فەریدون عەبدولقادر: نێچیرڤان بارزانى کەسێکى میانڕەوە و دەتوانێ گوێ لەدەنگى جیاواز بگرێ و تێبگات میدیا

نوچەنێت:

بەرپرسێکى باڵاى پێشووى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان، زۆر گەشبینە بە جووڵە دیپلۆماسییەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى هەرێمى کوردستان، بەتایبەت لەو هەوڵانەى لەناوخۆ دەیدات بۆ یەکڕێزى لەنێوان لەلایەن سیاسییەکان بەگشتى و پارتى و یەکێتى بە گشتى.

فەریدون عەبدولقار، ئەندامى پیشووى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو لە (22-5-2022) تیشکى خستەر گرنگى سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ پارێزگاى سلێمانى و کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ئەو دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانى، لە کاتى گرفت و کێشەکاندا لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بە جمووڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانیدا دەتوانێ دەروازەى چارەسەر بکاتەوە.

 

دەقى دیمانەى فەریدون عەبدولقار، ئەندامى پیشووى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان:

ــ بیستوومانە پێش کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان، کە لە ماوەى ڕابردوو ئەنجامدرا، جەنابت هاودیتنێکى دوور و درێژت لەگەڵ جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى هەبووە، کەمێک دەتوانى باسى کەشى ئەو کۆبوونەوەمان بۆ بکەى؟

فەریدون عەبدولقادر: کەشى ئەو کۆبوونەوەیە بۆ بەختى خۆم هاوئاهەنگ بوو، لەگەڵ ئەو کەشى لە نەتەوەیەکگرتووەکان دروست ببوو، وە هەتا لەلاى دۆستمانمان لە ئەمەریکى و ئەوروپییەکانیش دروست ببوو، لەسەر عێراق و هەرێمى کوردستان، لەبەر ئەوە کۆبوونەوەیەکى زۆر خۆش و برایانە و لەڕوو بوو، وە سەرۆک بارزانى من بە سوپاسەوە دەڵێم، زۆر بە دڵسۆزانە و بەرپرسانە گوێى لە هەموو ئەو پێشنیار و بۆچوون و بیروڕاکان گرت، چ ئەوانەى کە لاپەڕەکانى ڕابردوومان هەڵداوەتەوە، لەسەر هەموو ئەو بابەتانەى کە پەیوەندی بە کوردستان و میللەتەکەمانەوە هەبێ، وە چ ئەوەى کە دەبێ بۆ ئایندە بیرى لێبکرێتەوە.

ــ دواینجار لە دیمانەیەکدا گووتت، من وردە وردە بەرەو نائومێدى دەڕۆم، گرژى و ئاڵۆزییەکان زۆر بەرەوپێشچوون، ئەمڕۆ دەتبینین ئومێدت زیاترە دواى ئەو کۆبوونەوەیەى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى یان با وا لێت بپرسم، ئومێدت زیاترە یان نا، ئەگەر بەڵێ، بۆ ئومێدت زیاترە، چى بوو ئەو وەرچەرخانەى دروستکرد؟

فەریدون عەبدولقادر: ئومێد زیاترە، چونکە من لە تەفیسلى لایەنى یەکێتم بینیووە، بەڕێز بافڵ تاڵەبانیم بۆ ماوەى زیاتر لە دوو کاتژمێر بینیووە، وە نزیکەى دوو کاتژمێر جەنابى کاک مەسعودم بینیووە، لەبەر ئەوە ئەوەى تێگەیشتبووم، ڕاستە لەلایەنى یەکێتییەوە گلەیى و گازاندە و ڕەخنە و نائومێدى زۆرم گوێ لێبووە، بەڵام لەناو هەموو ئەوانەدا ئاراستەیەکم بینیووە، کە هەموو لایەنەکان لێکتێگەیشتن و پێکهاتن بە باشتر دەزانن، لە ناتەبایى و درێژەکێشانى ناکۆکییەکان، بەڵام دەبێ زمانى لێکگەیشتن بدۆزینەوە. 

ــ ئەم زمانى لێتێگەیشتنەى کەوا هەست دەکەن وردە وردە خەریکە دروست دەبێت، ترجمە دەبێت بۆ ئەوەى کە پارتى و یەکێتى لەسەر یەک بەربژێرى هاوبەش بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون؟ 

فەریدون عەبدولقادر: هەمیشە گووتومە ئەوەم لا گرنگ نییە، پۆستى سەرۆک کۆمار یان هەر پۆستێکى دیکە کە بەلاى منەوە پۆست و کورسى گرنگ نییە، ئەوە گرنگە ئەو پۆستە ئەو شوێنە چەند دەتوانێ خزمەتى وڵاتەکەمان و کۆمەڵانى خەڵک بکات، تا چەند توانێ دۆزەکەمان بەرەوپێشەوە ببات، وە کێشە و گرفتەکان ڕۆڵى هەبێ لە چارەسەرکردنیان، ئەگەر ئەو ڕۆڵەى نەبێ چ گرنگییەکى هەیە.

ــ ئەمە بۆچوونى جەنابتە، بەڵام کرۆکى ناکۆکى پارتى و یەکێتى لەسەرەتاوە لەسەر ئەمە دروست بوو، ئێستا یەکێتى و پارتى گەییشتوونتە کوێ، ئەوە وەکو خاڵێکى ناکۆکى لە نێوانیاندا بەردەوامى دەبێت یان لە چەند ڕۆژى داهاتوو ئێمە دەبینین لەسەر ناوێک ڕێکدەکەون؟

فەریدون عەبدولقادر: من لێرەوە پێشتر باسمکردووە، سەرەتا من وام لە کاک مەسعود بیستبوو، کە ڕێگر نییە پۆستى سەرۆک بۆ یەکێتى بێت، بەڵام بە مەرجێک لەسەر ناوێک پێکبێن، کە هەردوولا پێى ڕازى بن. من ئەمجارەش کە جەنابى کاک مەسعودم بینى، ئەو نکۆڵى لەوە نییە، بەڵام ڕەنگە بەڕێوەبردنى گفتوگۆکان و باسکردنى ئەو مەسەلەیە، بە ڕێوشوێنێکى باش و دروس تدا نەڕۆیشتبێ، یانى ڕەنگە یەکتریان ناڕەحەت کردبێت، بەداخەوە کاردانەوە لاى کور کاریگەرى خۆى هەیە.

کاک نێچیرڤان بارزانى، کەسێکى گەشبین و نەرمونیانە، سەردانەکەى بۆ سلێمانى ئەنجامى باشى دەبێت.

ــ ئەمجارە بەو ڕێڕەوەى کە سەرۆک مەسعود بارزانى بە ڕاستى دەزانێت، پرۆسەى دیاریکردنى ناوى بەربژێرى پۆستى سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەچێت؟

فەریدون عەبدولقادر: من نازانم کات ماوە یان نا، وە مەسەلەکە چەند ئاڵۆزە لە بەغدا، هەموومان دەیبنین زۆر ئاسان نییە ئەو مەسەلەیە، بەڵام وام کاک مەسعود خوێندەوە، وە واشم کاک بافڵ خوێندۆتەوە، کە ئیمکانیەتى ئەوە هەیە لەسەر کاندیدێکى هاوبەش پێکبێن.

ــ بەدەر لەو دوو کاندیدەى کە لەسەرەتاوە ڕاگەیێندرا؟

فەریدون عەبدولقادر: من نازانم خوێندنەوەى عەقڵى هەردوولایەنم وا پێگەیشتووە.

ــ دەمەوێ کەمێک باسى ڕۆڵى کاک نێچیرڤان بارزانیم بۆ بکەى، بە درێژایى ئەم پرۆسەیە، هەڵشکان و داکشانى زۆر بوو، شەڕى مێدیایى هەبوو لە نێوان یەکێتى و پارتى دا، هێڵى تێگەیشتن و بیرکردنەوەى جیاواز دروست بوو لەناو حیزبەکاندا، چۆن چۆنى هەڵیدەسەنگێنى، ئەو ڕۆڵەى کە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بینیى لە ماوەى چەند مانگى ڕابردوودا؟

فەریدون عەبدولقادر: ڕاستییەک هەیە دەبێ باسى بکەین، ئێمە لە ناو یەکێتى نیشتیمانیى کوردستان دا من چەند کارم کردووە، ڕۆڵى مام جەلال بەردەوام سەرەکى و کاریگەر تربووە لە هەموو شتەکانى تر، وە لە ناو پارتیش دا وایە ڕۆڵى کاک مەسعود لە هەموو کەسێکى دیکە کاریگەر ترە. 

کاک نێچیرڤان بارزانى، هەڤاڵ و هاوڕێمە، وە دەمێکە بەیەکەوە ئاشناى یەکترین، من لە هەڵسوکەوتى ڕازیم لە مەجالى پەیوەندییەکاندا، وە جوان کار دەکات، میانڕەوە، دەتوانێ گوێ لەدەنگى جیاواز بگرێ و تێیبگات، لەبەر ئەوە هەمیشە ئەو جووڵانەى کاک نێچیرڤان بارزانى کردوویەتى، من لە شوێنى خۆمەوە دڵم پێى خۆشبووە، هەستمکردووە، کە باش دەجووڵێتەوە، وە لە کاتى گرفت و کێشەکاندا جمووڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکاندا دەتوانێ هەندێ دەروازەى چارەسەر بکاتەوە.

ــ ئەمڕۆ یەکێک دەبێت لەوجارانە، ئەمڕۆ پێشبینى دەکەى نێچیرڤان بارزانى، کە گەڕایەوە هەولێر بە چارەسەرەوە گەڕابێتەوە یاخود گرێ کوێرەکە هێشتا هەر لە شوێنى خۆیدا دەبێت؟

فەریدون عەبدولقادر: من ئەوەى بیناسم کەسێکى گەشبینە، کەسێکى نەرمونیانە، بەپێى ئەو ناسینەم دەبێ ئەنجامى باشى هەبێت، بەڵام ئەم شتانە جادوو نییە و زەمینەسازى دەوێ، دەبێ بە شوێن ئەوانەدا بڕۆین، کە هۆکارى ئەو ناکۆکیانە چییە، بەداخەوە یەکێکیان ئەوەیە، ئێمە فێر نەبووین گوێ لە یەکترى بگرین، فێر نەبووین مافى یەکتر باش بسەلمێنین، وە فێر نەبووین هەڵومەرجە بابەتییەکان و سەختى مەرجەکان تێبگەین، هەر کەسەو بە ئارەزووى خۆى تەمەنا دەکات، ئەوەش هەمووى نایەتەدى.

ــ کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى هەردوو حیزب چاوەڕوانکراوە، خەڵک چاوەڕێ دەکات، هەردوولاش باسى لێوەدەکەن، پێشبینى دەکەن ئەو زەمینەیە بە تەواوى سازکراوە بۆ ئەوەى لە چەند ڕۆژى داهاتوودا کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى هەردوو حیزب ببینین؟

فەریدون عەبدولقادر: من پێموایە دەرکرێ هەموو کات هەردوو مەکتەبى سیاسی کۆببنەوە، وە زەمینەش سازە، بەڵام ئەگەر باشتر زەمینەسازکەین بەوەى، یەکێکیان پەیوەندی بە کۆمەڵانى خەڵکەوە هەیە ئەم کێشانە، هەمووى پەیوەندى بە پارتى و یەکێتییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوە هەیە خەڵک لە باردۆخى خراپ دان، دۆزەکەمان لەبەردەمى مەترسى دایە، ڕەفتارەکانى کە هەمانە بەداخەوە لەئاستى پیرۆزیى دۆزەکەمان و خواستى خەڵکەکەماندا نییە.

ئێمە هەموومان ئامادەین بە ڕاست و چەپ دا بڕۆین بۆ تاران و ئەنقەرە و بەغدا و بۆ هەموو شوێنێک، بەڵام هەندێجار پێمان ستەمە بچین بۆ لاى یەکتریش، بە بۆچوونى من، کارى باشى سیاسییەکان، ئەوەى کاک نێچیرڤان بارزانى بیکات هەر کەسێکى دیکە، جێگەى دڵخۆشییە، بەڵام هونەرێکى گەورە نییە، سیاسى ئیشى خۆى ئەوەیە کارى باش بکات، بەڵام هەڵەى سیاسییەکان کارەساتێکى گەورەیە، هەڵەى ئەوانەى کارى گەورەى سیاسییان بەدەستەوەیە لەم وڵاتەدا، یان بەرپرسیارێتییان بەدەستەوەیە، ئەوە قابیلى پینەکردن نییە و شوێنەوارى خراپى دەبێت،  ئێمە دەبێت هەوڵبدەین هەموو ئەو برایانە لەو هەوڵانە دووربکەنەوە، دەبێ هەموان هەوڵبدەن کێشەکان چارەسەر بکەن، دەبێ هەوڵبدەن کێشەکان چارەسەر بکەن و قەوارەى هەرێم بپارێزن و ژیانى خەڵک دابین ببێت.

ــ کاک نێچیرڤان بارزانى، ئەمڕۆ پەیامێکى سەرۆک مەسعود بارزانى پێیە بۆ لایەنەکان، یان پەیامى لایەنەکان بۆ لاى کاک مەسعود بارزانى دەباتەوە؟

فەریدون عەبدولقادر: من بەش بە حاڵى خۆم نازانم چى پێیە، ئەوە پەیوەندی بە پارتى و پێکهاتەى پارتییەوە هەیە، بەڵام لا خۆم، پەیامى عەقڵى کاک مەسعود بارزانیم لایە و دەزانم بە ئاراستەیەکى باشدا دەڕوات.

کاک نێچیرڤان بارزانى، دەمێکە ئاشناى یەکترین، لە مەجالى پەیوەندییەکاندا جوان کار دەکات.

ــ ئەویش چییە؟

فەریدون عەبدولقادر: یەکێکیان خۆم پێشنیارم کردووە، کاک مەسعود زۆرى پێخۆشە، کە ئێمە بۆ پرسى چارەسەرکردنى بژێوى خەڵک و مووچە، وە گەشەپێدانى بارودۆخى ئابووریى خۆمان، هەموو داهاتەکانى کوردستان لە هەموو شوێنەکان بخەینە خەزینەى سندوقى حکوومەتى هاوبەشمانەوە، کە حکوومەتى هەرێمى کوردستانە، وە ئالیەتێکى شەفایش بدۆزینەوە بۆ چاودێرى ئەو کۆکردنەوەیە، لە هەمانکاتدا بە شێوەیەکى ڕێکوپێک، بە دادپەروەرانە ئەو داهاتانە دابەشبکرێ بۆ ژیان و گەشەپێدانى خەڵکى کوردستان و وڵاتەکەمان.

ــ کەوابوو ئەو بڕیارەى هەفتەى ڕابردوو دەرچوو، وە کۆتایی بەو گێلمە و کێشەیە هێنا کە لە سلێمانى مووچە درەنگ دەکەوت، بڕیارێکى سەرۆک مەسعود بارزانیشى لە پشتەوەیە، کە لەسەر پێشنیازى جەنابت بووە؟

فەریدون عەبدولقادر: بە بۆچوونى من ئەوە بڕیارى ئەوە، ناتوانم بڵێم بە تەنیا هى منە، من ئەو پێشنارەم کردووە، بەڵام هەستمکرد، ئەو عەقڵى خۆى ئامادەبوو بۆ ئەوە، وە ئەو کۆسپەکانى بۆ باسکردم، کە بۆیە نەچۆتەسەر.

ــ چى دیکە کە جەنابت دەڵێى لە سەرۆک مەسعود بارزانى تێگەیشتووم و خوێندوومەتەوە، ئەوە بابەتى مووچە و دابەشکردنى داهاتەکانت کرد، لەسەر سەرۆک کۆمار فەرمووت کە لەسەر کاندیدێک ڕێککەوتن دەخوێنێیتەوە، هەم لەلای سەرۆک بارزانى هەم لەلاى کاک بافڵ، سێیەمیان بابەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە، لەسەر ئەو بابەتە هیچ ئاسۆیەک دەبینى؟

فەریدون عەبدولقادر: ئیمکانیەتى ڕێککەوتن دەبینم.

ــ لەسەر بابەتى ڕۆڵ بینین لە نێوان لایەنە شیعییەکاندا، وەک چوارچێوەى هاوئاهەنگى، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاسۆى هەڵوێستى یەکێتى و پارتى دا؟

فەریدون عەبدولقادر: من ئەوەندە دەزانم لە هەموو پرسەکانى عێراق دا لەگەڵ کاک مەسعود هەر قسەکیمان کردووە و هاوڕابووینە، یانى هیچ جیاوازییەک نەبووە لە بۆچوونەکانمان.

ــ پارتى و یەکێتى با بڵێین دەبنەوە بە هاوپەیمانییەتێکى کوردستانى سەربەخۆ لەلایەنە عێراقییەکان؟

فەریدون عەبدولقادر: ئەگەر بەرژەوەندیى حیزبایەتى بەلاوەبنین، بەرژەوەندى میللەتەکەمان و نیشتیمانە خۆشەویستەکەمان لەسەرووى هەموو شتێک بگرن، بەڵێ دەکرێ.

ــ ئەوە بۆچوونى جەنابتە و سەرۆک بارزانیش هاوڕات بووە؟

فەریدون عەبدولقادر: بەڵى

ــ ئەمە ماناى ئەوەیە هاوپەیمانییەتى لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان هى هەردوو حیزب کاڵ دەبێتەوە.

فەریدون عەبدولقادر: من نازانم چۆن کاڵ دەبێتەوە، بەڵام ئاسۆیەک دەبینم کە دەتوانین لە یەک بگەین، وە دەتوانین باشتر سەیرى ئەوە بکەین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەین.

ــ دەبێ کاڵ ببێتەوە؟

فەریدون عەبدولقادر: نازام کاڵ دەبێتەوە یان تۆخ دەبێتەوە.

ــ بەڵام جەنابت لەگەڵ ئەوەدانى پارتى و یەکێتى بە جیا لە هاوپەیمانى دیکە دابن؟

فەریدون عەبدولقادر: ئەسڵەن من ئیدانەى ئەوە دەکەم، کە کورد و لایەنەکانى کورد بە درێژایى مێژوو، کێشە و گرفتەکانى خۆیان بە هێز و پیشتوانى دەرەکى لایەک بە لایەک بکەن، من ئەوە ئیدانە دەکەم.

س: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە