تورکیا: ئامادەکارییەکانى دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنە نوێیەکەى سەر باکوورى سووریا تەواوبووە شیکاری

نوچەنێت:

ڕۆژنامەى (جمهوریەت) بڵاویکردەوە، بەرپرسێکى باڵاى تورکیا بەبێ ئاشکراکردنى ناوى خۆى، بە ماڵپەڕى (Middle East Eye) بەریتانى ڕاگەیاندووە، "توركيا هەموو ئامادەکارییەکى بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنەكەى بۆ سەر باکوورى سووریا کردووە و هەفتەى ڕابردووش سەرۆک کۆمارى تورکیا باسى لە وردەکارییەکانى ئەو ئۆپراسیۆنە كردووە."

ئەو بەرپرسەى تورکیا ئاماژەوەى بەوەکردووە، "بە هۆى جەنگى ڕووسیا و ئۆکراینا، ماوەیەکى زۆرە ڕووسیا بەشێک لە سەربازەکانى لە سووریا کشاندۆتەوە، لەبەرامبەردا هێرشەکانى ئێمەش بۆ سەر یەپەگە و پەکەکە ئەنجامى باشى هەبووە."

سەبارەت بە وردەکارى زیاترى ئۆپراسیۆنەکە ئەو بەرپرسە جەختى لەوەکردەوە، "ئۆپراسیۆنەکە بۆ ماوەیەکى زۆر بەردەوام دەبێت، چونکە ئێمە لە بوونى پەکەکە لەسەر سنوورەکان زۆر نیگەرانین."

تورکیا لە (2016) ئۆپراسیۆنى قەڵغانى فورات و لە (2018) ئۆپراسیۆنى چلە زەیتوون و (2019) ئۆپراسیۆنى کانى ئاشتى بۆ سەر باکوورى سووریا ئەنجام داوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چەند رۆژى رابردوو ڕایگەیاند، "تورکیا ئۆپراسیۆنێکى نوێ بۆ سەر ناوى تەلرەفعەت و مەنبەج ئەنجام دەدات."

تورکیا لەسەر ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنە نوێیەکە پێشتر لە ميدیاکان باسی لەوەکردبوو، لە سنوورى باکوورى سووریا نزیکەى (100) جار بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر سەربازەکانمان، بەڵام بە بۆچوونى شارەزایان هۆكارێكى تر بۆ ئەم هێرشەكردنە هەيە، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگى تل رەفعەت، کە لە (80%)ى خاکەکەى ئاوە، بەوەش دەبێتە شوێنێکى ستراتیژى بۆ ئەو ناوچەیە و گەڕانەوەى هەندێ لە ئاوارە سوورییەکان و نیشتەجێکردنیان لەو ناوچەیە خێراتر دەکات.

ئەو بەرپرسەى تورکیا لە بەشێکى ترى قسەکانى جەختى لەوەشکردۆتەوە، "لە ئێستادا ڕووسیا هێزەکانى لە تەلرەفعەت کشاندۆتەوە، ئەگەرچى سووریا دەیەوێ ئەم ناوچەیە بخاتەوە ژێر دەسەڵاتى خۆى، بەڵام ئەم هەنگاوەى سووریا، تورکیا پەشیمان ناکاتەوە لەو ئۆپراسیۆنە، چونکە هەموو ئامادەکارییەکانى تەواوبووە و ئەنجامدانى لە ئانوساتدایە."

بەپێى ڕاپۆرتەکەى ئەم ماڵپەڕە، ئێرانییەکان زیاتر لە ڕووسیا بەرامبەر ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا نیگەرانن، چونکە چەندین ساڵە ئێران پشتیوانى لە چەندین گرووپ دەکات، کە پارێزگارى لە خاكى سووریا دەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین