تاڵیبان لەبری توركیا و قەتەر رێككەوتنی لەگەڵ ئیمارات واژۆكرد شیکاری

تایبەت بە نوچەنێت:

چاوەڕوان نەدەكرا، ئیماراتی نەیاری سەرسەختی ئیسلامیی سیاسی ئەوەندە ئاسانی بتوانێت گرەوی رێككەوتن لە توركیا و قەتەری دۆستی ئیسلامیی سیاسی بباتەوە، ئەو رێككەوتنەی كە لەچەند رۆژی رابردوو لەنێوان مەلا برادەر و ئیمارات واژۆكرا، كارێكی چاوەڕوان نەكراو بوو، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە لەو ناوچەیە توركیا و قەتەر بە دۆستی ئیسلامیی سیاسی ناسراون، بەڵام ئیمارات بە نەیاری سەرسەختی ئیسلامییەكان ناسراوە، لەدوای كەوتنی حكومەتی تاڵیبانیش قەتەر تاكە وڵات بوو، توانی هاووڵاتیانی بیانی لەناو ئەو وڵاتە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە و سەرپەرشتی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی كابوول بكات.

كەوتنی كابول 

رۆژی (16)ی ئابی ساڵی (2021) وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئه‌فغانستان راگه‌یاند، "بێ هیچ شه‌ڕێك پایته‌خت راده‌ستى بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان ده‌كه‌ن". لەبەرانبەردا بزووتنه‌وه‌كه‌ی رایده‌گه‌ینێ، "نابێ چه‌كداران بچنه‌ ناو شاره‌كه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت له‌ ده‌روازه‌كانى شاره‌كه‌ بمێننه‌وه‌."

بەرێوەبردنی فڕۆكەخانەكانی ئەفغانستان

هەر لەسەرەتاوە بەرێوەبردنی فڕۆكەخانەی كابول و فڕۆكەخانەكانی تر گفتوگۆی زۆری لەسەر كرا، توركیا قەتەر لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەبوون بۆ بەرێوەبردنی فڕۆكەخانەكانی ئەفغانستان.

لە (20)ـی كانوونی یه‌كه‌می (2021) وه‌زیری مه‌ولوود چاوشئۆغلۆ، ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، "شاندێكى پسپۆڕ له‌ كاروباری فڕۆكه‌خانی توركیا له‌و نزیكانه‌ سه‌ردانی ده‌وحه‌ ده‌كات، پاشان ئه‌و شانده‌ سه‌ردانی ئه‌فغانستان ده‌كه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌ی حامید كارزایی له‌ كابولی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌."

دوای هەشت مانگ چاوەڕوانی توركیا و قەتەر، مەلا برادەر فڕۆكەخانەكانی رادەستی ئیمارات كرد

ده‌رباره‌ی كاره‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ ئۆغلۆ گوتی، "ئه‌و لیژنه‌یه‌ پێشنیازی هاوبه‌ش ده‌ده‌نه‌ حكومه‌تی كاتی ئه‌فغانستان بۆ به‌رێوه‌بردنی ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌".

بەشداری ئیمارات لەگەڵ قەتەر و توركیا

بەرپرسانی تاڵیبان هەر لەسەرەتای گفتوگۆكان لەگەڵ قەتەڕ و توركیا پرسی بەشداری ئیماراتیان ورژاند، لە سەرەتای ئەمساڵ توركیا و قەتەر هەنگاوی گەورەیان لەگەڵ تاڵیبان نا، لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ مه‌ولوود چاوشئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، "بیرۆكه‌ی به‌رێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول به‌هاوبه‌شی بۆ هه‌موولایه‌ك روونه‌‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر رێككه‌وتووین دوو كۆمپانیای توركی و قه‌ته‌ری پێشنیازه‌كانیان له‌بواری ئابووری و وه‌به‌رهێنان و ئه‌منی بخه‌نه‌ڕوو، هه‌ردوولا ئاڵوگۆڕیان بكه‌ن، پاشان گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌ركامیان ئه‌رێنی بوو ئه‌و هه‌ڵده‌بژێرن ئه‌گه‌ر ناكۆكیه‌كیش هه‌بوو چاره‌سه‌ری بكه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ كاركردنمان پێكه‌وه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول، له‌ هه‌مانكات پێنج فڕۆكه‌خانه‌ی تر هه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌وانیش به‌ڕێوه ‌ببردرێن." 

دوای ئەم لێدوانە محه‌مه‌د نه‌عیم وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان راگه‌یاند، "هێشتا گفتوگۆكان به‌رده‌وامه‌ و رێكنه‌كه‌وتوون، هه‌ندێك گفتوگۆش له‌سه‌ر به‌شداری كۆمپانیا ئیماراتییه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ به‌ره‌وپێشچوونێك نییه‌."

بەگوێرەی ئەو لێدوانەی محەمەد نەعیم، بزووتنەوەی تاڵیبان هەر لەسەرەتاوە حەزی كردووە تاڵیبان بەشدار بێت لە بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان، بەهۆی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان توركیا و قەتەر لەگەڵ ئیمارات لاریان نەبوو.

تاڵیبان: لەگەڵ توركیا و قەتەر بەردەوامین لە گفتوگۆكان

پێشینەی ئیمارات لە ئەفغانستان

عەبدولجەبار بەهير سەرۆكى (ناوەندى ئەفغانى بۆ راگەياندن و لێكۆڵينەوە) رايگەياند، "فڕۆكەخانەى كابول يەكێكە لە دەروازە سەرەكييە ئاسمانييەكانى كابول كە توركيا و قەتەر دانوستاندنى لەسەر دەكەن، ئەوەش لە كاتێدايە چوار فڕۆكەخانەى تر لە ويلايەتى بەڵخ و مەزار شەريف و قەندەهار هەيە، لە هەمانكاتيش فڕۆكەخانەيەكى تر لە كابول دروست دەكرێت، بەر لە هاتنەوەى تاڵيبان گرێبەستى دروستكردنى ئەو فڕۆكەخانانە لەگەڵ كۆمپانياى غاكى ئيماراتى واژۆ كرابوو، كارەكانى ئەو فڕۆكەخانانە تا دواى ئاڵۆزييەكانى ئەو دواييە بەردەوام بوو، بەڵام دواى رووداوەكانى مانگى ئابى ئەمساڵ ئەوەش پەيوەستكرا به‌رێوه‌ بردنیان لە لايەن قەتەر و توركياوە."

سەبارەت بەو كۆمپانيا ئيماراتييە، عەبدولجەبار رايگەياند، "ئەو رێككەوتنە پەيوەستكراوە بە پێداويستييەكانى فڕۆكەخانەى كابول، كە ئەگەر كۆمپانياكانى دەوحە و ئەنقەر هاتنە ناو ئەو گرێبەستە ئەوە كۆمپانيا ئيماراتييەكەش له‌ كاره‌كانی بەردەوام دەبێت."

ئيبراهيم مەعريفى بەرپرسى كۆمپانياى غاك رايگەياند، "لە (11)ی مانگى ئابى ئەمساڵ ئيمارات لە رێگەى گەشتى ئاسمانى چەندين تۆن هاوكارى رەوانەى ئەفغانستان كرد، لە مانگى ئەيلووليش حكومەتى ئيمارات هاوكارى مرۆيى گەياندە ئەو وڵاتە."

لەبەشێكى ترى قسەكانى مەعريفى رايگەياند، "كۆمپانياكەمان بارەگاى سەرەكى لە ئيمارات و فڕۆكەخانەى كابول و فڕۆكەخانەكانى ترە، تائێستا بەشێوەيەكى ئاسايى مامەڵەمان لەگەڵ كراوە، بەگشتى رۆژانە نزيكەى (11) گەشتمان هەبووە."

بەدرێژایی چەند مانگی رابردوو، توركیا و قەتەر بەردەوام لە گفتوگۆدابوون، بەڵام هیچ هەنگاوێكی بەرچاویان نەنا، زۆربەی جاریش ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بۆ راگەیاندنەكان بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو لە هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراو ، بزوونەوەی نێوان تاڵیبان لەبری قەتەر و توركیا بۆ بەرێوەبردنی فڕۆكەخانەكانی ئەفغانستان، رێككەوتنێكی  لەگەڵ ئیمارات بۆ بەرێوەبردنی سێ فڕۆكەخانە سەرەكییەكەی ئەفغانستان واژۆ كرد. 

رۆڵی عەبدولغەنی برادەر

ئەگەر سەیری رابردووی عەبدولغەنی برادەر، جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەفغانستان بۆ كاروباری وزە، بكەین، دەبینین هەمیشە هەنگاوەكانی چاوەڕواننەكراوە، ئەو هەنگاوی واژۆكردنی رێككەوتن لەگەڵ ئیمارات یەكێك بوو لە هەنگاوە چواڕوانەكراوەكان، ئەمەریكیەكان دەڵێن، "تێگه‌یشتن لە مەلا برادەر سەختە"

سەردانی عەبدولغەنی برادەر بۆ ئیمارات

وەك یارییەكانی رابردووی، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە مەلا عەبدولغەنی برداەر سەردانی ئیماراتی كرد، بەبێ پێیشینەیەكی درێژ لە گفتوگۆ گرێبەستی بەڕێوەبردنی فرۆكەكان لەگەڵ كۆمەڵەی (GAAC / G42) كە بارەگاكەی لە ئیمارات،  بۆ خزمەتگوزاریی زمەینی فڕۆكەخانەكانی كابوڵ و هیرات و قەندەهارە واژۆ كرد.

سەبارەت بەو رێككەوتنە برادەر  رایگەیاند، "ئەو رێككەوتنە رێگە بۆ هەموو كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان خۆش دەكات بگەڕێنەوە ئەفغانستان."

 لە مانگی ئابی ساڵی رابردووە هێڵە ئاسمانییەكانی توركیا و ئیمارات و دوبەی و كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی هندستان بە ماوەیەكی كەم دوای كشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەكان گەشەتەكانیان راگرت.

ماوەی هەشت مانگ ئەنقەرە و دەوحە لەگەڵ حكومەتی تاڵیبان سەرقاڵی گفتوگۆبوون، زۆربەی چاو دێران زۆر بە بایەخەوە چاودێری دانوستاندنەكانیان دەكرد، بەڵام كەمترین كاتیان دابوو بە چاودێری دانووستنەكانی نێوان ئیمارات و ئەفغانستان، كاتێكیش هەفتەی رابردوو مەلا بردارە سەردانی ئەو وڵاتەی كرد، وەك پێویست بایەخی پێ نەدرا.

لەو سەردانە برادەر لەگەڵ بزنسمانانی ئەفغانی نیشتەجێی ئیمارات كۆبووە و هانی دان بۆ وەبەرهێنان بگەڕێنەوە ئەفغانستان، كە ئێستا  بلۆككردنی ملیارەها دۆلار بەربەستی گەورەی ئابووری لەبەردەمە.

برادەر لەو دیدارە بە بازرگان و بزنستمانەكانی گوتووە، لەگەڵ گەڕانەوەی ئیمارەتی ئیسلامی گەندەڵی كۆتایی هاتووە، دەرفەتی كار لەبەردەم هەمووانە، لە ساڵی رابردوو حكومەتی ئەفغانستان لە كۆی لیستی شەفافیەتی نێودەوڵەتی كە لە (180) وڵات لەگەندەڵی لە پلەی (174)مین بوو. 

مەلا برادەر پێی گوتون، "دروستكردنی كەشێكی ئارام بۆ كۆمپانیاكان و خۆتان بۆ دووبارە ئاوەندان كردنەوەی وڵات لە ئەستۆی ئێمە دایە."باسیشی لەو زیانانە كردووە كە بەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەوتووە، كە پێویستە كاری تێدا بكرێت.

هەر لەو كۆبوونەوە برادەر باسی لە وەرگرتنی بەرێوەبردنی فڕۆكەخانەكانی ئەفغانستان كردوە، بەڵام لەو راگەیێندراوەی گەشتەكەی زۆر بایەخی پێنەداوە، كە بڕیارە لەدوای گەڕانەوەی بۆ كابۆل واژۆ بكرێت. 

ئەوە یەكەم جار نییە كۆمەڵەی ( GAAC / G42) لە ئەفغانستان دەبیینن، لە ساڵی (2020) رێككەوتنێكی هاوشێوەیان لەگەڵ حكومەتی پێشوو واژۆ كرد، بەڵام كاتێك ئەشرەف غەنی رایكرد، فڕۆكەخانەكان بەبێ بەڕێوەبەر مانەوە.

لە مانگی ئەیلوول كاتێك كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانییەكانی ئەفغانستان دەستیان بە كاركردن كردەوە، قەتەر پاراستنی ئاساییشی فڕۆكەخانەی لە ئەستۆ گرت، بەتایبەت بۆ ئەو هاووڵاتیە ئەفغانیانەی دەبردرانە دەرەوە، بەهۆی پاڵپەستۆی زۆرەوە لە رۆژەكانی سەرەتای هاتنەوەی تاڵیبیان زیانی لە فڕۆكەخانەی كابول زیانی بەركەوتووە، قەتەر هاوكار بوو بۆ چاككردنەوەی.

تا ئێستاش وردەكارییەكانی ئەو گرێبەستەی ئیمارات لەگەڵ ئەفغانستان روون نییە، بەڵام چەند سەرچاوەیەكی قەتەری بە (میدل ئیست ئای)یان راگەیاندووە، لە پایزی رابردوو هەندەك نیشانەی ئاڵۆزی لە نێوان دەوحە و تاڵیبان هەبوو، سەرچاوەیەك لە قەتەر رایگەیاند، "هێزەكانی قەتەر لەكاتی گەڕانەوەی تاڵیبان سەرپەرشتی چوونە دەرەوەی خەڵكی بیانیان دەكرد، بەهۆی ئەوەی جلەكانیان قەمیسێكی ئاسایی بوو ئاڵایەكی بچووكی وڵاتەكەیان و وێنەی چەكی لەسەر بوو، هێزەكانی تاڵیبان زۆر بە توندی دژایەتی ئەو جۆرە جلەی هێزە ئەمنییەكانی قەتەریان دەكرد."

لە مانگی ئەیلوول و تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو (میدل ئیست ئای) جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، لەكاتی هێنانە دەرەوەی خەڵكی بیانی، هێزەكانی قەتەری جلی مەدەنی لەبەر دەكەن.

ئەوەش لەو كاتە دابوو تاڵیبان رۆڵی تەنیا لە دەرەوازەی سەرەكی فڕۆكەخانەی كابول بوو، ئەوكاتەش پڕۆسەی گواستنەوەی خەڵكی بیانی لە ئەستۆی قەتەرییەكان بوو، كە تا سەر پلیكانەی فڕۆكە و فڕینی ئەو فڕۆكەیە پارێزگارییان لێ دەكردن، فڕۆكەكانیش فڕۆكەی قەتەری بوون، لە لایەن ئەو فەرمانبەرانەی پێشووی فڕۆكەخانەوە كاروبارەكان بەرێوە دەبرا، كە چەندین ساڵ بوو لەو وڵاتە كاریان دەكرد.

هەرچەندە ئەو هەماهەنگییە لە هاوینی رابردوو بەهێز و سەركەوتوو بوو، بەڵام درێژەی نەكێشا، سەرچاوەیەكی قەتەری رایگەیاند، "تاڵیبان وەڵامی خواستەكانی دەوحەی نەدایەوە بۆ بەرێوەبردنی كاروباری ئەمنی دەرەوەی فڕۆكەخانە و دڵنیاكردنەوەی گەیشتنی سەرنشینان بە فڕۆكەخانە بەشێوەیەكی پارێزاو."

ماوەی چەند مانگێكە نیشانەكانی ئاڵۆزی لە پەیوەندی قەتەر و تاڵیبان دەركەوتووە، دەوحە لەچەند بۆنەیەك ئاماژەی بەو كۆتانەی تاڵیبان كردووە لەسەر كاركردن و خوێندنی ئافرەتان.

لە ساڵی (2011) قەتەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاڵیبان بەهێزكردووە، لە سەردەمی باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمەریكا و حامید كارزایی، سەرۆكی ئەفغانستان نووسینگەی تاڵیبان بۆ دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی وڵاتەكەی كرایەوە. 

ئەو پەیوەندیە لە مانگی تشرینی دووەم بەهێز بوو، كاتێك رێككەوتن لەسەر ئەوەی دەوحە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەكانی واشنتن لە ئەفغانستان بكات.

جگە لە دەوحە لەو كێبڕكێیە لەگەڵ ئەبوو زەبی، ئەنقەرەش لەو گرێبەستە زیانی بەركەوتووە، چونكە ئەنقەرەش بەشێك بوو لە دانوستاندەكان، بەڵام ئەنقەرە نیگەران بوو، چونكە حكومەتێكی فراوان لە ئەفغانستان دروست نەكرا، ئەوەش بووە بەربەست لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاڵیبان.

هەڵوێستی فەرمی تاڵیبان

بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، "بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كراوە رێگە دەدرێت كۆمپانیایەكی ئیماراتی سێ فڕۆكەخانەی ئەفغانستان بەڕێوە ببات."

لە بەشێكی تری لێدوانەكەی تاڵیبان هاتووە، "كۆمپانیای (غاك سۆلۆشینز) كە بارەگاكەی لە ئەبوو زەبییە فڕۆكەخانەكانی هیرات و كابول و قەندەهار بەرێوە دەبات."

رێككەوتنەكە لەلایەن غولام گەیلانی وافا، جێگری بەڕێوەبەری گواستنەوەی فڕۆكەوانی مەدەنی و مەلا عەبدولغەنی برادەر، جێگری سەرۆك وەزیرانی دیاریكراو لەلایەن تاڵیبانەوە لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای غاك واژۆ كرا، ئەو رێككەوتنە نوێكردنەوەی رێككەوتنی فڕۆكەخانەكان لەگەڵ ئیمارات ناوبرا.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، پێگەی قەتەر لە ئەفغانستان بەهێزە، رۆڵی سەرەكی لە دانوستاندنەكانی نێوان حكومەتی پێشوو و بزووتنەوەی تاڵیبان لەلایەك و ئەمەریكا لەلایەكی تر هەبوو، ئیماراتیش رۆڵی سەرەكی لە وەبەرهێنان لە حكومەتی پێشوو هەبوو، چەندین گرێبەستی لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەكانی ئەو وڵاتە هەیە، زانكۆی ئەبوو زەبی هاوكاری زانكۆكانی ئەفغانستان دەكات. لە بواری وەبەرهێنان گەشەی ئابووری رۆڵی سەرەكی هەیە. 

بۆیە ئەفغانییەكان هەوڵدەدەن سوود لە پێگەی هەردوو وڵات وەربگرن، تا ئێستا لەڕووی سیاسیی و دیپلۆماسیەوە سوودیان لە پێگەی قەتەر وەرگرتووە، ئێستا دەیانەوێت هەم لەڕووی ئابوورییەوە هەم لەڕووی سیاسیەوە سوود لە پێگەی ئیماراتیش وەربگرن، ئەگەر سەیری سیاسەتی مەلا برادەر بكەین، هەنگاوەكانی بەجۆرێكە دەیەوێت هەنگاو هەنگاو بەرژەوەندی وڵاتەكەی لەگەڵ وڵاتە بەهێزەكانی ئەو ناوچەیە لێ بدات. 

هەڵوێستی ئیمارات

د.ئەنوەر قەرقاش، راوێژكاری سەرۆكی ئیمارات رایگەیاند، "بردنەوەیەكی شایستە لە كێبڕكێ لەگەڵ چەند وڵاتێك بۆ گرێبەستی خزمەتگوزاری زەمینی سێ فڕۆكەخانەی ئەفغانستان، ئێمارات خاوەنی توانایەكی پێشكەوتووە لە بواری خزمەتگوزاری و رێكخستنی فڕۆكەی خانەی مەدەنی، ئامانجمان خزمەتكردنی گەلی ئەفغانستان و بەشدارییە لە بووژاندننەوە و بەهێزكردنی گەشە و سەقامگیری ئەو وڵاتەیە."

هەنگاوی یەكەم لەگەڵ ئیمارات سەركەوتووبوون

مەلا عەبدولغەنی برادەر لە لێدوانێك رایگەیاند، "بزووتنەوەی تاڵیبان دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئیمارات و قەتەر و توركیا، رێككەوتنێك لەگەڵ ئیمارات واژۆ دەكات."

بەردەوامی دانوستاندن لەگەڵ قەتەر و توركیا

رۆژی چوارشەممە (25)ی ئەم مانگە، محەمەد نەعیم، وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، دانوستاندنەکانمان لەگەڵ قەتەر و تورکیا بەردەوامە، بۆ بەگەڕخستنى فڕۆکەخانەکانمان، هەروەها ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ ئیمارات واژۆكراوە پەیوەستە بە خزمەتگوزاریی زەمینی لە فڕۆكەخانەكانی كابول و قەندەهار و هیرات بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك، رێككەوتنێكی گشتگیر نییە بۆ بەرێوەبردنی فڕۆكەخانەكان، پێش هاتتنەوەی تاڵبیانیش ئەو كۆپانیایە كاری لەو فڕۆكەخانە هەبووە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین