ئیسرائیل و توركیا پەیوەندییەكانیان بەهێز دەكەنەوە شیکاری

نوچەنێت:

یائیر لابید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل  لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا كۆبوونەوە، لەو كۆبوونەوەدا گفتوگۆیان لەسەر چەندین تەوەرێک كرد.

رۆژی پێنجشەممە (23/حوزەیران 2022) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاویكردەوە یائیر لابید سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ مەولوود چاوش كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەکەدا چەند پرسێكی پەیوەست بە هەردوو وڵات گفتوگۆی لەسەر كرا، دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی تیشیكیان خستە سەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان.

سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوانیان، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، "گفتوگۆی ئەرێنی نێوان توركیا و ئیسرائیل پاڵنەر بوو بۆ ئەوەی هەنگاوی كردەیی بنێین، بەردەوامیش دەبین لە سەردانی دوولایەنە، لە ماوەیەكی نزیك لەسەر ئاستی باڵا سەردانی یەكتر دەكەین، چونكە راوێژی سیاسی و ناوچەیی دوولایەنە لەنێوان وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵات گرنگە، هەروەك هەردوولا دەستمان بە رێكارەكان كردووە بۆ ئەوەی باڵیۆزخانەكەمان بكەینەوە."

لە بەشێكی تری قسەكانی گوتی، "توركیا هاوكاری دۆسیەی ئەمنی ئیسرائیل دەكات، سەبارەت بە هەڕەشە تیرۆرستییەكان دژ بە هاووڵاتیانی ئیسرائیل لە توركیا، لەگەڵ لابید بەردەوام لە پەیوەندی بەهێز دابووین، بۆ ئەم مەبەستەش دەزگاکانمان دەستیان بە ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری كردووە، پێشتریش ئیسحاق هێرزۆغ، سەرۆكی ئیسرائیل لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە كردبوو."

سەبارەت بەو هەوڵانەی هەبوو بۆ هێرشكردنەسەر هاووڵاتیانی ئیسرائیلی لە توركیا، وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "دەزگا ئەمنییەكانمان بەردەوام لە پەیوەندی بەهێزدان، چونكە ناكرێت لە وڵاتەكەمان رێگە بە ئەنجامدانی ئەو جۆرە كارانە بدرێت، هەرگیز رێگە نادەین هیچ وڵاتێك لەناو وڵاتەكەمان تۆڵە لە نەیارەكانی بكاتەوە."

ئۆغلۆ سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی كرد لەبەرانبەر هاوكارییەكانی تەلئەبیب بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگری قوبرسی باكوور.

دەربارەی پرسی فەڵەستینیش وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، "ئیسرائیل هەڵوێستی ئێمە لەسەر ئەو پرسە دەزانێت، پێویستە هەموولایەك بە ئاشتی و سەقامگیری پابەند بن، زۆر بە هەستیاری هەنگاو بنێنن، بۆ ئەوەی زیان بە چارەنووسی ئاشتی و چارەسەری دروستكردنی دوو دەوڵەت نەگەینێت."

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیەدا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، "لە ساڵی رابردووەوە پەیوەندی نێوان توركیا و ئیسرائیل هەنگاوی گەورەی ناوە."

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆش دەستمان بە گفتوگۆمان کردووە بۆ گێڕانەوەی باڵیۆزی هەردوو وڵات، بەو هیوایەی لەم نزیكانە هەنگاوەكانی تەواو بكرێت."

لابید رووی لە وەزیری دەرەوەی توركیا كرد و گوتی،"هاوڕێم لە دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتی رەهەندی كەسی دەوری هەیە، كاركردن لەگەڵ تۆ خۆشحاڵم دەكات، ئەوەش بووە پاڵنەری بەرەو پێشچوونی بەهێزبوونەوەی پەیوەندی نێوانمان، سوپاسی خۆت و تیمەكەت دەكەم بۆ ریزگرتنی میوانداریتان."

دەربارەی توركیا ئاماژەی بەوە كرد، "توركیا شوێنی لەپێشنییە بۆ گەشتیارانی وڵاتەكەمان، هیواخوازم گەشتیارانمان لە داهاتووێكی نزیك بگەڕێنەوە بۆ بۆ توركیا، ئەوەی گرنگە لە چەند هەفتەی داهاتوو كۆتایی بەوە بێنین، كە لەسەردانت بۆ ئیسرائیل دەستمان پێكردووە دەستپێكردنەوەی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی ئیسرائیلە كە راستەوخۆ گەشت بۆ ئیستەنبۆڵ و كەناراوەكانی توركیا بكەن."

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رۆڵی توركیای لە پاراستنی گەشتیارانی ئیسرائیل لە ئیستەنبۆڵ بەرز نرخاند و سوپاسی حكومەتی توركیای كرد، كە گرنگی زۆریان بەو پرسەداوە، كە لەم ماوەیە بەرپرسانی هەردوو وڵات لە وەزارەتی دەرەوە و دەزگای ئاسایش و هەواڵگری و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بەهۆی مەترسی لەسەر گەشتیارانی ئیسرائیل لە پەیوەندی دابوون.

لابید ئاماژەی بەوە كرد، لە چەند هەفتەی رابردوو بەهۆی پەیوەندی ئەمنی و دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات تواندرا هاونیشتیمانیانی ئیسرائیلی دەرباز بكرێن.

لەكۆتایی ساڵی رابردوو توركیا بڕیاری دا پرۆسەى ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل خێراتر بكات، لەم چوارچێوەیە مانگی رابردوو وەزیری دەرەی توركیا دوای (15) ساڵ سەردانی تەلئەبیبی كرد، ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش لە دوای (16) ساڵ یەكەم سەردانە بۆ توركیا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین