دەوڵەت باخچەلى: سویدی و فینلەندا بوونەتە قەندیلى دووەم تورکیە

نوچەنێت:

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکى پارتى بزووتنەوەى نەتەوەیی (مەهەپە)، بە توندى هێرشی كردە سەر سوید و فینلەندا و رایگەیاند، "هەردوو وڵات بۆ پەکەکە بونەتە قەندیلى دووەم."

ئەمڕۆ سێشەممە (24/ئایار/2022) ماڵپەڕى (هەبەر) بڵاویکردەوە، دەوڵەت باخچەلی، لەسەر داواكارى سوید و فینلەندا بۆ ئەندام بوونیان لە ناتۆ هاتە دەنگ و گوتی، "حكومەتی سوید زۆرترین چەکى پێشکەوتووى بە پەکەکە داوە، وڵاتەكەشی بۆتە شوێنى سەرکردایەتیى ئەو ڕێکخراوە و ئەندامەکانى بە ئازادانە لە ئەوڕوپا دەسووڕێنەوە."

سەرۆکى مەهەپە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، "سوید بۆتە لانکەى دوژمانمان لە باکوورى ئەوروپا، تورکیا نانى دەستى ئەوروپا ناخوات تا خۆى ناچارى ئەوان بکات."

باخچەڵى سەبارەت بە ئابوورى تورکیا و بڕیارەکانى حکومەتەکەى ئەردۆغان گوتى، "بەداخەوە ئابوورى وڵاتەکەمان کەوتۆتە بەر گولەى میدیاکان، بەڵام حکومەت هەر بڕیارێک بدات، ئێمە هاوکار و پشتیوانى دەکەین، ڕایگشتى تورکیاش لە کاتى هەر هێرشێک بۆ سەر ئابووریى وڵاتەكەمان تواناى بەرگریکردنى هەیە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین