێستەکەی ئیتالیا دەتوانێ زۆرێ لە وڵاتان تووشی گرفت بکات. 
تا ئێستا وڵاتانی جۆراوجۆر بە مەبەستی پێشخستنی بەرنامەی ڤاکسیناسیۆنی خۆیان ڕێگای جیاوازیان گرتووەتە بەر و گەیشتوونەتە ئەنجامی جۆراوجۆر. لە حاڵێکدا ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا جەختیان لەسەر بڕیاردانی هاوبەش لە ڕێگای کۆمیسیۆنی ئەوروپا کردووەتەوە و هێشتا بەرەوڕووی کەمبوونی ڤاکسێنن، بەریتانیا کە لە یەکێتی ئەوروپا چووەتە دەرەوە پێش دەستپێکردنی ساڵی ٢٠٢١ ڕووی کردە کڕینی بەرفراوان و هەڵگرتنی ڤاکسين و ئێستا یەکێکە لە وڵاتانی پێشەنگ لەو بوارەدا. 
سەرەڕای هەموو ئەوانە زۆرێک لە چاودێران لەو بڕوایەدان کە ئەگەر وڵاتانی بەهێزی یەکێتی ئەوروپا وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا بە شێوەی سەربەخۆ هەوڵی دابینکردنی ڤاکسينی کۆرۆنایان بدات، لەوانەیە هەموو وڵاتان لە کۆتاییدا بە هۆی ئەو بڕیارە زیانی قورسیان بەرکەوتایە. زۆرێ لە وڵاتانی ئەوروپی بە جۆرێ لە بەرهەمهێنانی ئەو ڤاکسينانەدا کە تا ئێستا مۆڵەتیان وەرگرتووە بەشدارییان هەبووە.  
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین