نێچیرڤان بارزانى و كازمى له‌ هه‌وڵى سه‌رخستنى دیالۆگى نیشتمانیدان

شیكاریى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق هه‌شتى ئه‌م مانگه‌ دواى رۆیشتنى پاپا فرانسیس داواى گفتوگۆیه‌كى نیشتمانى و راشكاوانه‌ى كرد، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان یه‌كه‌م كه‌س بوو پشتیوانى له‌ داواكه‌ى كرد، دواى ئه‌و هێزه‌كانى كورد و سوننه‌ پاڵپشتى بوون، به‌ڵام له ‌لایه‌ن شیعه‌كان داواكه‌ى كازمى به‌ گه‌رمى پێشوازى لێنه‌كرا و به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌وته‌ به‌ر توانج و ره‌خنه‌وه‌.

 

میدیاى عه‌ره‌بى و عێراقى : نێچیرڤان بارزانى یه‌كه‌م پاڵپشتى پڕۆژه‌ى دیالۆگى نیشتمانییه

 

كازمى  هاتنى پاپا ده‌كاته‌ هه‌لێك بۆ ئاشته‌وایى

هه‌شتى ئه‌م مانگه‌ كاتێك پاپا فڕانسیس عێراقى جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ ڤاتیكان، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا باسى له‌وه‌ كرد، ده‌بێت لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان هاتنى پاپا بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئاشته‌وایى و ئاشتبوونه‌وه‌.

كازمى له‌ په‌یامه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "داوا له‌ لایه‌ن و حزبه‌ سیاسیه‌كانمان ده‌كه‌ین به‌رژوه‌ندى نیشتمانى زاڵ بكه‌ن و دووربن له‌ گوتارى گرژ وتۆمه‌تى سیاسى، تا كه‌شێك بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بڕه‌خسێ و ئومێدێك به‌ گه‌له‌كه‌مان بدرێته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمى كوردستانیش كازمى له‌ په‌یامه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "داواى گفتوگۆیه‌‌كى نیشتمانى راسته‌قینه‌ وقووڵ ده‌كه‌م، له‌سه‌ر ته‌واوى ئاسته‌ فه‌رمی وحزبى و جه‌ماوه‌رییه‌كان، بۆ گه‌یشتن به‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنێكى كۆتایى له‌ په‌یوه‌ندى نێوان حكومه‌تى فیدڕاڵى و هه‌رێمى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌ك یه‌كێتى خاكى عێراق بپارێزیت و چاره‌سه‌رى  ریشه‌یى كێشه بێت"‌.

نێچیرڤان بارزانى یه‌كه‌م كه‌سه‌ پاڵپشتى كازمى ده‌كات

چه‌ند كاتژمێرێك تێنه‌په‌ڕى كه‌ نێچیرڤان بارزانى له‌ توێتێكدا پاڵپشتى خۆى بۆ داواكه‌ى كازمى ده‌ربڕى و به‌مه‌یش وه‌ك میدیا عه‌ره‌بی و عێراقییه‌كان باسى ده‌كه‌ن، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان یه‌كه‌م كه‌س ده‌بێت كه‌ پاڵپشتى دیالۆگى نیشتمانى ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌كات.

ماڵپه‌ڕى ئیلاف باس له‌ هه‌ڵوێستى نێچیرڤان بارزانى ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌و یه‌كه‌م پاڵپشت بوو بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى كازمى له‌ پێناو ئه‌نجامدانى گفتوگۆیه‌كى نیشتمانى فراوان به‌ به‌شداربوونى لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆنیش".

ماڵپه‌ڕى "كاتبات"یش به‌ هه‌مان شێوه‌ نێچیرڤان بارزانى وه‌ك یه‌كه‌م پاڵپشتى كازمى و بیرۆكه‌ى دیالۆگى نیشتمانى وه‌سف ده‌كات.

هه‌ر هه‌ر دوو راپۆرته‌كه‌یش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن جگه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانى، مه‌سرور بارزانى و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كه‌ كێشه‌كانى عێراق و ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ ریشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

سوننه‌یش له‌گه‌ڵ كازمى و كورده‌

لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى سوننه‌ له‌وانه‌ هاوپه‌یمانى قیواى عێراقى كه‌ له‌لایه‌ن محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ به‌ره‌ى رزگارى و په‌ره‌پێدان كه‌ له‌ لایه‌ن ئوسامه‌ نوجه‌یفى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، به‌ جیا هه‌ر یه‌كه‌یان پاڵپشتى خۆیان بۆ داواكه‌ى كازمى ئه‌نجام دا. ته‌نانه‌ت به‌ره‌كه‌ى نوجه‌یفى باسى له‌وه‌ كرد چه‌ند رۆژێك پێشتر ئه‌وانیش داواى گفتوگۆیه‌كى نیشتمانیان كردووه‌.

لایه‌نه‌كانى شیعه‌ مه‌رجیان هه‌یه‌ و توانج له‌ كازمى ده‌ده‌ن

تاكه‌ لایه‌نێك كه‌ پاڵپشتى له‌ داواكه‌ى كازمى كردووه‌، عه‌ممار حه‌كیمى سه‌رۆكى ره‌وتى حیكمه‌یه‌ ئه‌وانى تر، به‌ تایبه‌تى هه‌ردوو لایه‌نى سه‌ره‌كى شیعه‌ سائیروون و فه‌تح كه‌وتوونه‌ته‌ بیانووگرتن و راشكاوانه‌ پالًپشتى له‌ داواكه‌ى كازمى ناكه‌ن.

حه‌یده‌ر جابرى گوته‌بێژى موقته‌دا سه‌در ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 10 ى ئادار له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند، موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در و پاڵپشتى هاوپه‌یمانى سائیروون پاڵپشتى داواكه‌ى كازمى ده‌كات، به‌ڵام به‌ مه‌رجى ئه‌وه‌ى گفتوگۆى نیشتمانى له‌ژێر چاودێرى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێوه‌ بچێت و دواتریش نابێت به‌عسى و "تیرۆریسته‌كان" به‌شدارى تێدا بكه‌ن.

دواى به‌دواى په‌یامه‌كه‌ى ره‌وتى سه‌در هاوپه‌یمانى فه‌تح هه‌ڵوێستى خۆى راگه‌یاند، هاوپه‌یمانى فه‌تح له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ پوخته‌یه‌كى له‌ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات داواى گفتوگۆى نیشتمان سوودێكى نییه‌، چونكه‌ هێشتا هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراقن و ئه‌م وڵاته‌ سه‌روه‌ریى ته‌واوى نییه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى فه‌تح هاتووه‌، "هه‌ر گفتوگۆیه‌كى نیشتمانى كه‌ڵكى نییه‌ به‌ر له‌ به‌ده‌ستهێنانى سه‌روه‌ریى ته‌واوى نیشتمانى و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى ته‌واوى هێزه‌ بیانییه‌كان".

دواتریش ده‌ڵێ، "باشتره‌ حكومه‌ت له‌م قۆناغه‌دا بیر له‌ پێشكه‌شكردنى چاره‌سه‌رى سه‌ركه‌وتووانه‌ بكاته‌وه‌ بۆ كێشه‌ ئابوورییه‌كان و گێرانه‌وه‌ى شكۆى ده‌وڵه‌ت، سه‌قامگیركردنى ئاسایش و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى بنه‌ڕه‌تى"

دواى مام جه‌لال تاڵه‌بانى هیچ گفتوگۆیه‌كى نیشتمانى سه‌رنه‌كه‌وتووه‌

كیفاح مه‌حمود نووسه‌ر و توێژه‌ر له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى "كتابات"ى عێراقى باسى له‌وه‌ كردووه‌ دواى نه‌مانى جه‌لال تاڵه‌بانى هیچ دیالۆگێكى نیشتمانى له‌ عێراق سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌. به‌ بڕواى كیفاح مه‌حمود كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ عێراق ئێستا دوو لایه‌ن هه‌یه‌ له‌ ململانێى یه‌كترن، یه‌كه‌میان لایه‌نى "ده‌وڵه‌ت" ئه‌ویتریش "ناده‌وڵه‌ته‌" كه‌ خۆى له‌ میلیشیاكان ده‌دۆزێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى كوردستانیش له‌سه‌ر بانگه‌وازه‌كه‌ى كازمى كیفاح مه‌حمود ده‌ڵێ، "داواكه‌ى كازمى له‌ كوردستان پێشوازییه‌كى گه‌وره‌ى لێكراوه‌".

سه‌باح ناهى و رائید عه‌زاوى كه‌ دوو مامۆستاى زانكۆ و توێژه‌رى سیاسیین له‌ راپۆرتى ماڵپه‌ڕى "كتابات" به‌ ئه‌رێنى باس له‌ داواكه‌ى كازمى ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن داواكه‌ى راستگۆیانه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیه‌كى مێژوویى.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین