ئەردۆغان و دۆستەكانى دوێنێى لە كێبڕکێدان بۆ بردنەوەى پۆستى سەرۆك كۆمار شیکاری

نوچەنێت:

تا ئێستا ناوى ئەو کاندیدەى لە هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوو رووبەڕووى رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا دەبێتەوە، يەكێكە لەو پرسە ديارانەى لەناوخۆى توركيا لەسەر ئاستى سياسى و جەماوەرى قسەى لەسەر دەكرێت.

لەگەڵ ئەوەى ئەگەر و پێشبينى زۆر هەيە كەمال كليچيدار ئۆغلۆ، سەرۆكى جەهەپە ببێتە ركابەرى ئەرۆدغان، بەڵام ناوى تريش دووبارە دەكرێتەوە.

ئەم دوو ناوە بەشێوەيەكى ناڕاستەوخۆ و چاوەڕواننەكراو هاتۆنە ناو چوارچێوەى پێشبينييەكان، كە لەسەر (پۆزيسيۆن) حيسابن، بەتايبەت لەدواى گۆڕينى سيستەمى پەرلەمانى بۆ سەرۆكايەتى دەستيان بە رووبەڕووبوونەوەى ئەردۆغان كرد.

لە چەند هەفتەى رابردوو، عەلى باباجان، سەرۆكى پارتى ديموكراسى و پێشكەوتن رايگەياند، "پارتەكەى بڕيارى داوە بە ناو و دروشمى تايبەت بەبێ چوونە ناو هيچ هاوپەيمانييەك بەشدارى هەڵبژاردنى داهاتوو بكات."

لە چەند رۆژى رابردووش ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆكى پارتى ئايندە رايگەياند، "ئەگەر هەيە لە لايەن شەش پارتەكەى ئۆپۆزيسيۆن بۆ هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوو كانديد بكرێت."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئۆغلۆ گوتى، "ئەو كاتەی پارتی ئایندەم راگەیاند  سەرجەم ئەندامانی پارتەكەم كاندید بوون بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، ئێستاش من كاندیدی سەرۆكایەتی كۆماری وڵاتەكەمم، بەڵام ئەگەر رێككەوتنێك لەنێوان لايەنەكان هەبێت ئێمە ئامادەين گفتوگۆى لەسەر بكەين."

هەريەك لە باباجان و داود ئۆغلۆ بەوە ناسراون پێشتر  هاورێى ئەردۆغان و  كۆڵەكەى سەرەكى ئاكپارتى بوون، كە تا ئێستا دەسەڵاتى بەرێوبردنى وڵاتى لە دەستە، بەڵام لە دواى ساڵى (2019) ئەو دوو هاوڕێيەى ئەردۆغان بوونە ئۆپۆزيسيۆنى، هەريەكەيان پارێكى بە ناو و دروشمى تايبەت دامەزراند، دواتر وردە وردە چونكە پاڵ مێزە شەش كەسيەكە، كە پارتە گەورەكانى ئۆپۆزيسيۆنى حكومەتى توركيا لە خۆ دەگرێت.

ئۆپۆزيسيۆنێك توندتر لە پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكان

لە سێ ساڵى رابردوو گۆڕانكارى بەسەر ئەو دوو كەسايەتييە هاتووە، رۆژانە باباجان و داود ئۆغلۆ لە لايەك رەخنەى توند لە ئەردۆغان دەگرن، لەلايەكى تريش رەخنە لە حكومەت و وەزيرەكانى دەگرن.

لەسەرەتا عەلى باباجان لەبرى سياسەت بايەخى زياتر بە ئابوورى دەدا، داود ئۆغلۆ هەوڵى دەدا فۆكەس بخاتە سەر كێشە سياسييە ناوخۆيى و دەرەكييەكانى وڵاتەكەى و پەيوەستكردنەوەى دوێنێ و ئەمڕۆ بە يەكترى.

لە چەند مانگى رابردوو تێبينى ئەوە دەكرێت، گوتارى ئەو دوو كەسايەتييە بەرانبەر ئەردۆغانى هاوڕێى پێشوويان توندتر بووە، گەيشتۆتە ئاستێك لە پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكانى پێشوو توندترن.

پاشخانەكانى پەيوەست بە هۆكارەكانى گۆڕانكارى گەورە لە ديدى ئەو دوو كەسايەتيە جۆراوجۆرن، لەگەڵ ئەوەى ساڵانێكى زۆر شانبەشانى ئەردۆغان كاريان كردووە، بەڵام پاڵنەرى خۆيان بۆ ئەو هەڵوێستە توندانەيان بەرانبەر ئەردۆغان هەيە.

هيشام گۆناى، لێكۆڵەرى سياسى توركيا پێيوايە باباجان و داود ئۆغلۆ بە خواستى خۆيان لە ئاكپارتى جيا نەبووينەوە، بەڵكو لەو پارتە دوور خرانەوە، ئەو ئاڕاستەشى لەدواى ساڵى (2019) گرتيانەبەر بە خواستى خۆيان نەبوو.

گۆناى لەبەشێكى ترى قسەكانى ئاماژە بەوە دەكات، "ئەو دوو كەسايەتييە لە ئەردۆغان توڕەن و تۆڵەى لێدەكەنەوە، لەلايەكى تريشەوە ئەوان زانياريان لەسەر هەندێك مامەڵەى پارتەكەيان لە ساڵانى پێشوو هەيە، چونكە داود ئۆغلۆ بەردەوام قسە لە بڵاوكردنەوەى ئەو زانيارييانە دەكات و هەڕەشەى ئەوە دەكات زانيارييەكان لە دەزگاكانى راگەياندن بڵاودەكاتەوە، بەڵام بەبێئەوەى ناوەڕۆكى زانيارييەكان باس بكات، بەڵكو تەنيا باس لەلايەنێكى ئەو قۆناغە دەكات كە خۆى تێيدا كارى كردووە."

داود ئۆغلۆ چەند پۆستێكى بڕيووە، سەرەتا راوێژكارى ئەردۆغان بوو، لە پۆستى سەرۆك وەزيران، پاشان بووە وەزيرى دەرەوە، لە (2014) بووە سەرۆك وەزيران و سەرۆكى ئاكپارتى.

عەلى باباجان كە ئەويش لە (2019) دەستى لە ئاكپارتى كێشايەوە، يەكێكە لە دامەزرێنەرانى ئەو پارتە لە (2001) لە ساڵى (2002) بووە ئەندام پەرلەمان لە بازنەى ئەنقەرە.

لە يەكەم حكومەتى ئاكپارتى لە ساڵى (2002) بووە وەزيرى دارايى، بچووكترين وەزيرى حكومەتەكە بوو، كە ئەو كاتە تەمەنى (35) بوو.

گۆناى لە بەشێكى ترى قسەكانى روونى دەكاتەوە، "جيابوونەوەى ئەو دوو كەسايەتييە دواى ئەوە بوو لەگەڵ ئەردۆغان گەيشتنە بنبەست، بەڵام باباجان رێگەكەى لە هەموو ئەوانەى بەشدار بوون لە دامەزراندنى ئاكپارتى جياكردەوە، كە لەو كاتەوەى لە پارتەكەى ئەربەكان جيابوونەوە هاوڕێ بوون."

ئەو لێكۆڵەرە توركە تيشك دەخاتە سەر ئەوەش، "لەدواى گۆڕينى سيستەمى توركيا بۆ سەرۆكايەتى داود ئۆغلۆ و باباجان پێگەيەكيان لە پێكهاتەى وەزارى ئەردۆغان نەبوو، چونكە ئەردۆغان ئەوانەى (100%) پۆستەكانى بەوان دا كە لەڕووى فيكرييەوە لێى نزيكبوون و هيچ رەخنەيەكيان لە بڕيارەكانى نەدەگرت."

گۆناى باس لەوەش دەكات، "كاروبارەكان لە دواى سيستەمى سەرۆكايى گۆڕان، دەسەڵات بە دەستى يەك كەس بوو، ئەو بڕيارى دەردەكرد و وەزيرەكان جێبەجێيان دەكرد، لەو سۆنگەيەوە پارتەكانى لێ جيابۆوە، هەڵوێستەكانى ئێستايان بەرانبەر ئەردۆغان و پارتەكەى لە هەستێكى تۆڵەكردنەوە و رێزنەگرتنى رابردوويان و تۆمەتباركردنيانە بە خيانەت سەرچاوەى گرتووە."

هۆكارە جۆراوجۆرەكان

موهەند حافز ئۆغلۆ، ئەكاديمى و لێكۆڵەرى سياسى پێيوايە، "ئەو رەخنانەى داود ئۆغلۆ و باباجان لە سياسەتە ناوخۆيى و دەرەكييەكانى ئەردۆغان دەيگرن، هۆكارى جۆراوجۆرى هەيە."

لە بەشێكى ترى قسەكانى حافز ئۆغلۆ روونيدەكاتەوە، "ئەو دوو كەسايەتييە هەوڵدەدەن خۆيان وا دەربخەن كە ئەوانن چارەسەرى ئەو كێشانە دەكەن كە هاووڵاتيان گيرۆدەى بوونە، بۆ نموونە پەيام بۆ ئۆپۆزيسيۆن دەنێرن يەكگرتوو بن و بەرەو قۆناغێكى نوێى ناوخۆى هەنگاو بنێنن، بەڵام  هۆكارى جيابوونەوە ململانێى شەخسى سياسى بوو."

لەبەشێكى ترى قسەكانى ئەو لێكۆڵەرە توركە رادەگەينێت، "ناردنى پەيام بۆ جەماوەر ناوەڕەكۆكەكەى ئەوەيە كە ئێمە دەزانين هەڵەكان و چارەسەرييەكان پێويستە لە كوێ بخرێتە روو، چونكە ئێمە پێشتر لە ناوەندى بڕيارى بووينە، ئەوەى ئێمە دەيزانين خەڵكانى تر نايزانن."

سەبارەت بەو هەوڵانەيان حافز ئۆغلۆ پێيوايە، بەهۆى نەبوونى پڕۆژەى كامڵ لێدوانەكانيان زياتر لە بانگەشەى حزبى و شەخسى نزيكترە، بەبێ هەبوونى پڕۆژيەك كە خرابێتە بەردەم جەماوەر."

بۆچى ئاماژەدان بە ململانێ؟

لەسەرەتاى ئەو مانگە نووسينگەى داواكارى گشتى لە دادگاى باڵا ژمارەى ئەندامانى پارتە سياسيەكانى نوێكردەوە، بەگوێرەى ژمارانەى لەسەر ماڵپەڕى فەرمى داواكارى گشتى بڵاوكرايتەوە، ئاكپارتى (11) مليۆن و (64) هەزار و (747) ئەندامى هەيە، جەهەپە مليۆنێك و (312) هەزار و (891) ئەندامى هەيە.

پارتى ئايندە ژمارەى ئەندامەكانى دەگاتە (45) هەزار و (682) ئەندامى هەيە، پارتى ديموكراسى و پێشكەوتن (102) هەزار و (896) ئەندامى هەيە.

سەبارەت بەو ژمارانە چاودێرانى دۆخى ناوخۆى توركيا پێيانوايە، پارتەكەى باباجان و داود ئۆغلۆ ناتوانن وەك ركابەرێكى ئەردۆغان بچنە ناو ئەو پڕۆسەيە، سەرەڕاى ئەوەش هەوڵدەدەن لەناو نەخشەى سياسى ناوخۆيى بەتايبەت لە پەرلەمان خۆيان وەك ركابەرى سياسى جێ بكەنەوە، چونكە ساڵى داهاتوو يەكەم هەڵبژاردنە پارتى ئايندە و ديموكراسى و پێشكەوتن بەشدار دەبن.

سەبارەت بە خۆ كانديدكردنيان، حافز ئۆغلۆ پێيوايە، لەوانەيە ئامانجيان لەم بەشدارييە فشار خستنە سەر پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكان بێت، كە هەوڵى دۆزينەوەى كانديدێك دەدەن."

پرسى كانديدكردنيش لەلايەن چەند سەركردەيەكى پارتەكانى تريش باس دەكرێت، هۆكارەكاشى دوو خاڵە:

يەكەم، رێكنەكەوتنە لەسەر كاندێك بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەردۆغان.

دووەم، لەپێناو چەسپاندى دەنگى هەڵبژاردنەكانى داهاتووە، ئەوەش هەوڵێكە بۆ سەرنەكەوتنى كاندى هاوپەيمانى گەل.

هەر سەبارەت بەو پرسە، فيراس ريزوان ئۆغلۆ، لێكۆڵەرى سياسى دەڵێت، "ئەو ئينشيقاقە حزبيانە پەيوەستە بە گەورەبوونى دەوڵەت لە كاروبارە سياسيەكان و گۆڕانكارى لە نەوەكان، حاڵەتى داود ئۆغلۆ و باباجان حاڵەتێكى جياواز نييە، بەڵكو ئينشيقاق لە جەهەپەش و پارتى چاكە و پارتەكانى ترى سەربە ئۆپۆزيسيۆنيش روويداوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین