فارس نەورۆڵى: جوڵەکانى نێچیرڤان بارزانى لە کاتێکى هەستیاردا بوو، چونکە کێشەکانى ناوخۆ زۆر قووڵببوونەوە میدیا

نوچەنێت:

فارس نەورۆڵى،  وتەبێژى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سلێمانى و هەڵەبجە، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو لە (22-5-2022) سەبارەت بە دەستپێشخەریییەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، هەرێمى کوردستان بۆ کۆکردنەوە و کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، کە بریتیى بوول ە سەردانیکردنى سلێمانى و بەشداریکردنى لە رێوڕەسمى دەرچوانى خولى (16)ى هێزەکانى پێشمەرگە و (6)ـى ئەفسەرانى کۆلێژى سەربازیى (3)ـى قەڵاچوالان دەڵێت، هاتنى کاک نێچیرڤان بارزانى بۆ سلێمانى پەیامى سەرۆکایەتیى هەرێمى پێیە، وە پەیامى کۆى لایەنەکان کۆدەکاتەوە، تاوەکو دەرئەنجام بڕیارێکى لەسەر بدەن کە لە بەرژەوەندى چاکەى گشتى و خزمەتى خەڵکى کوردستان دا بێت.

وتەبێژى وتەبێژى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سلێمانى و هەڵەبجە گووتیشى، دڵنیام لە دواى ئەو دەستپێشخەرییەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە نزیکترین کاتدا پارتى و یەکێتى کۆدەبنەوە.

 

دەقى دیمانەکەى فارس نەورۆڵى،  وتەبێژى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سلێمانى و هەڵەبجە:

ــ ئەمڕۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە تەنیا پەیامى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانى پێیە بۆ لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانى یان پەیامى پارتى دیموکراتى کوردستانیشى پێیە؟ 

فارس نەورۆڵى: لەڕاستیدا ئێستا جیهان لە دۆخێکى تایبەتدایە، بە تایبەت لە دواى شەڕى ئۆکراینا و ڕووسیا، پێدەچێت لە دواى ئەم شەڕە جیۆسیاسى جیهان بە شێوەیەکى فراوان و گەورە بگۆڕێت، ئێمەش لەو ناوچەیە تاوەکو ئێستا هیچ ئامادەکارییەکمان نەکردووە بۆ ئەو گۆڕانکاریانە، بەڵکو قەیرانێکى زۆر هەیە لەناو خۆماندا لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا.

کاک نێچیرڤان بارزانى، بە درککردن بەو دۆخە لەسەر ئاستى جیهان و ناوچەکە جووڵەکانى بەو ئاراستە دەستپێککردووە، کە ماڵ و گوتارى کوردیى ئامادە بکات، بۆ ئەو ئەگەرانەى لە ئایندە ڕوودەدەن، وە بۆ ئەو ململانێیە ناتەندروستەى کە لەناو هێزە سیاسییەکاندا هەیە. پێموایە کاک نێچیرڤان بارزانى، پەیامى سەرۆکایەتیى هەرێمى پێیە، وە پەیامى کۆى لایەنە سیاسییەکان کۆدەکاتەوە، تاوەکو دەرئەنجام بڕیارێکى لەسەر بدەن کە لە بەرژەوەندى چاکەى گشتى و خزمەتى خەڵک و گەلى کوردستان دا بێت.

کاک نێچیرڤان بارزانى بانگهێشتکرا بۆ کۆڕبەندى داڤۆس، بەڵام نەچوو، چونکە درکى بەوەکردبوو کە قەیرانەکان لێرە قووڵترن.

ــ ئەم دەستپێشخەریە لە هەمانکتدا دەستپێشخەرى پارتى دیموکراتى کوردستانیش نییە؟

فارس نەورۆڵى: لە ڕاستیدا پارتى دیموکراتى کوردستان هەمیشە ویستویەتى بە ئارامى ئیدارەى جیاوازییەکان بکات، بەڵام لە دوا کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دا، پارتى پێشنیارى ئەوەى کردووە، لەگەڵ کۆى لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزى گفتوگۆ دابنیشن، تاوەکو کێشەکان چارەسەر بکەین، جا کێشەکان بە هەر شێوەیەکە و بەهەر ئاراستەیەکە بەڵکو بتوانین چارەسەریان بکەین، باوەڕیشم وایە پارتى دیموکراتى کوردستان لە ئاییندەیەکى نزیکدا لەگەڵ لایەنەکان دەکەوێتە گفتوگۆ.

ــ ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەى کاک نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى، بابەتى ئەو ناکۆکیانەى لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار دروست بوون، باسیان لێوە دەکرێ، چاوەڕێى ئەوە دەکەن لەسەر ئەو بابەتە هەنگاوێک بەرەوپێشوەچوون هەبێت؟

فارس نەورۆڵى: لە ڕاستیدا من نازانم هەگبەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى چى تێدایە، بەڵام دەزانم خێرى تێدایە و خێرى لەگەڵ خۆى هێناوە، پێموایە لەسەر کۆى کێشەکان گفتوگۆ دەکەن، ئەم جووڵەیەى کاک نێچیرڤان بارزانى، لە کاتێکى زۆر هەستیاردایە، لەکاتێکدایە ئەو بانگهێشتکرا بۆ کۆڕبەندى داڤۆس، بەڵام نەچوو بۆ ئەو کۆڕبەندە، چونکە درکى بەوەکردبوو کە قەیرانەکان لێرە قووڵترن، وە تا بەرەى ناوخۆ بەهێز نەبێت، جووڵەکانى دەرەوەمان سەرکەوتوو نابێت، بۆیە دڵنیام لەسەر کۆى کێشەکان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانى تر گفتوگۆ دەکات.

ــ بابەتێکى دیکە کە گرنگە بۆ دانیشتوانى سلێمانى و دەوروبەرى، ئەو کێشانەى کە بە بۆنەى ناکۆکى نێوان پارتى و یەکێتییەوە دروست ببوو، کاریگەرى لەسەر مووچە دروست کردبوو، ئەم مانگە کە ئێستا خەریکە مووچەکە دابەشدەکرێت، چارەسەرێکى بۆ دۆزرایەوە، ئەم چارەسەرە بەردەوام دەبێت یان مانگى داهاتوو سەرهەڵدەداتەوە؟ 

فارس نەورۆڵى: خۆى نابێ ململانێ و جیاوازییەکان بگوزاینەوە بۆ سەر ژیان و قوتى خەڵک، باوەڕیشم وایە ئەم کێشانە چارەسەر دەبێت، بەردەوامى نابێت ئەم کێشانە، چونکە کات لەبەرژەوەندى کورددا نییە، تا هێزە سیاسییەکان بەو شێوە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن.

من نازانم هەگبەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ سلێمانى چى تێدایە، بەڵام دەزانم  خێرى لەگەڵ خۆى هێناوە.

ــ کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى پارتى دێموکراتی کوردستان و یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان، کە چاوەڕێ دەکرێ ئەنجام بدرێ، هیچ وادەیەک دیاریکراوە کە دواى ئەم سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى هەردوو حیزب کەى ئەنجام دەدرێت؟

فارس نەورۆڵى: من سەقفێکى زەمەنێم لا نییە بڵێم کەى کۆدەبنەوە، بەڵام بێگومان پارتى لە زووترین کاتدا جووڵەکانى خۆى دەست پێدەکات، بۆ کۆبوونەوە و تێگەیشتن لەگەڵ کۆى لایەنە سیاسییەکان بە یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستانیشەوە.

س: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە