گه‌شته‌كه‌ى پاپا فڕانسیس له‌ مێدیاكانى بیانیدا راپۆرت و شیکاری

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

له‌م راپۆرته‌دا به‌ كورتى باس له‌و رۆژنامه‌ و كه‌ناڵه‌ گرنگانه‌ى جیهان ده‌كرێت، كه‌ به‌دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى پاپا فڕانسیس بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كردووه‌. دیاره‌ ناكرێت ئاماژه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌ناڵانه‌ بكرێت، چونكه‌ وه‌ك له‌ راپۆرتێكى ترى "نوچه‌نێت" ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌ 330 ده‌زگاى راگه‌یاندن رووماڵى سه‌ردانه‌كه‌ى پاپایان كردووه‌.

واشنتن پۆست: پاپا به‌ سه‌نگینییه‌وه‌ قسه‌ى بۆ عێراقییه‌كان كرد

- ئیشان تاروور، گۆشەنووسی کاروباری نێودەوڵەتی لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، ڕۆژی هەشتی ئادار گۆشەیەکی نوێی خۆی لە ماڵپەڕی ئەو رۆژنامەیەدا بڵاوکردووەتەوە بەناونیشانی (سەنگی سیمبولیی سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق) کە تێیدا هاتووە "گەشبینییەک هەیە بەوەی سەردانەکە ببێتە سەرەتای ساتێکی جەوهەری تری ئاشتەوایی لە عێراق. پاپا کە قسە بۆ عێراقییەکان دەکات، بە سەنگێکی ئەخلاقیی ئەوتۆوە فەرمانیان پێدەکات، کە پێناچێ هیچ ڕابەرێکی عەلمانیی ڕۆژئاوایی بتوانێ هاوتای بێت، بە تایبەت ئەوانەیان کە لە مێژووی تازەدا تێوەگلاون لە سەرکێشییە خراپەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ".

 

نیویۆرك تایمز: مه‌سیحیه‌كان كه‌ هاتنه‌ هه‌ولێر ناگه‌ڕێنه‌وه‌ عێراق

- ماڵپەڕی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی حەوتی ئادار ڕاپۆرتێکی هاوبەشی جەیسن هۆرۆویتز (بەرپرسی نووسینگەی ڤاتیکانی ڕۆژنامەکە) و جان ئاراف (بەرپرسی نووسینگەی بەغدای ڕۆژنامەکە) ی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق بۆ ئەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ شیعەی عێراق پتەوبکات و دڵنەواییەکیشە بۆ مەسیحییەکانی عێراق کە بەهۆی ساڵانێک لە ململانێوە، بە هیلاکدا چوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستدا مەسیحییەکان ١٠٪ی دانیشتوانی عێراقیان پێکدەهێنا و ئێستا ئەوەندەیان زیاد نییە لە ١٪ی دانیشتووانی عێراق. ئاماژە بەوەش کراوە کە مەسیحییەکانی عێراق تا رادەیەکی زۆر هەولێری پایتەختی کوردی بە لانەیەکی ئارام دەبینن و زۆریان کە هاتوونەتە هەولێر ئیدی نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان. 
 

ئەسۆشیەیتده‌ پرێس: پاپا داواى كرد فره‌ره‌نگى عێراق بپارێزرێت

- ئاژانسی ئەسۆشیەیتدپرێس لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق، ڕۆژی پێنجی ئادار نووسیویەتی "پاپا فرانسیس لە یەکەم سەرداندا کە پاپایەک بۆ عێراقی ئەنجامدابێت، بەوە دەستیپێکرد کە تکای لەو وڵاتە کرد فرەڕەنگییە چەندین سەدەییەکەی خۆی بپارێزێت، هانی مسوڵمانەکانیشیدا کە دراوسێ مەسیحییەکانیان وەکوو گەوهەرێکی بەنرخ لە ئامێزبگرن، داوایشی لە مەسیحییە چواردەورەدراوەکان کرد، خۆڕاگر بن".

ئاژانسەکە دەڵێت لە عێراقدا پاپا بانگەوازی خۆی بۆ لەگەڵ یەکتر هەڵکردن لە وڵاتێکدا زەقکردەوە کە دەوڵەمەندە بە فرەجۆریی نەتەوەیی و ئایینی، بەڵام بە قووڵی دەناڵێنێت بەدەست زەبری ڕقەبەرایەتییەوە. لە ٢٠٠٣ و پەلاماری ئەمریکا بۆ ڕوخاندنی سەدام حوسێنەوە، عێراق گیرۆدەبووە بە توندوتیژیی تائیفییەوە لە نێوان مسوڵمانانی شیعە و سوننە، گرژی و پێکدادانی نێوان عەرەب و کورد، هەروەها کردەی چەکداریی دڵڕەقانە لە دژی پێكهاته‌كانى وەکو مەسیحی و ئێزدى

 

سى بى ئێس: هه‌زاران مه‌سیحى په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر هه‌رێمى كوردستان

- تەلەڤزیۆنی سی بی ئێسی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی کردووە سەبارەت بە سەردانی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم. تێیدا دەڵێت ئەمە یەکەمین سەردانی پاپایە بۆ کوردستانی عێراق و ئاماژەکراوە بەوەی هەزاران مەسیحی لە هەرێمەکە دەژین، کە بەشێکیان ئەوانەن کە پەنایان بردووەتە بەر هەرێمەکە، دوای ئەوەی داعش هەزاران کەسی کەمایەتییە ئایینییەکانی باکووری عێراقی قەتڵوعام کرد.
تێیدا میوانداری بەیان سامی عەبدولڕەحمان (بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن) کراوە بۆ وتووێژ لەبارەی گرنگیی سەردانەکەی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان. 


 

فرانس 24: هه‌ولێر بووه‌ته‌ په‌ناگه‌ى مه‌سیحییه‌كان

- فرانس٢٤ ڕاپۆرتێکی کردووە لەژێر ناونیشانی "لە هەولێر، هەزاران کەس ئامادەی گەورەترین کۆبوونەوە دەبن لە سەردانە مێژووییەکەی پاپا بۆ عێراق". ڕاپۆرتەکە بەمشێوەیە دەستپێدەکات "هەزاران کەس بەخێرهاتنی پاپا دەکەن لە یاریگایەکی وەرزشیدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە گردبووبوونەوە سەرەڕای ترسی ئەوەی ئەو بۆنەیە ببێتەهۆی بڵاوکردنەوەی خێرای کۆڤید١٩". ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەولێر بووەتە شوێنی پەنادانی زۆرێک لە مەسیحییەکان کە لە ساڵانی رابردوودا لە توندوتیژی هەڵاتبوون، لەوانە لەدەست توندوتیژییەکانی ٢٠١٤ی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی. لەبارەی ناوی یاریگاکەی هەولێریشەوە دەڵێت، بەناوی فرانسۆ هەریری ناوبراوە، کە سیاسەتوانێکی مەسیحی عێراقی بوو، ٢٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن توندڕەوەکانەوە تیرۆرکرا.


وۆڵ ستریت جۆڕناڵ: گه‌شته‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ى پاپا به‌رهه‌مدار بوو

-ماڵپەڕی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕاپۆرتێکی گشتگیری ئامادەکردووە لەبارەی گەشتی پاپا بۆ عێراق و کوردستان بەناونیشانی (بۆ پاپا، گەشتە پڕ مەترسییەکە، بەرهەمدار بوو) لە سەبتایتڵەکەشدا نووسراوە (پاپا پشتی مەسیحییەکانی گرت و پەیوەندیشی گرت لەگەڵ مسوڵمانانی زۆرینە). لەوەی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان ڕۆژنامەکە دەڵێت "ڕۆژی یەکشەممە، پاپا کە پەرۆش و ئارەزوومەندی ناو قەرەباڵخی و پەیوەندیگرتنە لەگەڵ باوەڕداران، ئەو ئۆتۆمۆبێلە گولـلەنەڕەی دەسەلادرانای عێراق بۆیان دابینکردبوو، گۆڕی بە ئۆتۆمۆبێلێکی سەربەتاڵ و کراوە کاتێک گەشتیکرد بەناو یاریگاکەی هەولێردا".

هەروەها ئەوەش هاتووە کە "کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی یەکشەممە لە هەولێر بوو، لە هەرێمی خۆڕێبەری کوردستان لە باکووری وڵات، ئەو هەرێمەی ئێستاش ملیۆنێک عێراقیی ئاوارەبوو تێێدا نیشتەجێن، سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دۆڕانی دەوڵەتی ئیسلامی، لەناو ئەو ئاوارانەشدا دەیان هەزار مەسیحی هەن، کە زۆربەیان لە هەولێر دەژین".

ڕۆژنامەکە دەڵێت (یوسف ماریب، کە مەسیحییە و لە موسڵ هەڵاتووە و ئێستا لە کوردستان ڕێستۆرانتی هەیە، خۆی و هاوسەر و دوو منداڵەکەی ئامادەی کۆبوونەوە جەماوەرییەکە بوون و وتی "لێرە بەخێرهاتنمان کراوە و حکومەتەکەی ئێرە یارمەتی داوین، بەڵام چارەسەری کۆتایی بۆ کێشەکانمان ئەوکاتە دەبێت کە دەگەڕێینەوە بۆ سەر خاکی خۆمان".


دەرەنجام:
میدیای جیهانی بە چڕی تیشکی خستووەتە سەر سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق، مەبەستی سەرەکیی سەردانەکە ئایینییە و بۆ پشتیوانیی مانەوەی مەسیحییەکانە لە عێراق، پاشان پەیوەندیگرتن لەگەڵ سەرکردە ئایینی و سیاسییەکان لە عێراق بۆ ئەوەی ئاگایان لە مافی مەسیحییەکان بێت، بۆ هەرێمی کوردستانیش جەند خاڵێکی ئەرێنی ڕەنگیانداوەتەوە، لەوانە؛ جەختکردنەوە لە ئارامیی کوردستان بە سەرنجدان لە کۆبوونەوەی جەماوەرییەکەی هەولێر، ئاماژەکردن بە پەنادانی مەسیحییەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە و جەختکردنەوە لە شوناسی فرەڕەنگیی عێراق.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین